زیندانی سیاسی نەخۆش شاکیر توران کە لە زیندانی جۆری ئێڵی ئەرزینگان رادەگیرا، بەپێی پشکنینەکان دەرکەوتبوو کە تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بووە و بەهۆیەوە لەماوەی ٤ مانگدا ٢٣ کیلۆگرام لە کێشی دابەزیبوو. بە بانگەشەی ئەوەی هاوکاری رێکخستنی کردووە، سزای شەش ساڵ زیندان بە سەر تورانی تەمەن ٧٠ ساڵدا سەپێنرابوو. توران کە لە نەخۆشخانەی فێرکاری و توێژینەوەی ئەرزینگان چارەسەری بۆ دەکرا، ئەمڕۆ ژیانی لەدەستدا.
ماوەی هەفتەیەک بوو توران لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدابوو، بەڵام لەو ماوەیەدا بنەماڵەکەی ئاگادار نەکرابوونەوە. کوڕی توران بە ناوی عەبدولرەحمان توران ئاشکرای کرد کە زیندانیان ئاگاداریان کردوونەوە، بەو هۆیەشەوە لە ٢٥ی ئابدا چووەتە ئەرزینگان بەڵام رێگەی پێنەدراوە چاوی بە باوکی بکەوێت.
عەبدولرەحمان توران وتی، هەوڵیانداوە کە لە نەخۆشخانەی ئەرزینگان لە رێگەی پزیشکەکانەوە زانیاری وەربگرن، بەڵام کەس زانیاری پێنەداون. ئاشکراشی کرد لە ئەنجامی هەوڵەکانی پارێزەران لە ٢٨ی ئابدا توانیویەتی چاوی بە باوکی بکەوێت. کاتێک خرایە زیندانەوە کێشی ٧٥ کیلۆگرام بوو، بەڵام کاتێک لە نەخۆشخانە بینیویەتی کێشی بۆ ٤٠ کیلۆ دابەزیوە، نەیدەتوانی بە رێگادا بڕوات و بە ئاستەم دەیتوانی قسە بکات. "نەیدەتوانی پێداویستی و کارە کەسیەکانی رایی بکات. رێگەشیان نەدا کە وەک هاوەڵی نەخۆش لەگەڵیدا بین".
توران ئەوەی خستەڕوو، کە باوکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٧:٣٠ ژیانی لەدەستداوە و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "لە کۆتا دیداردا من و باوکم ماڵئاواییمان لە یەک کرد. لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەکەدا لە ناو ژوورێکی شێدار راگیرابوو. زۆر بە دژواری دەیتوانی قسە بکات. شوێنی مانەوەی زۆر نەگونجاو بوو. ٦-٧ سەرباز بە سەر سەرمانەوە وەستابوون. قاچەکانی وەک سەهۆڵ بوون. ویستم گۆرەوی بۆ لەپێ بکەم بەڵام رێگەیان پێنەدام، وەک ئەوەی باوکم هەر ئێستا هەڵبێت، بەو جۆرە بەسەر سەرمانەوە وەستابوون. باوکم یەک بە یەک ماڵئاوایی لێکردین. بە ئێمەی وت، "باش ئاگاداری خۆتان بن، یەکگرتوو بن. سەربەرزم و یەک هەنگاو پاشەکشەم نەکرد".
تەرمی توران گواسترایەوە بۆ بەشی توێکاری دەزگای پزیشکی داد لە ئەرزینگان و بڕیارە تەرمی ئەو زیندانییە سیاسیە لە ناوچەی ستەوری مێردین بەخاکبسپێردرێت.
هـ . ب