زیندانییە چالاکوانەکان سزا دەدەن

کەنعان کارا ئەندامی کۆمسیۆنی چاودێریکردنی زیندانیان لە رێکخراوی توهای دەر رایگەیاند، سەپاندنی سزای دیسیپلین و ژووری تاکە کەسی لە دژی چالاکوانە مانگرتووەکان زیاتر بووە.

کەنعان کارا ئەندامی کۆمسیۆنی چاودێرکردنی زیندانیان لە رێکخراوی کۆمەڵەى بنەماڵەى زیندانیان و دەستگیرکراوان (توهای دەر / TUHAY-DER) رایگەیاند، پەتای کۆرۆنا دەکرێت بە پاساو و سزای گۆشەگیرکردن لە هەموو زیندانەکاندا بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنن.

کەنعان کارا ئەندامی کۆمسیۆنی چاودێرکردنی زیندانیان لە رێکخراوی کۆمەڵەى بنەماڵەى زیندانیان و دەستگیرکراوان (توهای دەر / TUHAY-DER) لە وان لەبارەی بەردەوامیی چالاکیی مانگرتنی زیندانیان لە زیندانەکانی وان، ئەرزرۆم، ئاگری و موش و گوشاری سەر زیندانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

کارا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە دەنگی زیندانیان بگەیەنن، بەڵام رووبەڕووی گرفت و لەمپەری زۆر گەورە دەکرێنەوە. لە رێگەى چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان لەگەڵ زیندانیان بە شێوەیەکی سنووردار زانیاری لەبارەی دۆخی زیندانیانەوە بە دەست دەهێنن و وتی، "گوشارەکانی سەر ئێمە و توهای دەر لە وان تاوەکو سەرحەد بەردەوامیی هەیە. ئامانجمان ئەوەیە دەنگ و کێشەکانی زیندانیان بە رای گشتی بگەیەنین. ئەو زیندانیانە ٧ مانگە لە چالاکیی مانگرتندان و بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان هیچ هەنگاوێک نەراوە و ئەوەش نیگەرانیی بۆ ئێمە دروستکردووە".

کارا رایگەیاند، چالاکیی مانگرتن بابەتێک نییە، کە تەنها پەیوەندیی بە زیندانیانەوە هەبێت، بەڵکو راستەوخۆش پەیوەندیی بە کۆمەڵگەوە هەیە. دەبێت هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە پشتیوانی لە دەنگ و داوای زیندانیانی مانگرتو بکەن.

کارا رایگەیاند، بە تایبەتی بە پاساوی پەتای کۆرۆنا لە هەموو زیندانەکاندا گۆشەگیری و دابڕاندن بەسەر زیندانیاندا دەسەپێنرێت و وتی، "ئەو زیندانیانەى چالاکیی مانگرتن ئەنجام دەدەن سزای دیسیپلین و گۆشەگیرییان بەسەردا دەسەپێنرێت. لە هەموو مافەکانیان بێبەش دەکرێن. دەبێت داوای رەوای زیندانیان قبوڵ بکرێت".

ژ.ت