زیندانیی سیاسی کایت بەی کە ئەشکەنجەکرابوو رێگا نادەن چارەسەریی بۆ بکرێت

مزگین کایت بەی زیندانیی سیاسی رێگا نادرێت چارەسەریی بۆ بکرێت لە زیندانی جۆری ئێڵ لە پاتنۆس لە هەفتەى رابردوودا لەلایەن ٣٠ پاسەوانەوە هێرشکرابووە سەری و ئەشکەنجە کرابوو. کایت بەی رایگەیاند، لە ژیانی خۆی نیگەرانە و داوای هەستیاریی کرد.

مزگین کایت بەی لە زیندانی جۆری ئێڵ لە پاتنۆس زیندانیکراوە. هەفتەى رابردوو و لە کاتی بردنیدا بۆ دادگا لەلایەن ٣٠ پاسەوانی نیری زیندانەکەوە سەرەتا بە قسە پێوتن و دواتر بە لێدان هێرشیان کردبووە سەری و ئەشکەنجەیان کردبوو.

کات بەی بەهۆی ئەو لێدانانەى لە کاتی ئەشکەنجەکەدا بەریکەوتبوون لەسەر هۆشی خۆی چوو و بورایەوە و دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانە کایت بەی خرایە ژێر چارەسەری، بەڵام رێگایان نەدا چارەسەرییەکەی وەربگرێت و بردیانەوە بۆ زیندان.

بنەماڵەى کایت بەی لەوبارەیەوە رایگەیاند، دۆخی کچەکەیان باش نییە و بۆ پشتیوانی و هاوکاریی یاسای سەردانی لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە)یان لە ئیستەنبول کردووە.

کایت بەی سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و دۆسیەکەى لە دادگای تێهەڵچوونەوەدایە. کات بەی بەهۆی ئەو زەربانەى لە کاتی ئەشکەنجەکردنەکەیدا لەهەفتەى رابردوودا لێیدرابوو نەیتوانی بڕوات بۆ دادگا. بەهۆی ئەشکەنجەکەوە دانیشتنەکەى دادگا دواخرا بۆ مانگی ئەیلول.

کایت بەی لە دوای ئەوەى ئەشکەنجەکرا لە یەکەم پەیوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەى پێی رایگەیاندن، لەلایەن ٣٠ پاسەوانی نێرەوە ئەشکەنجە کراوە و دۆخی باش نییە و پێش ئەوەى چارەسەریی بۆ بکرێت بە خێرایی گەڕاندویانەتەوە بۆ زیندان و رێگایان نەداوە چارەسەری وەربگرێت.

کایت بەی رایگەیاند، تەنها ئەو ئەشکەنجە ناکرێت، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی ئەشکەنجە دەکرێن، بۆیە داوای لە رای گشتی کرد هۆشیار و هەستیار بن لەبارەی دۆخی و ژیان و چارەنووسی زیندانیانی سیاسییەوە.

ژ.ت