ئاسایش لە کەلار هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ٣ خۆپیشاندەریان بریندار کرد

هاووڵاتییان لە کەلار بۆ ئیدانەکردنى داخستنى بارەگای تەڤگەری ئازادی هەوڵدرا خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە رێگرییان لێکرا. بەهۆی هێرشی هێزەکانى ئاسایشەوە ئاڵۆزی روویدا و هێزەکانى ئاسایش ٣ کەسیان بریندار کرد.

جەماوەرێکى گەورەی هاووڵاتییان لە دژی داخستنى بارەگای تەڤگەری ئازادی لە کەلار هەوڵیاندا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن هێزەکانى ئاسایشی حکومەتى باشوروی کوردستانەوە رێگایان پێنەدرا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و بەو هۆیەوە ئاڵۆزی و گرژی دروستبوو.

ئەندامانى تەڤگەری ئازادی سەرباری هەموو گوشار و رێگرییەکانى ئاسایش هەوڵیاندا بڕیارى داخستنى بارەگای تەڤگەر ئیدانە بکەن و لەبەردەم بارەگای داخراوى تەڤگەردا چالاکی بۆ ئیدانەکردنى بڕیارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام هێزەکانى ئاسایش رێگایان پێنەدان و هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران.

لەو هێرشەى هێزەکانى ئاسایش دا بۆ سەر خۆپیشاندان ٣ ئەندامى تەڤگەری ئازادی بریندار بوون. ئەو ٣ هاووڵاتییە بریندارە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى کەلار.

ئەندامانى تەڤگەری ئازادی رایانگەیاند، پێداگرن لەسەر ئەوەى چالاکییەکەیان لە دژی ئەو بڕیارە و لە دژی داخستنى بارەگانیان ئەنجام بدەن. هاوکات هێزەکانى ئاسایش ئەو شوێنەیان گەمارۆداوە، کە هاووڵاتییان دەیانەوێت ناڕەزایەتیى تیادا دەرببڕن.

ر.م