ئاسایشی ئێزدخان لە بارەی رووداوەکەی دوێنێی شەنگال لێدوانێکی بڵاو کردەوە

ئاسایشی ئێزدخان لە بارەی رووداوەکەی دوێنی شەنگال کە تێیدا ٢ هاوڵاتی لە پێکهاتەی عەرەب کوژران و بەمەش هەوڵ درا بۆ تێکدانی بارودۆخی ناوچەکە، لێدوانیکی بڵاو کردەوە.

لە لێدوانەکەی ئاسایشی ئێزدخاندا هاتووە:

"بەر لە هەموو شتێک ئێمە ئەو هێرشەی دوێنێی سەر رێگای شەنگال و ناحیەی تلیزێر ئیدانە دەکەین کە لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی لە عەشیرەتی شەمر بە ناوەکانی ساعود مناوەر و حەماد دەلیل لە لایەن چەند کەسێکی چەکدارەوە کوژران. سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستە خانەوادەکانیان دەکەین. ئەو چەکدارانە هیچ پەیوەندیەکیان بە هێزەکانی ئێمەوە نیە و کارمەندی ئاسایشییش نین. لەسەر رووداوەکە ٤ کەس دەستگیر کراون و لە ئێستادا لە دەست هێزە ئەمنیەکانی عێراقدان. ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین کە ئەو کەسانە (بکوژەکان) دادگایی بکرێن و سزا بدرێن."

دوێنێ لەسەر رێگای شەنگال و ناحیەی تلیزێر ٢ کەس لە پێکهاتەی عەرەب لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرابوون. دوابەدوای رووداوەکە هێزە ئەمنیەکانی عێراق ٤ کەسی گومانلێکراویان دەستگیر کرد و ئیدیعای ئەوە کرا کە بکوژەکان جلی ئاسایشی ئێزدخانیان لەبەر بووە.

ز.ش