ئاسایشی پارتی ئەیوب خەلیل چالاکوانى قەڵغانی مرۆیى ئەشکەنجە دەدات

ئەیوب خەلیل ئەندامی چالاکیى قەڵغانی مرۆیی دژ بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، کە ئێستا لە ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە مەسیف دەستگیرکراوە، ئەشکەنجە دەکرێت.

ئەیوب خەلیل هاووڵاتیی کەرکووک و ئەندام لە هێزەکانی پێشمەرگە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لەگەڵ هاوڕێکانی لە ناوچەی برادۆست خۆیان کردبوو قەڵغانی مرۆیى، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کەرکووک لە ٧ی ئەم مانگەدا لە سیدەکان لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستگیر دەکرێت.

ئەیوب خەلیل چالاکوانى قەڵغانی مرۆیى لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە بە تۆمەتی دژایەتیکردنی دەوڵەت تورک و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەستگیرکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی چالاکوانانی قەڵغانی مرۆیى، لە ئێستادا ئەیوب خەلیل گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشی مەسیف سەر بە پارێزگای هەولێر. لە زینداندا ئاسایشی پارتی بە شێوازێکى دڕندانە ئەشکەنجەی ئەیوب خەلیل دەدات و ڕێگا نادەن دایکی و باوكی ئەیوب چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت.

باهۆز جودی ئەندامی چالاکیى قەڵغانی زیندوو ڕایگەیاند "مەبەستی دەستگیرکردنی ئەندامەکەمان لە لایەن ئاسایشی پارتی بۆ چاوترساندنی ئێمەیە بۆ ئەوەی دەست لە چالاکیی قەڵغانی مرۆیی هەڵگرین، بەڵام ئێمە ڕایدەگەیەنین ئێمە چۆکمان بۆ ئەشکەنەجە و زیندانی ڕژێمی بەعس دانەدا چۆکیش بۆ پارتی دا نادەین".

باهۆز جودی ڕاشیگەیاند "پارتی بەم شێوە کارانەی ئامانجی ئەوەیە ئێمە لە ناوچەکە دووربخاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ڕێگا بۆ تورک خۆش بکەن بۆ ئەوەی باشووری کوردستان داگیر بکەن".

ر.م