ئاوارەکانی عەفرین لە شێراوا داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیان رسوا کرد

هاوڵاتییان عەفرین کە بە هۆی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە، بە ناچاری ئاوارەی شێراوا و شەهبا بوون، داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەت بۆ سەر عەفرینیان بە رێپێوانێک رسواو شەرمەزار کرد.

رێپێوانەکە بە پێشەنەگی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک بەڕێوە چوو.

هاوڵاتییان سەرەتا لە گوندی زیارەت کۆ بوونەوە و دواتر بەرەو کەمپی 'گەڕانەوە' بەڕێکەوتن. لە رێپێوانەکەدا پانکاریتی 'وا ئێمە دێین ئەی عەفرین، بە رۆحی خۆڕاگری، داگیرکەری لەناو دەبەین' و 'بە رۆحی خۆڕاگریی سەردەم و شکۆوە، دەگەڕێینەوە عەفرین' بەرز کرانەوە.

لە کەمپی گەڕانەوە چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستی پێکرد و دواتر بە ناوی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانەوە باوکی شەهید مەحسوم رەجەب مستەفا و لەسەر ناوی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک شیرین قاسۆ و لەسەر ناوی ئەنجومەنی شەهبا عبدۆ ئەلئەحمەد و لەسەر ناوی ریشسپییانی عەفرینیش خەلیل رەشۆ قسەی کرد. لە چوارچێوەی قسەکاندا شەهیدانی ریگای ئازادی بەبیر هێنرانەوە و سەرەخۆشیش ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان کرا.

لە بەردەوامی قسەکاندا باس لە کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد کرا لە مێژوودا و بەبیر خرایەوە کە ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە عەفرین کراون، یەکەمین کۆمەڵکوژی نەبوون. هەروەها باسیش لەوە کرا، لەگەڵ ئەوە هەڵومەرجە نالەبارەی ئاوارەیی، بەڵام هاوڵاتییان لە خۆڕاگریدان.

دوای قسەکانیش، گردبوونەوەکە بە وتنی شیعر دایکی شەهیدان کۆتایی پێهات.

ز.ش