ئاپێ موسا لە شوێنی تیرۆرکردنەکەیدا یادی کرایەوە

موسا عەنتەر (ئاپێ موسا) رۆشنبیر و نووسەری کورد لە گەڕەکی سەیران تەپەى ئامەد ٢٨ ساڵ لەوە پێش لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تیرۆرکرا و ئەمساڵیش هەر لە شوێنی تیرۆرکردنەکەیدا یادی کرایەوە.

ئاپێ موسا ٢٨ ساڵ لەوە پێش لە ٢٠ی ئەیلولی ١٩٩٢دا لەلایەن دەزگای تاوانکاریی دەوڵەتى تورک (ژیتەم)ەوە لە گەڕەکی سەیران تەپەى ئامەد تیرۆر کرا.

عەنتەر لەو شەقامەدا، کە کرایە ئامانج و تیرۆ کرا، یادی کرایەوە. مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری هەدەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەدەپە، سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات، عایشە گیونەی وتەبیژی پلاتفۆرمی رۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا و دیجلە عەنتەری کوڕی موسا عەنتەر و ژمارەیەک زۆر لە کەسایەتییەکان بەشداری مەراسیمی بەرزراگرتنی یادی موسا عەنتەر بوون.

سەردار ئاڵتان لە کاتی یادکردنەوەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند، خۆشەویستان و شەیدایان و شاگردەکانی ئاپێ موسا ئەویان بە تەنها بە جێنەهێشت.

عایشە گیونەى باسی ئەوەیکرد، ئاپێ موسا نەک تەنها بۆ چاپەمەنیی ئازاد و چاپەمەنیی کورد، بەڵکو لە هەموو روویەکەوە بۆ تێکۆشانی گەلیش، بەڵکو بۆ هەموو کەس و رۆژنامەنووسانی ژنیش بووەتە هێمای ئازایەتی.

عایشە گیونەی باسی ئەوەشیکرد "ئێمەی رۆژنامەنووسانی ژن لەسەر رێگای راستیی موسا عەنتەر رێدەکەین، بە قەڵەمەکەمان، بە مورەکەب و نووسینەکانمان بەو رێگایەدا دەڕۆین".

دیجلە عەنتەر کوڕی موسا عەنتەر رایگەیاند، قەڵەمەکەى باوکی بۆ یەک ساتیش لەسەر زەوی نەمایەوە.

مەراڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەى بەوەکرد، سەرباری ئەوەى ژیتەم دانی بەوەدا ناو دەیوت 'ئێمە ئەو کارەمان کردووە' بەڵام ئەوە ٢٨ ساڵە بکوژەکانی نەدۆزراونەتەوە.

مەراڵ دانش بەشتاش ئەوەشی وت "هاوڕێ رۆژنامەنووسەکانی موسا عەنتەر لەسەر رێگای ئەو و درێژە بە رێگاکەى دەدەن و داهاتومان رووناک دەکەنەوە".

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، بەشداربوانی یادەکە گوڵیان لەسەر ئەو شوێنە دانا، کە موسا عەنتەری تیادا تیرۆر کرابوو.

ژ.ت