ئاکەپە لە ئێستاوە لە وان دەستى بە ئامادەکاری بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کردووە

دەستەى ناوەندى هەڵبژاردنى پارێزگاى وان لە باکوورى کوردستان بەرپرسانى ئاکەپە، قەیوم، جەردەوان و سەربازانی بۆ دانراوە و ئەو دەستەیە بڕیاریدا، سندوقەکانى دوو ناوچە رادەستى جەردەوانەکان بکات.

دەستەى ناوەندى هەڵبژاردنى پارێزگاى وان لە باکوورى کوردستان بەرپرسانى ئاکەپە، قەیوم، جەردەوان و سەربازانی بۆ دانراوە و ئەو دەستەیە بڕیاریدا، سندوقەکانى دوو ناوچە رادەستى جەردەوانەکان بکات.

ئاکەپە وەک پیشەى هەموو جارێکی، ئەمجارەش بۆ هەڵبژاردنى گشتیى ٢٤ى حوزەیران دەستیکردووە بە ئەنجامدانى فرتوفێڵ و دەیەوێت بە ساختەکارییەوە ئامادەکارى بۆ هەلبژاردن بکات. لەزگین بۆتان پەرلەمانتاری هەدەپەى وان و بایرام کاڤاڵ-ی یاساناس لەبارەى دەستوەردان لە هەڵبژاردنەدا هۆشیارییاندا.

کارى هەڵبژاردن لە وان و ناوچەکانى لەلایەن پارێزگاری وانەوە، کە وەک سەرۆکی ئاکەپە لە وان دەجوڵێتەوە، دەیەوێت بە هەندێک بڕیار و دروستکردنى چەند گروپێک دەستوەردان لە هەڵبژاردندا بکات. بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشى وان بە پاساوى دابینکردنى ئاسایشی هەڵبژاردن ناوەندى گشتیى هەڵبژاردنى دامەزراند. پارێزگاری وان هەڵبژاردنەکە لەو ناوەندەوە بەڕێوەدەبات.

لەو ناوەندەدا بەرپرسانى ئاکەپە، قەیومەکان، جەردەوانان و سەربازان بۆ کارى هەڵبژاردن دانراون. ناوەندەکە لە یەکەم کاریدا بڕیاریدا سندوقەکانى هەڵبژاردن لە قەزاکانى شاخ و پایزئاواى وان ڕادەستى جەردەوانەکان بکات. پارێزگارە تورکەکەى وانیش بڕیاریدا، هەر جۆرە چالاکی و خۆپیشاندانێک تاوەکو دواى هەڵبژاردن لە پارێزگاى وان قەدەغەیە.

هەموو جۆرە فێڵێکیان گرتووەتەبەر

لەزگین بۆتان پەرلەمانتارى هەدەپە لە شاری وان لەو بارەیەوە نیگەرانى خۆى خستەڕوو و رایگەیاند، ئەو ناوەندە دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو جۆرە فێڵێک بەکاربهێنێت، بەڵام ئەگەر ڕێوشوێنى پێویست بگیرێتە بەر ئەوا دەکرێت پێش لە فێڵکردنەکانیان بگیرێت.

لەزگین بۆتان راشیگەیاند "بە گشتى دەنگى دەنگدەرانى وان روونە. ئاکەپە بە گشتى لە پارێزگاى واندا ١٠٠ هەزار دەنگى هەیە و ئیمەش ٣٧٥ هەزار دەنگمان هەیە. بێگومان گۆڕین و ئاڵوگۆڕکردنی ئەو هەموو دەنگە ئەستەمە".

ئەگەر سندوقەکان بخەنە ناو تانکەکانیش...!

بۆتان لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "ئەگەر سندوقەکانیش بخەنە ناو تانکەکان، هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنن. لە شارە کوردییەکاندا هەموو کاتێک هێزە چەکدارەکانى دەوڵەت لەسەر سندوقەکان بوون. هەوڵ دەدەن بارێکى دەروونیى لەو جۆرە دروست بکەن، کە دەتوانن دەستکاریى دەنگەکان بکەن. بۆ ئەوەش ئێستا دەیانەوێت ئەو فرتوفێڵانەیان بە یاسایى بکەن و هەندێک یاسا بۆ ئەنجامدانى ئەو فێڵکردنانەیان دەربکەن".

هەڵبژاردن تێکۆشانە و ئێمەش خاوەنداریى دەکەین

لەزگین بۆتان ئەوەى بە بیرهێنایەوە "هەوڵ دەدەن بە ئۆپراسیۆنى خڵەتێنەرانە هەڵبژاردن بە شتێکى ناهێژا و ناپێویست بە خەڵک نیشان بدەن، بەڵام ئێمە بەجۆرە بیرناکەینەوە و تاوەکو دوا ساتەکان خاوەندارى لە سندوقەکان دەکەین. با هاووڵاتیان وخێزانەکان سەردانى ناوەندەکانى تۆمارکردنى ناوەکانیان بکەن و بە ١٠ خولەک ناوەکانیان تۆمار بکەن، یان لە بوونى ناوەکانیان لە تۆمارەکەدا دڵنیا ببنەوە. گواستنەوەى سندوقەکان لە رێگەى جەردەوانانەوە بۆ گوندەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوان پێش لە کورد و دەنگى کورد بگرن. جیاوازیى ئێمە و ئەوان لەوەدایە، کە ئەوان دەترسن، بەڵام ئێمە بوێری و نەترسى دەدەین بە دەورووبەرەکەمان".

پارێزگار و دەستەى هەڵبژاردن بە میزاج بڕیار دەدەن

بایرام کاڤاڵ-ی یاساناس لەبارەى ئامادەکاریى ئاکەپە بۆ ساختەکاری وتى "ئەگەر بارودۆخى خراپیش لە گۆڕێ نەبێت پارێزگار و دەستەى هەڵبژاردنى شارەکە هەر دەتوانن بەشێوەى میزاج و بڕیار دەربکەن، یان سندوقەکان بکەن بە یەک یان سندوقەکان بگوێزنەوە بۆ شوێنى تر. دەبێت ئەو دۆخە بە ڕوونى بۆ راى گشتى و گەل ڕوون بکرێتەوە".