لە شارە گەورەکان و شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا ڕووداوی گەلەکۆمێی نەژادپەرستانی تورک ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن. بەم دواییانەدا لە ناوچەی چەرکەزکۆی-ی تەکیرداغ گەلەکۆمێ کرایە سەر ٣ گەنجی کورد. پەرلەمانتاری هەدەپەی سێرت سدیق تاش-یش لە هەژماری تویتەرەکەیدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبوەوە، کە لە ڤیدیۆکەدا گەلەکۆمێ لە گەنجێکی کورد دەکرێت. ڕاگەیاندرابوو، ئەو ڤیدیۆیە لە ئەدیرمە گیراوە.
'ئەردۆغان کورد دەکاتە ئامانج'
تاش ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەو ڕووداوانە هەمووی حکومەتە و وتی: "لە زمانی سەرۆک کۆمارەوەیە. سەرۆک کۆمار بە زمانێکی جیاکاری و توندوتیژ قسە دەکات و کورد دەکاتە ئامانج."
تاش باسی لەوەشکرد، هەندێک کەس بەپێی ئەو زمانە هەڵسوکەوت دەکەن و وتی، لەبەر ئەوەیە کورد ڕووبەڕووی هێرشی دەوروبەرەکەیان دەبنەوە. تاش ڕاشیگەیاند، بەتایبەت ئەو کوردانەی لە شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا کار دەکەن ڕووبەڕووی هێرشی لەوجۆرە دەبنەوە و وتی: "ئەو هێرشە فاشیستی و نەژادپەرستییەی دژی کورد، ماڵ و کارگەی کوردەکان دەکرێت، مایەی قبوڵکردن نییە." تاش ئەوەشی وت، بەردەوام دژی ئەو هێرشانە دەبن.
تاش ئەوەشی راگەیاند، سەرۆک کۆمار تەیب ئەردۆغان هەدەپە بە "تیرۆریست" ناودەهێنێت، وتی: "حکومەتی ئاکەپە لەسەر دوژمنایەتیی کورد وەستاوە. بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، گوتار لە جوغزی نەتەوەپەرستیی، نەژادپەرستیی و فاشیستیی دەخەنەڕوو، بەڵام حکومەتی ئاکەپە چەندە کورد دەکاتە ئامانج با بیکات، کاتەکەی بەسەرچووە. ڕژێمی تاکەکەسی مایەپووچ بووە. بۆ حەقیقەتی تورکیا نابێتە وەڵام. ناتوانن بەو عەقڵیەت و لۆژیکە تورکیا بەڕێوەببەن".
ژ.ت