ئاکەپەییەکان لە وان بەخێرایى برەو بە بەرتیلخۆری دەدەن

ئاکەپەییەکان لە وان لەگەڵ قەیومەکان بە بەرنامە و بە هەماهەنگی پێکەوە پێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەستیان بە جموجوڵ کردووە و بۆ ئەوەش دەستیان کردووە بە بەرتیلخۆری و تاڵانى و دزییەکى زۆر.

رێکخستنى ئاکەپە لە شاری وان لەگەڵ قەیومی ئەو شارەدا پلانی ئەوەیان هەیە پێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان قەرزێکى زۆر بخەنە سەر شانى هەدەپە و تاوەکو تاڵانى و گەندەڵی و بەرتیلخۆرییەکانى خۆیانى پێ زیاتر بکەن و لە دواى دۆڕاندنیشیان شارەوانى بە قەرزێکى زۆرەوە بەجێبهێڵن.

رێکخستنى ئاکەپە لە وان و قەیومی دەوڵەتى ئاکەپە لە ئێستاوە هەموو خانووەکانی شارەوانییان هەڕاج کردووە بۆ فرۆشتن. پلانی ئەوەشیان داناوە، ئۆتۆپارکە گەورە و چەند نهۆمییەکەی شاری وان، کە لە سەردەمى شارەوانیى دەبەپەدا دروستکرابوو بکەن بە کارگەیەک و بیفرۆشن. تا ئێستا دیار نییە ئۆتۆپارکەکە (گەراج و شوێنى وەستانى ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان) بە کێ دەفرۆشرێت.

موراد زۆرئۆغڵو والیى پارێزگاى وان، کە هاوکات قەیومی دانراوى دەوڵەتى تورکیایە بۆ داگیرکردنى شارەوانییەکەى دەبەپە وتویەتى "خۆ ئەوە مۆڵکى شارەوانییە، ئیتر بە دەستى خۆمە بیفرۆشم، یان نەیفرۆشم".

بینای خزمەتگوزاریى شارەوانییان دا بە سەرۆکى ئاکەپە لە وان

کەیهان تورکمەن ئۆغڵو سەرۆکی ئاکەپە لە وان سەرچاوەى داهاتی شارەوانیى ئیپەک کۆی بڕی. شارەوانیى ئیپەک کۆی بینایەکى خزمەتگوزاریى هەبوو و مانگانە ئەو بینانە ١٧٧ هەزا لیرە داهاتى بۆ شارەوانى هەبوو، بەڵام قەیومە داگیرکەرەکەى دەوڵەتى ئاکەپە بینای خزمەتگوزاریى ئەو شارەوانییە، کە لە سەردەمى دەبەپەدا کڕدرابوو لە چوارچێوەى بەرتیلخۆری و گەندەڵییەکى زۆر گەورەدا دای بە سەرۆکی ئاکەپە لە وان.

کامپی گوڵشەن-یان لە بینایەکى شارەوانیى دا بۆ ئاکەپە دروستکرد

گوڵشەن ئۆروهان یەکێک لە پەرلەمانتارەکانى ئاکەپە و یەکێک راوێژکارەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بینایەکى شارەوانیى گەورە شاری وانی داگیرکردووە و "کەمپی خوێندکارانى ژن"ی تیایدا دروستکردووە.

لەو کەمپەدا ٢٠ خوێندکار دەمێننەوە و بڕە پارەیەکی زۆریان لێوەردەگیرێت. گوڵشەن و بنەماڵەکەى بەوەوە نەوەستان و کوێستانى خانێ-یان لەسەر خۆشیان تاپۆ کردووە. ئەو کوێستانە شوێنێکى گشتی و شوێنى لەوەڕاندنى ئاژەڵی هاووڵاتییانى گوندی باخچەسەرا بوو.

ئەو راوێژکارەى ئەردۆغان بە پاساوی ئەوەى "زیان بە دارەکان گەیشتووە" بەپێى یاسای زیانبەرکەوتوانی دەوڵەت لە ٩٠ ساڵی رابردوودا خۆی قەرەبووکردووەتەوە و ٥ ملیۆن و ٧٢٠ هەزار لیرەى قەرەبووی وەرگرتووە. ئەوەش لەکاتێکدایە تەنانەت یەک داری ئەو کوێستانەش زیانى بەرنەکەوتووە و دارەکان هەموویان لە شوێنى خۆیاندان.

تەندەری دروستکردنى زیندانى جۆری تیى وان-یان بۆ خۆیان برد

تورکمەن ئۆغڵو و ئۆرهان لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١١ پەرلەمانتاری ئاکەپە بوون. ئەو ٢ کەسە تەندەری دروستکردنى زیندانى جۆری تی لە شاری وان، کرد بە ناوی خۆیانەوە و بە خێرایى و تەماحێکى زۆرەوە دەستیانکرد بە دروستکردنى ئەو زیندانە بۆ زیاتر زیندانیکردنی هاووڵاتییانى کورد.

دەزانن، کە دەدۆڕێن، بۆیە قەرزێکی زۆر دەخەنە سەر شارەوانی

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپە لە وان وتى، ئەو عەقڵییەتەى کە دەستی بەسەر شارەوانیى وان دا گرتووە و داگیرکردووە هەموو سەرچاوەکانى داهاتى گەلیان کردووە بەسەرچاوەى داهات بۆ خۆیان و لە رێگەى گەندەڵی و دزی و بەرتیلخۆرییەوە دەستیان بەسەردا گرتوون و لە نێوان خۆیان و لایەنگرانیاندا دابەشی دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارەى هەدەپە وتیشی "ئامانجیان روون و ئاشکرایە. ئەوان نە لەلایەن گەلەوە متمانەیان پێدراوە نە دەنگیان پێدراوە. ئەوان ئیرادەى گەلیان لە پشت نییە، بەڵکو بە پشتبەستن بە هێزی دەوڵەت بوون بەخاوەنی ئەو شتانە و دەستیان بەسەردا گرتوون و هەر چییەک دەبین دەستی بەسەردا دەگرن و تاڵانى دەکەن. تاوەکو زیاتریش لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان نزیک دەبینەوە زۆرتر دزی دەکەن و وەکو زەروو خوێنى گەل دەمژن، چونکە دەزانن لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا شکست دەهێنن بۆ ئەوەش دەیانەوێت شارەوانى بە قەرزێکى زۆرەوە بەجێبهیڵن".

ر.م