ئایدۆغدو: ئازادیی ئۆجالان ئامانجی هاوبەشە

ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیی "کەجەدە" ئایدۆغدو سەرنجی راکێشایە سەر پەیوەندی نێوان یەکێتیی نەتەوەیی کوردان و ئازادیی ئۆجالان و رایگەیاند "ئازادی ئۆجالان ئامانجی هاوبەشی کوردانە".

ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیی "کەجەدە" حیلمی ئایدۆغدو رایگەیاند "بۆئەوەی کورد لەم هەڵبژاردنەدا بەندی سەدا ١٠ تێنەپەڕێنێت، دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەهەوڵدان و دەستیان تێکەڵ کردووە"

وتیشی "ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی هەدەپە و هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و ئازادبوونی"

ئایدۆغدو روونیکردەوە "گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، گۆشەگیرییە لەسەر کوردان، ئامانجی تورکیاش لەناوبردنی کوردانە و بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت گەلی کورد بێ رێبەر بهێڵنەوە، لە نێوان ئازادی ئۆجالان و یەکێتیی نەتەوەیی کورداندا پەیوەندیەکی راستەخۆ هەیە، مومکینیش نیە ئەو گرێدانە لەیەکتر جیابکرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئێمە لە کوردستان باسی دەستکەوت و ئازادیەکان بکەین، دەبێت بزانین کە هەتا ریزدار ئۆجالان ئازاد نەبێت، باسی دەستکەوت و ئازادی مومکین نیە، ئەوەش تەنها کوردان ناگریتەوە، بەڵکو تەواوی هیزە دیموکراسیخوازەکان دەگرێتەوە، هەر بۆیەش کە لە کۆبوونەوەی کەجەدە و دەربارەی بریارەکانمان، ئازادی ریزدار ئۆجالان بریاری سەرەکییە، ئازادی بەریز ئۆجالان ئامانجی هاوبەشی هەموو کوردانە"

ئۆجالان دەناسن و لێی دەترسن

ئایدۆغدو رایگەیاند "ئەردۆگان لە دۆخێکی وەها بێسەروبەر و نارێکخراودا ناتوانێت شرۆڤەی پاشە ڕۆژ بکات و ئەوەی کە ئێستا پێوەی سەرقاڵە ئەوەیە کە چۆن لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام باش دەزانێت کە ئەگەر گۆشەگیریی سەر بەرێز ئۆجالان هەڵبگرێت، ئەوکات ئۆجالان دەرفەتی دەبێت کە دەست وەربداتە رەوشەکەو بە رامان و سیاسەتیی حەکیمانەی خۆی هێزە دیموکراسیخوازەکان لەدەوری یەکتر کۆبکاتەوە، ئەوکات کاریگەریان لەسەر دابنیت و تورکیایەکی دیموکراسیی بێنێتە ئاراوەو دەرگا  داخراوەکانی نیوان تورکیا جیهانی دەرەوە بکاتەوە، بۆیە ئاکەپە و دەسەلاتیداریەکەی لە کاریگەریی بەرێز ئۆجالان دەترسن"

بە تێکۆشانی رێکخستنەکان ئۆجالان ئازاد دەبیت

ئایدۆغدو روونیکردەوە "بۆئەوەی ئاکەپە ناجار بکرێت دەستبەرداریی سیاسەتیی ئینکاری کوردان ببێت، دەبێت کۆمەڵگا ئۆپۆزسیۆنێکی جددی درووست بکات کە خاوەنداریی لە رێبەرایەتیی بکات و بۆ ئازادی ئۆجالان خۆی رێک بخات و تێبکۆشێت، بەو شیوەیە دەتوانرێت رێبەرایەتیی لە زیندان رزگار بکرێت، هێزی سەرەکیی کە هەنگاوەکان بە دەسەڵاتداریی دەدات، وەلاخستنی تێکۆشانەکانی کۆمەڵگایە، پێویستە ئێمە ئەو راستییە باش بزانین کە هەتا گۆشەگیریی سەر بەرێز ئۆجالان بەردەوام بێت، ئازادیی کوردان زۆر زەحمەتە، بۆئەوەش ئێمە ئەو راستییە دەکەینە ناوەندی خەباتی خۆمان"

سی پی تی خزمەت بە تورکیا دەکات

دەربارەی راپۆرتی کۆمیتەی بەرگرتن بە ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسیی پەرلەمانی ئەوروپا 'سی پی تی'، ئایدۆغدو جەختی کردەوە کە دەبێت سی پی تی شەفافانە زانیاری سەر بەرێز ئۆجالان ئاشکرا بکات بۆ رای گشتیی و رایگەیاند "سی پی تی بە جددی کارەکانیان ناکەن، دەبیت بەپێی یاسا گەردونیەکانی مافی مرۆڤ بجوڵێنەوە، بەڵام ئەوەی کە سی پی تی دەیکات دوورە لە دیموکراسیەت و بەها گەردونیەکانی مرۆڤ، کارەکانی سی پی تی پاککردنەوەی تاوانی گۆشەگیریی تورکیایە لەسەر بەرێز ئۆجالان، کارەکانیان هەولێکە بۆئەوەی کە تاوانەکانی تورکیا لەلای رای گشتیی و کۆنەڵگەی نێودەوڵەتیی پەسەند بکات"

لە درێژەی قسەکانیدا، ئایدۆغدو وەبیری هێنایەوە کە ملیۆنان کورد رژانە سەر شەقامەکان و واژۆیان کۆکردەوە و مانیان لە خواردن گرت، هیچ کەسێک هەواڵێکی لە سەلامەتی بەرێز ئۆجالان نیە، رێگە بە پارێزەرو کەسوکارەکانی نادرێت بیبینن. جاربەجاریش دەنگۆی سەخت و ناخۆش دەربارەی سەلامەتی ژیانی بەرێز ئۆجالان بلاودەکەنەوە، ئەوەی کە دەبوایە لێکۆڵێنەوەی لەو دەنگۆیانە بکردایە سی پی تی بوو، بەڵام ئەو ئەرکەی جێ بەجی نەکرد.

ئایدۆغدو دەپرسێت "ئاخۆ سی پی تی لەگەڵ تورکیا رێککەوتنی هەیە؟" لەهەموو حاڵەتێکدا سی پی تی لەسەر ئەم مژارە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی دەکەوێت سەرشان لە رۆژهەڵاتی ناویندا و نیشانەی پرسیاریش لەسەر سەربەخۆبوونی دانراوە.

بۆئەوەی بەربەرستی سەدا ١٠ تێنەپەڕێنین هاوکاری یەکتریان کرد

ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیی حیلمی ئایدۆغدو لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند "ئەگەر رۆژی ٢٤ی حوزەیران دیکتاتۆریەت سەربکەوێت، خەونی چەند ساڵەی کوردان بۆ پاشەڕۆژی کوردستان لەناودەچن و هێزە دیموکراتیخوازەکانیش دەکەونە گێژاوەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و دەسەلاتدارانی تورکیا دەستیان تێکەڵ کردووە و هاوکاریی یەکتر دەکەن، دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بووە نەهێڵن کورد بەربەستی سەدا ١٠ تیبپەڕێنێت، دەبیت کوردانیش ئەو هاوکاریانە باش ببینن و بە رۆحێکی هەرەوەزیانەوە هەوڵ بدەن بۆ سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرکەوتنی هەدەپە لە هەلبژارندەکاندا بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی و ئازادی بەرێز ئۆجالان زۆر هەنگاوێکی زۆر گرنگە".