ئایدەنیز: تاوەکو گۆشەگیری هەبێت هیچ شتێک راست ناکرێتەوە

سالیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە رایگەیاند، تاوەکو گۆشەگیرکردن هەبێت لە دۆخی سیاسیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هیچ شتێک ناکەوێتە سەر سکەى خۆی و راست ناکرێتەوە.

گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەشێوەیەکى قورس بەردەوامە. لە ئۆپەراسیۆنى پاکتاوی سیاسیى دەوڵەتى تورکیا لە ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨دا ژمارەیەکى زۆر لە بەڕێوەبەرانى هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، تەژەئا، دیک و رۆژنامەنووسان دەستگیرکران. دەستگیرکراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی ئامەد کۆکرابوونەوە و لە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا پرسیاریان لەبارەى گۆشەگیرییەوە لە زۆربەی هەرە زۆریان کردبوو.

سالیحە ئایدەنیز پەرلەمانتاری هەدەپە لە شاری ئامەد سیاسەتى گۆشەگیرکردنى دەوڵەتى تورکیا و تێکۆشان لە دژی ئەو سیاسەتەى بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) لێکدایەوە.

ئایدەنیز وتى "لە هەڤاڵە دەستگیرکراوەکان لەبارەى گۆشەگیرییەوە پرسیار کرابوو. ئەوە نیشانەی ئەوەیە فاشیزم و دیکتاتۆری لە تورکیا دەچەسپێنرێت و درێژەش بە گوشار و توندوتیژی و زوڵم دەدەن، چونکا ئەگەر چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دا ئەنجام بدرێت ئەوە دەردەکەوێت، کە فەلسەفەکەى بە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە و بووەتە هیوای هەموو گەلانى جیهان. بۆیە پرسیاری لەو جۆرە دەکەن و هەوڵ دەدەن گوشاری زیاتر بخەنە سەر مرۆڤەکان. باش دەزانن، کە گۆشەگیرکردنى بەڕێز ئۆجالان گۆشەگیرکردنی هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و هاوکات قورسترکردنى شەڕە".

"نایانەوێت گۆشەگیرى ببێتە رۆژەڤ و کەس قسەى لەسەر بکات"

ئایدەنیز ئەوەشى وت، ئەگەر گۆشەگیریى سەر ئۆجالان درێژەى پێبدرێت ئەوا لە دۆخی سیاسیى ئێستاى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هیچ شتێک ناکەوێتە سەر سکەى خۆی و راست ناکرێنەوە.

لە درێژەى قسەکانیدا وتیشی "دیکتاتۆریەتى فاشیست درێژە بە گۆشەگیرکردن دەدات و دەیەوێت بۆخۆی مۆدێل و ئارگیومێنێتک دروست بکات، بەڵام نایەوێت هیچ کەسێک گۆشەگیری بکاتە رۆژەڤ و قسەى لەسەر بکات و بۆ نەهێشتنى گۆشەگیرییەکە چالاکی ئەنجام بدرێت".

ئایدەنیز ئاماژەى بەوەشکرد "کاتێک مرۆڤ سەیری دۆخی ئێستا دەوڵەتەکان دەکات، ئەوە دەبینێت کە ئەوان بۆ بەرژەوەندیى خۆیان بڕیاری سیاسی دەدەن. بۆ ئەوەى ئەو بڕیارانەش جێبەجێ بکەن دەبێت کۆڵەکەی سیاسی و کۆمەڵگە بشکێنن. ئەوانەش لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانى، ژنان و گەنجانن.  لەبەر ئەوەش پەلاماردانەکان بۆ دەستگیرکردن گەورەتر کراون".

ر.م