ئوزتورک: چارەسەری لە ئیمرالیە

بەهران ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە لە بارەی چارەسەری کێشەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیامێکی ئاڕاستەی ئاکەپە کرد و تی، "چارەسەری لە لای پوتین و ترامپ نیە، بەڵکو چارەسەری لە ئیمرالیە."

شاندێک کە پیک هاتبوو لە بەدران ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-کەجەدە، سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان-دەبەپە، مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە و سدیق تاش پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری سێرت، سەردانی ناوچەکانی مسرج و هەولێی شاری سێرت و شارۆچکەی وەیسول قەرەنیان کرد و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کۆبوونەوە.

کۆبونەوەکەی ناوچەی هەولێ لە ناوەندی رێکخستنی هەدەپە بەڕێوەچوو. سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە پشتیوانی خۆی بۆ یەکێتی ژووری پزیشکان دەربری کە لە لایەن دەوڵەت باخچەلیەوە هێرش کرابووە سەری و رایگەیاند، ئەو دەسەڵاتەی هەبوونی خۆی لەسەر لەناوبردن بونیاد دەنێت، ڤایرۆسی کۆرۆناش وەکو دەفەتێک بەکار دێنێت.

شاندەکە دوای کۆبوونەوە سەردانی دوکاندارانی ناو بازاری ناوچەکەی کرد و پاشان سەردانی رەمەزان سارسلماز هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی هەولێی کرد کە سزای زیندانی ماڵەوەی بۆ بڕاوەتەوە. سارسلماز پاش دەربڕینی سوپاس و پێزانی خۆی بۆ شاندەکە وتی:"ئێمە بێگومان سەردەکەوین."

دواتر شاندەکە سەردانی شارۆچکەی ڤەیسول قەرەنی کرد و لەگەڵ جەماوەری شارۆچکەکە کۆبووەوە. بەدارن ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە لەوێ وتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێت و وتیشی:"دوێنێ بوو کە خەتیب دیجلە ئەندامی شاندی ئیمرالی بوو. کەجەدە ئەو کاتە مەترسیدار نەبوو، بەڵام ئێستا بووە بە رێکخراوێکی مەترسیدار!"

ئوزتورک راشیگەیاند، کەجەدە بۆ گەل بووە بە جێگرەوە و وتی:"دەبێت کۆنگرەیەکی وەها بونیاد بنێین کە تێکۆشان بەرفراوانتر بکات و بۆ بەرفراوانکردی دیمۆکراسیش، هەوڵێکی زیاترمان پێویستە."

ئوزتورک هەروەها تیشکی خستە سەر گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و وتی:"بەو گۆشەگیریە، هەموو گەلانی تورکیا گۆشەگیر کراون. ئەگەر دیمۆکراسیمان دەوێت، ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە. ئەگەر ئاشتیمان دەوێت دەبێت هەڵوێستمان هەبێت. دەبێت بەر لە هەموو شتێک کۆتایی بە گۆشەگیریەکە بهینین. چارەسەری لە لای پوتین و ترامپ نیە، بەڵکو چارەسەریەکە لە ئیمرالیە."

دوای کۆبوونەوە، شاندەکە سەردانی ناوچەی مسرجی کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جەماوەری ئەو ناوچەیە کە لە ناوەندی هەدەپەی ناوچەکە بەڕێوە چوو، سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە وتەیەکی پێشکەش کرد. دوای وتەکانی ئایدەنیز، کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەردەوام بوو. شاندەکە کە دوای کۆبوونەوەکە سەردانی دوکاندارانی ناو بازاری ناوچەکەی کرد، کۆتایی بە بەرنامەی سەردانەکەی شاری سێرتی هێنا.

ز.ش