ئۆرهان: ئامانجی ئاکەپە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە

پەرلەمانتارێکی هەدەپە ئاشکرای کرد، ئامانجی ئاکەپە لەناوبردنی هەموو دەستەکەوتەکانی گەلی کوردە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردنەوە کە پرسی قەیوم و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردە.

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری پارتی گەلانی دیمۆکراتیکی هەدەپە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) تیشکی خستە سەر دانانی قەیومەکان و دەستگیرکردن و سزادانی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و باری نائاسایی لە شاری وان و هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان.

ئۆرهان ڕایگەیاند لەو رۆژەوەی لە لایەن پارێزگاری شاری وانەوە باری نائاسایی ڕاگەینراوە، تا ئێستا بڕیاری قەدەغەی چوونە دەرەوە بە بەردەوامی درێژ دەکرێتەوە و وتی، بەم دواییە قەدەغە و فشارەکان زیادی کردووە. بە تایبەت رێگە بە هیچ  چالاکیەکی هەدەپە نادرێت. لە 15ی حوزەیرانەوە لە شاری وان باری نائاسایی راگەیەندراوە و تا ئێستاش ئەو ڕەوشە بەردەوامە.

پارێزگار دەستی بەسەر ئیرادەی گەلدا گرتووە

موعەزەز ئۆرهان ئەندام پەڕلەمانی شاری وان هەروها ڕایدەگەیێنێت کە لە تورکیا بە زانابوون سیاسەتی فشار خستنە سەر گەل پەیرەو دەکرێت و دەڵێت، "لە تورکیا سەرەڕای ئەم هەموو کێشانە، لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانی ئابۆری و بێکاری و هەژاری و دەستپێکردنی شەر، دەیانەوێت دەنگی کۆمەڵگا و ڕای گشتی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و دیمۆکراتخوازان کپ بکەن و بۆ ئەمەش فشار دروست دەکەن. ئێمە وەکو هەدەپە بە چالاکیەکانمان نیشانیان دەدەین کە بە فشارەکانیان پێمان ناوێرن. ئەوەی ئەگوزەرێت شتێکی ناڕەوایە و گەل و کۆمەڵگاش قبولی ناکەن."

ئۆرهان ڕایگەیاند کە ئەوان لە هەر جێگەیەک بن، گەل و کۆمەڵگا لە پلانی شەڕ و فشارەکان بۆ لەنابردنی داواکاریەکانیان لە لایەن دەستهەڵاتی ئاکەپەوە، ئاگادار دەکەنەوە و ئەم پلانانە ئاشکرای دەکەن و وتی، "ئێمە لەم خەباتەدا هیچ هەنگاوێک بۆ دوواوە نانێین. لەبەر ئەوەی حەق و یاسا ئەم مافەی داوە بە ئێمە. ڕۆژانە لە دژی شارەوانیەکانمان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێن و بێ ئەوەی بیانوویەک هەبێت هاوسەرۆکی شارەوانیەکانمان دەستگیردەکرێن و بە ناحەق سزا دەدرێن.

دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە خۆی ڕزگار بکات

ئۆرهان لە بەردەوامی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و وتی، :ئاکەپە دەیەوێت تۆڵەی سەرنەکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازار و شکەستەکەی لە دووبارە ئەنجامدانی هەمان هەڵبژاردن لە شاری ئەستەنبۆل، لە هەدەپە و گەلی کورد و دیمۆکراتخوازان بسەنێت. بۆیە لە دژی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و ئیرادەی گەل ئەم ئۆپراسیۆنانەی دەست پێ کردووە. دەتوانین بڵێن ئامانج لە هێرشی رۆژئاوای کوردستانیش، خۆڕزگارکردنی دەستهەڵاتە لە ناڕەزایەتیەکانی دژی سیاسەتی دانانی قەیومەکان و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان. "

ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێت ئامانج لێی داگیرکەریە

موعەزەز ئۆرهان ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی ئاکەپە چی لە ناوخۆی وڵات و چی لە دەرەوە لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، داگیرکەریە. لەبەر ئەوەی چوونە نێو خاکی وڵاتێکی تر بێ ئەوەی گەلەکە ڕازی بێت بەم هەنگاوە، بە داگیرکەری ئەژمار دەکرێت. تەنها یەک پێناسەی هەیە. ئێمە دەڵێین سوریا خاکی گەلی سوریایە. کورد و عەرەب و ئەرمەنی و سوریانی و ئازەری و چەرکەز لە نێو خاکی سوریا بە ئاشتی و باریەتی دەژن. ئەو مۆدێلەی لەوێ پەیرەو دەکرێت بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوەیەک، دەتوانرێت لەسەرتاسەری جیهان ژیانی پێوە بکرێت. کاتێک گەل بە بێ کێشە بەیەکەوە بژیت داگیرکەران ناتوانن بگەن بە مەرامەکانیان. بەم شێوەیە تورکیا و هێزە ئیمپریالیستەکان دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو بەرن. بۆیە دەیانەوێت ئەم شەڕە کە بەرەو تراژیدیای مرۆیی دەڕوات، درێژەی پێ بدەن

ئۆرهان لە کۆتای قسەکانیدا وتی، "ئێمە هەموو کاتێک ووتومانە کە شەڕ و خوێنڕشتن بریتیە لە ئازار و کۆیلەکردنی ژنان. لەم شەرو داگیرکاریانەدا داعش بە هەزاران ژنی ئێزدی و نەتەوەکانی تری بێسەروشوێن کرد. تەنها کورد لە دژی ئەم چەتە دڕندانە وەستانەوە. هەموو مرۆڤایەتی لەم بەڵایە ڕزگاری بوو. ئەمرۆ بە هێنانەپێشەوەی ئەم چەتانە، ڕێگا بۆ کۆمەڵکوژی تر خۆش دەکرێت. شەڕ و کوشتار هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت. دەکرێت هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە کێشەی کورد لە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێت

ف.ق