ئۆزگیور ژیاندا: گەریلا خەون و ئومێدی دوژمن تێکدەشکێنێت
ئۆزگیور ژیاندا یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک هێرشەکانى پشتبەستووە بە تەکنەلۆژیا و وتی "بەڵام بەرخودانی گەریلا خەون و ئومێدی دوژمن تێکدەشکێنێت".
ئۆزگیور ژیاندا یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک هێرشەکانى پشتبەستووە بە تەکنەلۆژیا و وتی "بەڵام بەرخودانی گەریلا خەون و ئومێدی دوژمن تێکدەشکێنێت".
یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانى پاراستنی گەل (هەپەگە) ئۆزگیور ژیاندا لەبارەی بەرخودانی گەریلا و شەڕی تایبەت و بەرخودانی جەنگی حەفتانین بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) دوا.
ژیاندا وتی "شەڕی نێوان ئێمە و دوژمن بەرەو ئەنجام دەڕوات. لەبەر ئەوەش دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ و هەوڵ دەدات لە رێگەى ئەو شەڕەوە کۆمەڵگە بێدەنگ بکات، چونکە شەڕی مان و نەمان دەکات".
ژیاندا سەرنجی خستەسەر شەڕی تایبەتی دەوڵەتى تورک لە کوردستان و وتی "راستییەکی شەڕ ئەوەیە، کە شەڕ دەبێتە هۆی لە دەستدانەکان (کوژراو و بریندار و زیانە سەربازی و ئابووریەکان)، بەڵام ئەوەى لەبارەى لەدەستدانەکانی ئێمەوە لە میدیاکانی دەوڵەتى تورکدا بڵاو دەکرێنەوە راست نییە، بە پێچەوانەوە ئەوەى لە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی حەفتانین دا زۆر زۆر زیانی بەرکەوتوە و لە دەستدانی زۆر زۆر بووە دەوڵەتى تورکی داگیرکەرە. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئەو زیان و لە دەستدانانە لە رای گشتی دەشارێتەوە. دۆخی داگیرکەری لە حەفتانین وەک ئەوە نییە کە باسی دەکەن، لە گۆڕەپانی شەڕ دا خۆیان لە بن بەردەکان و لە ژێر زەویدا دەشارنەوە و بە هۆی بەرخودان و چالاکییەکانی گەریلاوە ناتوانن لە سەنگەرەکانیان بێنەدەرەوە. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا دەبنە ئامانجی هێزەکانمان و بەو هۆیەشەوە کەوتونەتە ناو ترسێکى زۆر گەورەوە".
ژیاندا ئاماژەی بەوەکرد، گەریلا بە رێبازی نوێ شەڕ دەکات و وتی "لە دژی ئەو شەڕە کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە تەکنەلۆژیا بەڕێوەدەبات، گەریلا بە رێبازێکى نوێ، خوڵقێنەرانە و پسپۆڕانە دوژمن دەتەزێنێت. خەون و هیوای دوژمنی تێکشکاندووە. بەرخودانی گەریلا لە حەفتانین هەموو هێرشەکان تێکدەشکێنێت و کۆتایی بە داگیرکەری دەهێنێت".
فەرماندە ژیاندا هۆشداریی بە جاش و جەردەوانەکان و هاوکارانی داگیرکەران دا و وتی "دەبێت گەلی کورد نەکەوێتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی شەڕی تایبەت و هۆشیار بێت. دەوڵەتى تورک لە هێرشەکانیدا جاشەکان و کۆنتراکان بەکار دەهێنێت. بەڵام دەبێت ئەوان بەشداری ئۆپراسیۆنەکان نەبن، چونکە ئێمە نامانەوێت ئەوان بکەینە ئامانج. دەبێت ئەوە بزانن، ئەوانەى کە ببنە هۆی شەهیدکردنی هەڤاڵانمان بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێن".
ژیاندا لە کۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد "گەلەکەمان لە باشووری کوردستان وڵاتپارێزە. لە مێژوودا زۆر جار لەم چیایانەدا بەرەنگاریی کردووە، بۆیە دەبێت گەلەکەمان هەڵوێستێکى توند و بەرخودێرانە نیشانی ئەو داگیرکەرییە بدات. دەبێت گەلەکەمان گوندەکانى خۆیان چۆڵ نەکەن و لە دژی ئەو داگیرکەرییە شانبەشانی گەریلا بجوڵێنەوە".
ژ.ت