ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی؛ لە دیلۆک ١٨ کەس زیندانیکران

لەو ٢٩ کەسەی لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی دا لە دیلۆک دەستگیرکرابوون، سزای زیندانیکردن بەسەر ١٨ کەسیاندا سەپێنرا.

لە ١٤ی تەممووزدا بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماری لە دیلۆک ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتییان و سیاسەتمەداران دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا هاوسەرۆکان و بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە و سەیەکەپە دەستگیرکرابوون.

بەگشتی لەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارانەیەی دەوڵەتى تورکدا ٢٩ کەس دەستگیرکران و دواى لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیلۆکەوە رەوانەى دادگا کران.

دواى ئەوەى لە دادگا وتەیان لێوەرگیرا، هاوسەرۆکانی هەدەپە لە دیلۆک موسا ئایدن و سۆنگیول کۆچ داغ، دایکی ئاشتی رەمزییە ئەردەم و ١٦ سیاسەتمەدار و پارێزەرانی مافەکانى مرۆڤ بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا و رەوانەى زیندان کران.

ئەوەش راگەیاندرا، ١١ کەسەکەى تریش بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کراون.

ژ.ت