دوای ئه‌وه‌ی پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك (ده‌ته‌په) له هه‌ڵبژاردنی ٣٠ی مارسی ٢٠٠٩ی شاره‌وانییه‌كان سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی به‌ده‌ستهێنا و ١٠٠ شاره‌وانی برده‌وه، ده‌وڵه‌تی توركیا له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا له‌ژێر ناوی «ئۆپه‌راسیۆنی دژ به كه‌جه‌كه» ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسی كرد. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه كه له‌پێناو له‌ناوبردنی ده‌سكه‌وتی ٣٠ساڵه‌ی كوردان ده‌كرێت، ماوه‌ی ٩ ساڵه به‌رده‌وامه.
سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له كه‌مپینی پارته‌كه‌ی خۆیدا ستراتیژی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان ده‌ستنیشان كرد و جارێكی دیكه هه‌ڕه‌شه‌ی له كورد و سیاسه‌تی كوردان كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌م فه‌رمانه‌ی ئه‌ردۆغان ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسی به‌رفره‌وانتر بوو. له ماوه‌ی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر له ٣٠٠ كه‌س ده‌ستگیر كراون كه له‌نێویاندا سیاسه‌تمه‌دار، ڕۆژنامه‌وان، نووسه‌ر، كرێكار، گوندنشین، ئه‌كادیمیست و چالاكی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل هه‌ن.
پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك (ده‌ته‌په) له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا له ٣٠ی مارسی ٢٠٠٩دا توانی ١٠٠ شاره‌وانی به‌ده‌ستبێنێت و پڕۆسه‌یه‌كی نوێی ده‌ستپێكرد. دوای ده‌ربازبوونی ٢ هه‌فته به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، په‌كه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاند. هێشتا ٢٤ كاتژمێر به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ستدا تێنه‌په‌ڕی بوو كه له دژی سیاسه‌تی كورد ئۆپه‌راسیۆنی سه‌رانسه‌ری ده‌ستگیركردن ده‌ستی پێكرد.
له شه‌پۆلی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسی‌دا، جێگرانی سه‌رۆكی گشتیی ده‌ته‌په و ٧٢ كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كران و بڕیاری به‌ندكردنی ٥٢ له‌و كه‌سانه درا. ده‌ته‌په له كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٩ داخرا و ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسیش درێژه‌ی پێدرا.
له هه‌مان كاتدا له نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان گفتوگۆ هه‌بوو. له لایه‌كه‌وه دیدار ئه‌نجام ده‌درا، له لایه‌كی دیكه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئۆپه‌راسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌چوو.
دیداره‌كانی نێوان ده‌وڵه‌ت و كه‌جه‌كه-ئۆجالاندا هه‌تا هه‌ڵبژاردنی گشتیی حوزه‌یرانی ٢٠١١ به‌رده‌وام بوون. شاندی ده‌وڵه‌ت دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ستی له دیداره‌كان به‌ردا. ئاكه‌په كه له هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وت و ده‌ستی له دیداره‌كانی ئۆسلۆ به‌ردا. گۆشه‌گیركردنی ئۆجالانیش به‌م شێوه‌یه تووندتر كرا. هه‌روه‌ها سه‌ردانی پارێزه‌ران بۆ ئیمڕاڵی قه‌ده‌غه كرا.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ڕژێمی ئه‌نقه‌ره له دژی كوردان و تێكچوونی دیداره‌كانی ئۆسلۆ بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی كه بارودۆخه ئاڵۆزه‌كه زیاتر ته‌شه‌نه بكات. له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌و كاته‌دا هه‌زاران كه‌س له به‌ره‌به‌یاندا ده‌ستگیر كران و خرانه زیندانه‌كانه‌وه.
دوای داخستنی ده‌ته‌په، پارتی ئاشتی و دیموكراتی (به‌ده‌په) دامه‌زرا. له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ٤ی تشرینی یه‌كه‌م، ٢٣ی تشرینی دووه‌م و ٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١١دا به‌رپرسانی به‌ده‌په، ئه‌كادیمیست و سه‌دان كه‌س ده‌ستگیر كران. له ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا ڕۆژنامه‌وانانی كورد به ئامانج گیران و له ڕۆژێكدا ٤٦ ڕۆژنامه‌وان و په‌یامنێر ده‌ستبه‌سه‌ر كران و زۆرینه‌یان خرانه زیندانه‌وه. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسی‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كران، ڕۆژ به ڕۆژ زیادی كرد. هاوشاره‌دار، په‌رله‌مانتار، ڕۆژنامه‌وان، سه‌ندیكاوان، پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ، خوێندكاران و منداڵان خرانه زیندانه‌كانه‌وه.
به گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، له نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ - ٢٠١١دا ٢٧ هه‌زار و ٥٠٣ كه‌س به بیانووی سیاسی ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، له‌و ژماره‌یه ٦ هه‌زار و ٤٤٤ كه‌س زیندانی كراون. زیاتر له ١٢ هه‌زار و ٦٠٠ كه‌س له ماوه‌ی ساڵی ٢٠١١دا ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ساڵی ٢٠١١یان وه‌ك ساڵی چه‌سپاندنی ده‌وڵه‌تی پۆلیسی ناوزه‌ند كرد.
هه‌ڵبژاردنی گشتیی ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠١١ش له‌نێو ئاگربه‌ستدا به‌ڕێوه‌چوون و ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ركه‌وت. به‌هۆی هێرشه‌كانی ڕژێمی ئاكه‌په، ئاگربه‌ست له دوای هه‌ڵبژاردن كۆتایی پێهات. سه‌ختترین شه‌ڕی سه‌ره‌تا له ڕۆژی ١٤ی ته‌مووز ڕووی دا. له سنووری شاری فارقین دژی گه‌ریلاكان كه له دۆخی ئاگربه‌ستدا بوون، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كرا و ١٣ گه‌ریلا شه‌هید بوون. له‌نێو شاره‌كانیش له دژی كوردان و ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ستگیركردن به‌ڕێوه‌ده‌برا. له‌ژێر ناوی «سیناریۆی تامیله‌كان» له دژی گه‌ریلا ئۆپه‌راسیۆنی له‌ناوبردن ده‌ستی پێكرد. حكوومه‌تی توركیا وه‌های دانابوو كه له زستانی ٢٠١١-٢٠١٢دا كۆتایی به گه‌ریلا بێنێت.
شه‌وی ٢٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١١ فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆمبارانی گوندی ڕۆبۆسكییان كرد له سنووری ناوچه‌ی قلابانی شرنا‌خ و ٣٤ كه‌سیان كوشت كه زۆرینه‌یان منداڵ بوون. هێرش له دژی هاوڵاتییانی سیڤیل، سیاسه‌تمه‌دار و گه‌ریلا به‌بێ دابڕان درێژه‌ی كێشا. هێزه‌كانی گه‌ریلا له به‌هاری ٢٠١٢دا دژی هێرش و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له‌ناوبردن، ده‌ستی به یه‌كێك له به‌رفره‌وانترین هه‌ڵمه‌ته‌كانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو كرد. ئه‌م وه‌ڵامه توونده‌ی گه‌ریلا هه‌تا بانگه‌وازه مێژووییه‌كه‌ی ئۆجالان له مارسی ٢٠١٣ به‌رده‌وام بوو.
دوای ساڵی ٢٠١٥ زیاتر په‌ره‌ی پێدرا
ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی قڕكردنی سیاسی كه له دوای ساڵی ٢٠١٣ سست بوون، به بڕیاری شه‌ڕخوازانه‌ی ساڵی ٢٠١٤ی ده‌وڵه‌تی توركیا كه له ٢٢ی ته‌مووزی ٢٠١٥ جێبه‌جێ كرا، وه‌ك شه‌پۆلی تێرۆری ده‌وڵه‌ت درێژه‌ی پێدرا. له ساڵی ٢٠١٥دا ١٣ هه‌زار و له ساڵی ٢٠١٦شدا ١٦ هه‌زار كه‌س ده‌ستگیركران. ئه‌م بارودۆخه به‌هه‌مان شێوه به‌رده‌وامه.
هه‌ڵوێستی هه‌ده‌په
هاوسه‌رۆكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) سه‌زای ته‌مه‌للی له كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌یدا له په‌رله‌مانی توركیا قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ٦ مانگی ماوه بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان. ته‌مه‌للی گوتی: «ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی قڕكردن، كاری ئاكه‌په‌یه بۆ هه‌ڵبژاردن. ئێمه له ٢٤ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨-ه‌وه باش ده‌زانین كه چۆن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه كار ده‌كه‌ن. ده‌ستگیركردن، هێرش، كوشتن، قائیمقام، پارێزگار (والی) و فه‌رمانده‌كانی جه‌نده‌رمه هه‌مووی له‌پێناو كه‌مپینی ئاكه‌په‌یه. له ئێستاوه ده‌ستیان به كار كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان.»
ته‌مه‌للی ڕایگه‌یاند كه ئه‌وان وه‌ك هه‌ده‌په هه‌رگیز سه‌ریان دانانه‌وێنن و له‌سه‌ر ڕێگه‌ی خۆیان ناگه‌ڕێنه‌وه. گوتی: «وه‌ك ماوه‌ی ڕابردوو، ئێستاش خاوه‌نداره‌تی له ئیراده‌ی سیاسی، شاره‌كانی خۆمان، ئاینده و ئازادیی خۆمان ده‌كه‌ین. هه‌ر وه‌ك چۆن ئێمه به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردنمان له ٧ی حوزه‌یران، ١ی تشرینی دووه‌م تێكدا، له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانیشدا به‌ربه‌سته‌كان به‌سه‌ر قه‌یوومه‌كاندا ده‌ڕووخێنین.»
s.m