ئۆپەراسیۆنى پاکتاوى سیاسى بەردەوامە

لە هەڵکوتانى پۆلیس بۆ سەر ماڵان لە ئەرزرۆم و مێرسین چەندین کەس دەستگیرکران. لە گمگمیش ١١ کەس دەستگیرکران و بڕیاری زیندانیکردن بەسەر ٣ کەسیاندا سەپێنرا.

پۆلیسی تورک سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە مێرسین هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ. ئەو هەڵکوتانە بە فەرمانی داواکاری گشتیى مێرسین ئەنجامدرا و دەست بەسەر چەند ئامێرێکى دیجیتاڵ دا گیرا.

لەو هەڵکوتانەدا خەباتکارانى رۆژنامەى یەنی یاشام موراد سەکڤان و توبا سەلمان و ئەندامانی ئەنجوومەنمى گەنجانى هەدەپە لە مێرسین رۆژدا سەلمان، دیار تورگوت، وەدات تورگوت، حیزبوڵا ئەکینجی و چەندینی کەسی تر کە ناوەکانیان تاوەکو ئێستا نازانرێت، دەستگیرکران.

گەنجە دەستگیرکراوەکان براوانەتە ناوەندی پۆلیس لە مێرسین و لە ئێستادا لەوێ راگیراون.

لە تاتۆس هەڵکوتانە سەر ماڵان

لە ناوچەى تاتۆسی پارێزگای ئەرزرۆم پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ. لەو هەڵکوتانەدا هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپە لە تاتۆس موزاهید کاراکوش و خەباتکاری هەدەپە مەهتاب دەمیر کایا و عەبدولهادین ئەسەر دەستگیرکران.

لە گمگم ٣ کەس زیندانیکران

رۆژی ٩ی ئادار لە ناوچەى گمگمی پارێزگاى موش لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا ١١ کەس دەستگیرکران و بردنیان بۆ ناوەندی پۆلیسی گمگم. کەسە دەستگیرکراوەکان لە دواى ٤ رۆژ لە راگرتنیان لەلایەن پۆلیسەوە دوێنێ برانە دادگا. لە دادگاکەدا تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" رووبەڕووی ١١ کەسە دەستیگرکراوەکە کرایەوە و ٨ کەسیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کران و بڕیاری زیندانیکردن بەسەر ٣ کەسیاندا سەپێنرا.

کەسە زیندانیکراوەکان بریتن لە، پاڵێوراوی ئەنجوومەنى گشتیى هەدەپە لە شاری گمگم شەرەفەدین ئۆزتورک، عیسمەت ئوزتورکی کوڕی شەرەفەدین ئۆزتورک و محەمەد ئەرتاش. ئەو کەسانە گواستراونەتەوە بۆ زیندانى جۆری ئیى موش.

ر.م