ئیتڵاعاتى ئێران رێگری لە چارەسەری پزیشکیى زەینەب جەلالیان دەکات

دواى دوو مانگ لە ئازاری دان و هەوکردنى پوکەکانى، زەینەب جەلالیان بە دەست و قاچی کەلەپچەکراوەوە گواسترایەوە بۆ لاى پزیشکى ددان، بەڵام لەلایەن ئیدارەى ئیتڵاعاتەوە رێگری لە مانەوەى زەینەب جەلالیان بۆ چارەسەری کێشەی هەرس و چاوی کرا.

زەینەب جەلالیان زیندانیى سیاسیى کورد، کە سزاى زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا سەپێنراوە و لە زیندانى خۆی زیندانى کراوە، هەفتەى رابردوو و لە دواى ٢ مانگ چاوەڕوانى بۆ چارەسەری ئازار و هەوکردنى ددان و پوکەکانى گواسترایەوە بۆ لاى پزیشکى ددان. ئەو زیندانییە سیاسییە دواى ٣ مانگ بێبەشکردنى لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەى، لەم هەفتەیەدا توانیى چاوی بە بنەماڵەکەى بکەوێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی زیندان دواى ٢ مانگ لە پشتگوێخستنی چارەسەری ئازاری قورس و بەردەوامیى ددانەکانى زەینەب جەلالیان، لە ئەنجامدا پزیشکى داد پشکنینى بۆ کرد و رایگەیاند، پێویستە بە خێرایى چارەسەری بۆ بکرێت و بەو هۆیەوە هەفتەى رابردوو بە دەست و قاچ کەلەپچەکراوی لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە پۆلیس و سەربازدا برا بۆ لاى پزیشکى ددان لە دەرەوەى زیندان.

ئاماژەی بەوەشکردووە "زەینەب جەلالیان لە رێبەندانی ٢٠١٧ەوە لە بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر بە رێگرییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بینین و ئازاری چاوەکانى و نەخۆشیى هەرس، دەستیکردووە بە مانگرتن لە بەکارهێنانى دەرمان، بەڵام بە داخەوە هەموو هەوڵەکانى بنەماڵەکەى بۆ چارەسەرکردنى ئەو زیندانییە لە نەخۆشخانەیەکى دەرەوەى زیندان بێ ئەنجام بووە".

پێشتر وەزارەتى ئیتڵاعاتى کۆماری ئیسلامیى ئێران مەرجی چاوپێکەوتنى تەلەفزیۆنیى بۆ چارەسەرکردنى زەینەب جەلالیان لە نەخۆشخانەى دەرەوەى زیندان دانا بوو و ئەو داوایەش لەلایەن ئەو ژنە زیندانییە سیاسییەى کوردەوە رەتکرابووە. لەبەر ئەوەش و سەرباری ئەوەى پزیشکەکانى بنکەى تەندروستیى زیندان رایانگەیاندبوو، زەینەب پێویستى بە چارەسەریى خێرای نەخۆشییەکانى چاو و هەوی پوک و ئازاری دانەکانى هەیە، بەڵام لەلایەن ئیتڵاعاتەوە لە مافی چارەسەرکردن بێبەش کرا.

زەینەب جەلالیان لە دایکبووی ١٩٨٢ەوە و خەڵکى گوندی دێم قشلاقی شاری ماکۆیە. زەینەب لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى وەزارەتى ئیتڵاعاتى ئێران لە کرماشان دەستگیرکرا و بۆ ماوەى ٣ مانگ لە گرتووخانەى ئیتڵاعاتدا بە تۆمەتى ئەندامبوون لە پارتى ژیانى ئازادی کوردستان  (پەژاک) دا خرایە ژێر قورسترین ئەشکەنجەى جەستەیى و دەروونی و قورسترین جۆرەکانى لێکۆڵینەوە. لە دواى ئەو ماوەیە گواسترایەوە بۆ زیندانى چاکسازیى گەورانى کرماشان.

زەینەب جەلالیان ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٨ / ١٣ی سەرماوەز لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیى کرماشان لەلایەن دادوەر مورادییەوە بە تۆمەتى ئەندامبوون لە پەژاک و ئەنجامدانى کردەى چەکداری لە دژی کۆماری ئیسلامیى ئێران سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا.

لە دواى ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بەو بڕیارەى دادگا، دۆسییەکەى رەوانەى لقی ٤ی دادگاى پێداچوونەوەی پارێزگاى کرماشان کرا و دووبارە سزاکەی وەک خۆی لەو دادگایەدا پەسەند کرایەوە و جارێکیتریش لە زستانى ٢٠١٠دا هەر ئەو سزایە لەلایەن دیوانى باڵاى دادوەریى ئێرانەوە لە دژی جەلالیان پەسەند کرایەوە.

لە کۆتایى زستانى ٢٠١٠دا و لە ناکاو زەینەب جەلالیان لە زیندانى کرماشانەوە گواسترایەوە بۆ بەشی ٢٠٩ی زیندانى ئێوین لە تاران و دواى ٥ مانگ لە راگرتنى لەو زیندانەدا دیسانەوە گواسترایەوە بۆ زیندانى دێزڵ ئاوای کرماشان.

لە ئەنجامی هەوڵی زۆر و بەردەوامی بنەماڵە و پارێزەر و داکۆکیکارانى مافەکانى مرۆڤ سزای لەسێدارەدانى ئەو زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ٢٠١١دا و لە چوارچێوەى لێبوردنى گشتیى رابەری کۆماری ئیسلامیى ئێران گۆڕدار بۆ زیندانى هەتاهەتایى. دواتریش لە ساڵی ٢٠١٤دا و لە ئەنجامى ئەو هەوڵانەدا و بە رەزامەندیى داواکاری گشتی و ئیدارەى ئیتڵاعات زەینەب جەلالیان لە زیندانى کرماشانەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی خۆی تاوەکو بنەماڵەکەى هەموو جارێک بۆ سەردانکردنى ناچار نەبن رێگای دوور و درێژی نێوان ماکۆ و کرماشان ببڕن.  

ئەمیرسالار داودی پارێزەری زەینەب جەلالیان کە رۆڵێکى کارای لە دۆسیەکەى زەینەب دا گێڕا، لە مانگى رەشەممەی ٢٠١٨ەوە لەلایەن ئیتاڵاعاتەوە زیندانیکراوە.

ر.م