ئیمیر: فاشیزم بۆ مانەوەى دەسەڵاتەکەى هێرش دەکاتە سەر کورد

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەپە رایگەیاند، فاشیزم بۆ ئەوەى خۆی لەسەر پێ بێهێڵتەوە هێرش دەکاتە سەر کوردان. راشیگەیاند "ئەوەى بە فەرمانى ئەردۆغان ئەنجام دەدرێت، تیرۆری سیاسیى دەوڵەتە".

نوران ئیمیر پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەپە لەبارەى هێرشەکانى رژێمى ئاکەپە لە دژی حیزبەکان بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد.

ئیمیر ئەوەى بەبیرهێنایەوە، کە لە کاتى دامەزراندنى کۆمارەوە تاوەکو ئێستا کورد دەسڕدرێتەوە و دەتوێنرێتەوە. گوندەکانیان ئاگری تێبەردەدرێت و بە 'کردەوەى نادیار' دەکوژرێن. سەرباری ئەوانەش یەکێک لەو گەلانەیە کە لەناو تێکۆشانى ئازادیدایە و بەرەیەکى ئۆپۆزسیۆنى دروستکردووە.

ئیمیر رایگەیاند، بەشێوەیەکى تایبەت لە ساڵی ٢٠١٥ەوە سیاسەتى 'تێکشکاندن' لەلایەن دەوڵەتەوە بە چڕی بەڕێوەدەبرێت و دەیان هەزار کادێریان دەستگیرکراوە و هەدەپەش لە بەرامبەر هاوپەیمانیى شەڕخوازانەى ئاکەپە – مەهەپە دا رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبێت.

پەرلەمانتار ئیمیر وتى "ئەوەى ئێستا بە فەرمانى ئەردۆغان لە دژمان ئەنجام دەدرێت تیرۆری سیاسیى دەوڵەتە. فاشیزم لەبەر ئەوەش رۆژ بە رۆژ هێرشى زیاتر ئەنجام دەدات. هێرشەکانى ئەمدواییە کە لە ئیلح ەوە دەستیان پێکرد لەگەڵ هاتنی رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمدا زۆر رووی لە زیادبوون کرد. ئەو پەلامار و هێرشانە ئاسایى نین. ئەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەى دەسەڵاتى خۆی لە ناوچەکاندا بسەپێنێت و سیاسەت و هەوڵێکى زۆر زیاترە لە بەدەستهێنان و لە دەستدانى شارەوانییەکان، بەڵام سەرباری ئەوەش گەل پێکەوە ئەو دۆخە تێکدەشکێنن".

ئیمیر رایگەیاند "میکانیزم و شێوازەکانى کار و سیاسەتى دەوڵەت لە کوردستان شکستى هێناوە و یاسا بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێت. ئیتر ئەو دەوڵەتە بووەتە دەوڵەتێکى پۆلیسی. جگە لە دادگاکان هیچ دامودەزگایەکى تری ئەو دەوڵەتە کار ناکات. دادگاکانیش بۆ سزادان و زیندانیکردنى هاووڵاتییان کار دەکەن. ئێمە چارەنووسی گەلان رادەستى ئەو رژێمە ناکەین".

نوران ئیمیر راشیگەیاند "ئەو رژێمە بە باشی لە راستى گەلان، کە لە دژی زوڵم و کردەوە نا دیموکراسییەکانى راپەریون، تێناگات. ئێمە لە قۆناغێکى تاریک و قوڵ و بەرنامە بۆ دارێژراوداین، بەڵام کۆمەڵگە و پێکهاتە و جەماوەری خاوەن بڕیار و خاوەن بڕوا بوونی هەیە، کە دەتوانێت ئەو قۆناغە تێکبشکێنێت. ئێمە ئەو هێرشانە وەردەگەڕێنین بۆ دەرفەت و بەکاریان دەهێنین و بە رێکخستنکردنى خۆمان بەهێزتر دەکەین. با هیچ کەسێک خۆی تووشی گومان و راڕایى نەکات و لەوە دڵنیا بێت، کە ئێمە سەردەکەوین".

ر.م