ئینسایکلۆپیدیای کەرکووک بەهۆی قەیرانى داراییەوە چاپ نەکراوە

ئینسایکلۆپیدیای کەرکووک کارەکانى تەواو بووە و لە ١٠بەرگ پێکهاتووە. نزیکەى ٦٠ مێژوونووس و مامۆستای زانکۆ و رۆشنبیر بەشداربوون لە نووسین و ئامادەکردنیدا، بەڵام بەهۆی قەیرانى دارایەوە تا ئێستا نەتوانراوە چاپ بکرێت.

سمکۆ بەهرۆز مێژوونوس و یەکێک لە دەستەی ئامادەکاری ئینسایکلۆپیدیاى کەرکووک  بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، ئینسایکلۆپیدیای کەرکووک گرینگییەکی زۆری ئەبێت بۆ شاری کەرکووک، بە تایبەتی هەموو زانیارییە گرنگەکان کە ڕوویان داوە لە ڕابردودا و گەیاندنیان بە نەوەی نوێ.

 

ئەم ئینسایکلۆپیدیایە لە ١٠ بەرگ پێکهاتوە

سمکۆ بەهرۆز لەبارەى ئینسایکلۆپیدیاى کەرکووکەوە وتى، ئینسایکلۆپیدیای کەرکووک یەکێکە لەو بەرهەمە گرنگانەی ئەتوانین بە کوردی پێى بڵێین فەرهەنگی زانیاری، کە تایبەتە بە هەموو لایەنە شاراوەکانی یان هەموو ئەو لایانەی تایبەتمەندن بە شاری کەرکووک و دەووروبەری. ئەم ئینسایکلۆ پیدیایە لە ٦ هەزار و ٥۰۰ پەڕەیە و لە ۱۰بەرگدا خۆی دەبینێتەوە بە قەبارەی ئەیفۆڕ (A4).

هەموو لایەنەکان لە خۆدەکرێت

سمکۆ بەهرۆز وتیشی، هەموو لایەنەکانی مێژوو، جیۆلۆجی، جوگرافیا، زمان، ئەدەب، ڕۆشنبیری، هونەر، ڕۆژنامەوانی، ناوداران و ڕۆشنبیران و هەروەها سیڤیی زۆربەی ئەو کەسایەتیانەی لە کەرکووک کاریان کردووە لە کورد و تورکمان و مەسیحی و جولەکە و ئەوانەی لەم شارە خزمەتیان کردووە لە دوو توێی ئەم ئینسایکلۆ پیدیایە جێی بۆتەوە .

گەیاندنی زانیارییە گرنگەکان لە ڕابردوو ڕوویان داوە گەیاندنیان بە نەوەی داهاتوو

ئەوەشی وت، ئینسایکلۆپیدیای کەرکووک وەکو هەموو ئینسایکلۆپیدیایەکی تر هاوپەیوەستییەکی گرنگە بۆ هەموو شارێک هەبێت، چونکە بوونی کۆکردنەوەی ئەو زانیارییە گرنگانەی لە ڕابردووتا ڕوویانداوە بۆ نەوەی نوێ .

نەبوونی جێگە و پارە ئەستەنگ بوو لە بەردەمان

 سمکۆ بەهرۆز لەبارەى گرفتى بەردەمیاندا لە کاتى ئامادەکردنی ئینسایلکۆپیدیاى کەرکوکدا وتی، گرنگە لێرەدا بیڵێم ئەستەنگی زۆر گەورە هاتە بەردەمان لە کارکردن لەم ئینسایکلۆپیدیایە. بۆ نمونە نەبوونی جێگا یەکێک لەو گرفتانە بوو. هەروەها نەبوونی پارە لە ڕووی مادییەوە ، بەڵام خۆشبەختانە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان توانیی لە سەرەتادا یارمەتییەکی باشمان بدات تا ئەوەی گەیشتینە قۆناغی تەواو کردن.

هۆکاری چاپ نەکردنی

وتیشی، ئەوەی لە ئێستادا ماوە چاپکردنى ئینسایلکۆپیدیاکەیە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە دوای شەڕی داعش پەیدابوو کێشەى دابینکردنى بودجە بۆ ئێمەش دروستبووە و ئێستا پێویستمان بە پارەیە بۆ چاپکردنی ئینسایکلۆ پیدیاکە.

نزیکەی ٦٠ مامۆستای زانکۆ، نووسەر و ڕۆشنبیر کاریان لە نووسینەوەی کردووە

 سمکۆ بەهرۆز لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ئێمە کارمان لێ کردووە سێ کەس بووین لە دەستە د.یوسف گۆران، من و زاهیر شکور. ئەمە وەکو دەستەی کارگێڕی و نووسینەوە و کارکردن و سەرپەرشتیاری لە ئینسایکلۆپیدیاکە. هەروەها نزیکەی ٦۰ دکتۆر لە مامۆستای زانکۆ و ماجستێر، بەشێکی زۆر لە نوسەران و ڕۆشنبیران و هەولێر و سلێمانیش بەشدارییان تێدا کردووە، بۆیە ئەتوانم بڵێم کارێکی فرە چەشنە و فرە دەستە جەمعیە، کە هەموو لایەن هەموو کەسێک و هەموو ئەو کەسانەی توانایان هەیە لەم کارەدا کاریان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە لەم ئینسایکلۆپیدیایە .

ر.م