ئیپەک یوز: هێرشەکان بەهێزترمان دەکات

نەجدەت ئیپەک یوز پەرلەمانتاری ئێلحی هەدەپە لەبارەى هێرشە پاکتاوکارییە سیاسییەکانی دەوڵەتى تورکیاوە وتى "بۆ ئەوەى دەستکەوتەکانمان لە بازنەیەکى بچووکدا سنووردار بکەن هێرشەکان ئەنجام دەدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە هێرشەکان بەهێزترمان دەکات".

رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ لە شارەکانى کوردستان لە دژی پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)، پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە)، تەڤگەری ژنانى ئازاد (تەژەئا)، کۆمەڵەى پشتیوانى و هاوکاریى بنەماڵەى زیندانیان (تویادەر)، کۆنگرەى ئیسلامى دیموکراتیک (دیک) و رۆژنامەنووسان هێرشی سڕینەوە و پاکتاوی سیاسی ئەنجامدران و نزیکەى ٣٠٠ کەس دەستگیرکران.

لە ئامەد بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ١٥١ کەس دەرکرابوو و لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٢١ کەس دەستگیرکران. ٢٣ کەس لە دەستگیرکراوەکان لە دواى وەرگرتنى وتەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیى ئاسایشی شاری ئامەد ئازاد کران. رۆژی دواتر ٢٥ کەس لە دەستگیرکراوەکانى تریان رەوانەى دادگا کرد و ١٢ کەسیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کران و ١٣ کەسی تریان زیندانیکران. ٧٨ کەسی تریشیان دوێنێ بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریى دادگادا ئازاد کران.

نەجدەت ئیپەک یوز پەرلەمانتاری شاری ئێلحی هەدەپە لەبارەى هێرشەکانى دژ بە بزووتنەوەى سیاسیى کورد بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و داوایکرد هەڤاڵە زیندانیکراو و دەستگیرکراوەکانیان ئازاد بکرێن و بۆ ئازادکردنیشیان هەم پەرلەمانتاران و هەم هاوسەرۆکەکانیان دەستیان بەکار کردووە.

 

'حیزبەکەمان دەستى بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن کردووە'

ئیپەک یوز رایگەیاند "پێشتریش هێرشى پاکتاوکردن و سڕینەوەى سیاسی لە دژی هاوسەرۆک شارەوانییەکان و چالاکوانەکان ئەنجادراون. ئێمە هێشتا ئەو وێنانەمان لە بەرچاوە کە هەڤاڵەکانى ئێمەیان کەلەپچە دەکرد. دواتر ئاشکرا بوو ئەو هێرشانە لەلایەن ئەندامانى فەتۆ (گروپەکەى فەتحوڵا گیولەن)ەوە ئەنجام دراون. ئێستاش ئەوانەى ناڕەحەتن و دژایەتیمان دەکەن، بۆ ئەوەى دەستکەوتە دیموکراتیکەکانمان لە بازنەیەکى بچووکدار سنووردار بکەن و رێگری لە سەرکەوتنمان بکەن، دەست بەکار بوون و هەوڵ دەدەن بەو هێرشانە ئەوە نیشان بدەن، کە بەهێزن، بەڵام ئەو هێرشانە ناڕەزایەتى و بەرخۆدانی گەلەکەمانى بە دوادا دێت و ئێمە زیاتر بەهێزتر دەکات".

ئیپەک یوز راشیگەیاند، حیزبەکەیان ئامادەکاریى بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کردووە و بە بەردەوامیش هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەى خۆیان بگەیەننە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگە.

'دەبێت یەکێک لەم ماڵە دەستگیر بکەین، کێ دەیەوێت دەستگیر بکرێت!؟'

پەرلەمانتار نەجدەت ئیپەک یوز سەرنجی خستە سەر ئەو ورە و دڵخۆشییەى کە بەهۆی خەبات و تێکۆشانیانەوە لە ناو کۆمەڵگەدا ئافرێنراوە و لەوبارەیەوە وتى "بەرێوەبەرانى دەوڵەت بە بەردەوامی لێدوان دەدەن و هەوڵ دەدەن کارەکانى حیزبەکەمان سنووردار بکەن. دوا قسەیان ئەوەیە 'ئەگەر سەرکەوتن بە دەست بهێنن، ئێمەش قەیوم لە شوێنەکانیان دادەنێین'. ئێمە لە دژی ئەو عەقڵییەت و نزیکایەتییە راپەڕیون و ئەوانیش ئەوەیان بینى کە پشتیوانى کۆمەڵگە بۆ ئێمە زۆر رووی لە زیادبوون کردووە".

وتیشی "ئێمەش لە ئێلح ئەو دەستگیرکردنانەمان بینی. ئەو کەسانەى کە بڕیارى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو، هەڵکوتێنەرایە سەر ماڵەکانیان و دەستگیریان کردن. بە گشتی لە ئامەد و شارەکانى تردا سەدان مرۆڤیان دەستگیرکرد. کاتێک مرۆڤ سەیری دۆسیەى دەستگیرکراوەکان دەکات ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە دۆسیەکیان هیچیان تیادا نییە و بەبێ هۆکار دەستگیرکراون. لە ئێلح کاتێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک بە ئەندامانى ئەو خێزانەیان وتبوو 'دەبێت یەکێک لەم ماڵە دەستگیر بکەین، کێ دەیەوێت دەستگیر بکرێت!؟' من بۆ خۆم چووم بۆ ئەو ماڵە و لەگەڵ ئەنداماى ئەو خێزانە قسەم کرد و ئەو چیرۆکەیان بۆ گێڕامەوە".

'هێرشەکان بەپێی میزاج ئەنجام دەدرێن'

ئیپەک یوز باسی ئەوەیکرد، هێرشە سیاسییەکان بەشێوەیەکى میزاجی ئەنجام دەدرێن و لە کۆتایى قسەکانیدا وتی "لە ئامەد کاتێک هەڵیانکوتابوویە سەر ماڵی سەرۆکی ئێمە لەو شارەدا، سەرۆکەکەمان وتبوی 'تۆزێک چاوەڕێ بکەن ئێستا دەرگاکە دەکەمەوە'. ئەوان وتبویان 'نەخێر دەرگاکە دەشکێنین'. لە ئێلح-یش کاتێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرۆکى حیزبەکەمان هەر بەو شێوەیە رەفتاریان کرد. کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو رەفتار و نزیکایەتیانە دەکات، مرۆڤ ئەوەى بۆ دەردەکەوێت کە هێرشەکان بەپێی میزاج ئەنجام دەدرێن و هیچ پەیوەندییان بە یاساوە نییە. دەیانەوێت بۆ ماوەیەکى درێژ و تاوەکو کاتى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لەو هێرشانە بەردەوام بن بۆ ئەوەى هاووڵاتییانمان بێزار بکەن".

ر.م