"ئێمە کۆمەڵگەیەکین، کە بە رۆحی بەرخودانی ١٤ى تەمووز تێدەکۆشین"

رۆناهی سەرحەد ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک میوانى بەرنامەى رۆژەڤی ژن بوو لە کەناڵی ستێرک تیڤی و شیکاریى بۆ پێشهاتەکانە ئەم هەفتەیە کرد.

رۆناهی سەرحەد ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) لە بەرنامەى رۆژەڤی ژن لە کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی دا رایگەیاند "رێبەرایەتیمان بە تێکۆشانی خۆی چارەنووسی گەلێکى گۆڕی، لەبەر ئەوەش ئەو هێرشانەى لە دژی رێبەرایەتیمان ئەنجام دەدرێن، هێرشی سیاسی و ئایدۆلۆژین".

راشیگەیاند "رۆژەڤی سەرەکیى و گرنگ دۆخی گۆشەگیریى قورسە لەسەر رێبەرایەتى. ئەو گۆشەگیرییە گەلێک دەرەنجامى لێکەوتووەتەوە. تێکۆشانى رێبەرایەتى بە رێکخستنکردنی گەنجان، ژنان و گەل دەستیپێکرد. رێبەرایەتى بە تێکۆشانەکەى خۆی چارەنووسی گەلێکى گۆڕی، بۆیە مرۆڤ ئەوە دەبینێت ئەوەى بەرامبەر بە رێبەرایەتى ئەنجام دەدرێت نزیکایەتییەکى سیاسی و ئایدۆلۆژیکە. رێبەرایەتى لە تێکۆشانەکەیدا چارەسەری و بڕوای گەلێکى خوڵقاند و پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى پووچ کردەوە و لە کەسایەتیى ژن دا کێشەى کەمە نەتەوەکان و ئازادیى کۆمەڵگەى دەستنیشانکرد و سیستمى هاوتەریبی بۆ ئافراند".

رۆناهی سەرحەد باسی ئەوەشیکرد "ئەو تێکۆشانەى کە ئێستا بەڕێوەدەچێت تێکۆشانی نێوان گەلان و سەردەستەکانە. رێبەرایەتى نوێنەرایەتیى ئازادی، تێکۆشان و ئیرادە و ورەى گەلان دەکات. ماوەى ٢٠ ساڵە بۆ ئازادی و چارەسەری تێدەکۆشێت، بەڵام دوژمن بە چڕکردنەوەىى گۆشەگیرى دەیەویت دەسەڵات و بەرژەوەندیى دەسەڵاتپەرستانەی خۆی بسەپێنێت. بیگومان لە دەرەوەش پشتیوانى لەو دەسەڵاتە و ئەو کارەى دەسەڵات دەکرێت. لەبەر ئەوەیە کە خاوەنداریکردن لەو تێکۆشان و بەرخودانە لە کەسایەتیى رێبەرایەتیدا زۆر گرنگە. چڕکردنەوەى گۆشەگیری بە مانای بەردەوامیدان و هەڵوەستەکردنە لەسەر پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى، کە لەلایەن ناتۆوە پشتیوانى دەکرێت. ئێمە دەڵێین، چارەسەری لەلای رێبەرایەتیى ئێمەدایە و ئێمە خۆمان بە چالاکییەکانمان چارەسەریى خۆمان دەچەسپێنین، کە ئەویش ئازادکردنى رێبەرایەتیی".

"تێکشکاندنى گۆشەگیری خاوەنداریکردنە لە ناسنامەى ئازاد"

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک راشیگەیاند "مافەکانى مرۆڤ بە چارەسەریى دۆزی کورد و کوردستان دا تێدەپەڕێت. چارەسەرکردنى دۆزی کوردستانیش بە ئازادیى رێبەرایەتیدا تێدەپەڕێت. بۆ ئەوەش بڕیارى بزووتنەوەى ژنان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری بە مانای خاوەنداریکردنە لە ناسنامەى ئازاد. هەروەها هەڵمەتى گەنجان بە نای 'ڕاپەرە – سەری هلدە' بە گشتى هەڵوێستى ئێمە بۆ پاراستن و چالاکییە سیاسییەکانمان، خاوەنداریکردنی ئێمە پێناسە دەکات".

لەبارەی چالاکییەکەى لەیلا گیوڤەوە وتى "وەستانەوە لە دژی زوڵم ئەرکێکى ئەخلاقی، مرۆیى و سیاسییە. بێگومان لەیلا گیوڤەن بە ناوی ئەو کەسانەوە کە پێداگری لە مرۆڤایەتی دەکەن چالاکییەکەى ئەنجام دەدات. ئەو چالاکییە لە کاتێکدایە، کە هەموو کەس لە ناو هەوڵ و تێکۆشاندایە. لە رووی سەربازییەوە چالاکییەکانى گەریلاکانى هەپەگە و یەژاستار بۆ تێکشکاندنی فاشیزمە. چالاکییەکانى گەریلا و خۆپیشاندانەکانى گەل و هەڵوێستە هەڵقوڵاوەکان لە ئیرادەی گەل و گەریلاوە پەرتەوازەکردنى دوژمن بە دوای خۆیدا دەهێنیت. بێگومان دەستپێکردنى چالاکیى مانگرتن لە خواردن بۆ سەرخستنى دیموکراسی و پووچکردنەوەى دەسەڵاتپەرستییە. چالاکوانەکانمان بە چالاکیى مانگرتن لە خواردن ئەرکە سیاسی و ئەخلاقییەکانیان پێکدەهێنن. بۆ ئەوەش خاوەنداریکردن لەو چالاکییانە گرنگ و مانادارن".

"بە ئەندازەى چالاکییەکان فاشیزم تێکدەشکێت"

رۆناهی سەرحەد باسی ئەوەشیکرد "لە زیندانەکانى تورکیادا جگە لە یاساکانى فاشیزم و دەسەڵاتخوازی هیچ یاسایەکى تر بوونی نییە. گوشاری دوژمن لەسەر زیندانییەکان زۆر زۆرە، یەک مافی سیاسی و مرۆیانەی زیندانییەکان جێبەجێ ناکرێت. بۆیە لە دژی ئەو پێشێلکاری و گوشارانە خاوەنداریکردن لە کەرامەت، ئازادی و ورەى خۆمان تاوەکو دوا هەناسە دەپارێزین. ئێمە ئەو گەلەین، کە بە رۆحی بەرخودانى ١٤ى تەمووز ئاشنا بووە. لەبەر ئەوەش ژنان و گەنجان لە ئاستێکى زۆر باش و باڵادا لەگەڵمانن. بۆ ئەوەش چارەسەری لە دەستى ئێمەدایە. ئێستا دوژمن کاریکی کردووە، کە لە هەموو شوێنێک و بەرامبەر بە هەموو کەسێک گۆشەگیری ئەنجام دەدات، بەرامبەر بە سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، نووسەران و... هتد. گۆشەگیری و زیندانی لە هەموو شوێنێک دروستکردووە. بۆ ئەوەش پێویستە گەلانى کورد، تورک، دیموکراتیک و ئازادیخواززان دەنگى خۆیان بەرز بکەنەوە و هەڵوێستێکى شیاو بۆ خاوەنداری لە تێکۆشانی ئازادی بخەنەڕوو. ئێمە ناڵێن، بەرخودان و تێکۆشان بوونی نییە، بەڵام ئەوەى کە هەیە بەش ناکات و پێویستە هەڵوێست و وەستانەوەکان زیاتر و بەهێزتر بن. دوژمن لە مێشک و رۆح دا ترسی چاندووە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا تێکۆشان و بەرخودانى گەلەکەمان دەبێتە هۆی تێکچوون و داڕمانى ئاکەپە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، تێکۆشان لە چ ئاستێکدا بێت، تێکچوونى فاشیزمیش لەو ئاستەدا دەبێت".

"هەر شارەوانییەک بۆ گەلەکەمان سەنگەرێکى دیموکراسییە"

رۆناهی سەرحەد ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) سەرنجی خستە سەر هەڵبژاردنى خۆجێى (شارەوانییەکان) و رایگەیاند "پێویستە ئەو تێگەیشتنە دروست بکرێت، کە پێشوازیکردن لە هەڵبژاردن خۆ بەهێزکردنە لە دژی فاشیزم. سەرخستنى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان سەرخستنى چالاکییەکانى دیموکراسییە. دوژمن ئێستا دەیەوێت بە هەڕەشە گەل چاوترسێن بکات بۆ ئەوەش لە بەرامبەر هێڵی فاشیزمدا دروستکردنى هێڵی دیموکراسیى گرنگە. هەر شارەوانییەک بۆ گەلەکەمان سەنگەرێکى دیموکراسییە. لەبەر ئەوەش ئەستەمە مرۆڤ دەستبەرداری سەنگەرەکەى بێت. بۆیە خاوەنداریکردن لە سەنگەرەکەى خۆی خاوەنداریکردنە لە دیموکراسی".

"گەلەکەمان لە باشوور دەتوانێت رێ لەو هێرشانە بگرێت"

رۆناهی سەرحەد لە کۆتایى قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر هێرشەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) بۆ سەر رێکخراو و دامودەزگاکانى گەل و وتى، ئەو هێرشانە خزمەت بە گەلی کورد و دیموکراسی ناکات.

وتیشی "ئەو نزیکایەتی و هێرشانە بۆ سەر بارەگاکانى تەڤگەری ئازادی خزمەت بەگەلی کورد، برایەتى و دیموکراسی ناکات و دەکەوێتە خزمەتى داگیرکەرانەوە. ئەو هێرشانە بە ئاگاهی و زانابوونەوە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەش یەکێتى و یەکگرتنى کوردان گرنگە. دەوڵەتى تورک دەیەوێت بەو هێرشانە ئیرادەى گەلی باشوور تێکبشکێنێت، بێگومان ئەوە پێویستى بە وەڵامێکى توند هەیە. ئەگەر ئێمە ئێستا رێ لەو هێرشانە بۆ سەر تەڤگەری ئازادی نەگرین ئەوا سبەى هێرش دەکرێتە سەر رێکخراو و دامەزراوەی تر".

ر.م