ئەحمد میرە: ڕۆژئاوای کوردستان قۆناغی گەشاوەی مێژووی کوردە دەبێت بیپارێزین

ڕۆژنامەنووس دکتۆر ئەحمدە میرە دەڵیت: ڕۆژئاوای کوردستان جوانترین قۆناغی مێژووی گەلی کوردە مەترسی داگیرکردنی هەیە لە لایەن تورکیاوە و دەبی بیپارێزین، حکومەتی هەرێم لەم بوارەدا ئەرکی خۆی پێکناهێنێت.

دکتور ئەحمد میرە ڕۆژنامەنووسی و سەرنووسەری گۆڤاری لڤین لە لیدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: ئەگەر ئێمە سەیری مێژووی چەند سەدەیەکی ڕابردووی کورد بکەین ئەوە دەبینین ئەو قۆناغەی کە ئیستا ڕۆژئاوای کوردستانی پێدا تێپەر دەبێت جوانترین و گەشاوەترین قۆناغی گەلی کوردە، کە لە پێناو سەربەستی و ئازادی خەبات دەکات، لە ئیستاوە ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکەری ببووەتەوە و پێویستە هەموومان بەیەکەوە بیپارێزین.

میرە وتیشی:" دەکرێت هەرێمی کوردستان پاڵپشتێکی باشی ڕۆژئاوای کوردستان بکات لە ڕووی میدیای و دیبلۆماسی نێودەوڵەتی، بەڵام لە بەر ئەوەی حوکمرانی لە باشووری کوردستان حوکمرانێکی تەندروستی نیشیمانی نییە نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، تەنانەت لە زۆر بارەوە ئەو چالاکیانەی کە هاوڵاتیان ئەنجامیان داوە دەسەڵات فشساری خستووەتە سەریان ویستوویانە ئاستەنگیان بکەن، بەڵام ئەو کۆدەنگیەی لە شەقام دەیبینین زۆر گرنگن.

هەروها دەربارەی مەترسیەکانی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان ئەو ڕۆژنامەنووسە وتی: تورکیا و حکومەتەکەی ئاکپارتی پرسی کورد وەک یەک پاکێج سەیر دەکات، جا چی لە باشور بێت یاخود لە ڕۆژئاوا، هەموو ئەو میکانیزمانەی بۆ سەرکوتکردنی ئیستا گرتۆیەتیە بەر بۆ ڕۆژئاواوی کوردستان بەهەمان شێوە لە داهاتوو بۆ باشووریش بەکاری دێنێت، ئەردۆغان ئەوەی نەشاردووەتەوە و باسی لێوە دەکات.

لە درێژەی لیدوانەکەی دا وتیشی: لە دامەزراندنی حکومەتی تورکیادا ستراتیژی ولایەتی موسڵ هەیە کە شارەکانی باشووری کوردستان دەگرێتەوە و ئامانجی داگیرکردنی ئەو شارانەی هەیە بەتایبەتی چیای قەندیل چونکە قەندیل ناوەند و ستراتیژی گەلی کوردە.

ف.ق