ئەستەنبول: ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە لە ژێر ئابلوقەی پۆلیسدا بڵاوکراوەیان بڵاو کردەوە

ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە سەرەڕای رێگری و دروستکردنی بەربەست لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، بۆ ئامادەکاری سازکردنی کرنگرەی ئاسایی خۆیان، بڵاوکراوەیان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ لە شاری ئەستەنبول ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک هەدەپە لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکانی ٣یەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆیاندا بە مەبەستی بانگی بەشداریکردن، چوونە نێوە شەقام و لە سەر رێگای ئیستیقلال بڵاوکراوەیان بڵاو کردەوە، بەڵام لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانەوە رێگرییەکی توندیان لێ کرا.

هێزە ئەمنییەکان بە مەرتاڵ دەوری هەر یەک لە (گارۆ پایلان و ئیمام تاشچی ئەر و زەینەل ئوزەن و ئەرۆل کاترجی ئۆغلوو عەلی کەنان ئۆغلوو) ی ئەندام پەرلەمانیان گرت.

'دەوڵەت لە راستی ئێمە دەترسێت'

زەینەل ئوزەن ئەندام پەرلەمانی هەدەپە وتی: " ئەم فشارانە ئاشکرای دەکەن کە دەوڵەت لە راستی ئێمە دەترسێت. تەنانەت رێگە نادەن بانگ بۆ سازکردنی کۆنگرەکەشمان بکەین."

'شتێک بە ناوی دیمۆکراسی و ئاشتی و ئازادی بوونی نییە'

لە لایەکی ترەوە عەلی کەنان ئۆغلوو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە جەختی کردەوە کە لە تورکیا شتێک بە ناوی دیمۆکراسی و ئاشتی و ئازادی بوونی نیە و وتی: " ئەوانەی ئەم کردەوانە ئەنجام دەدەن، سبەی رۆژ حسابیان لێ دەپرسرێتە."

ئابلوقەی پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان تا بەردەم باڵەخانەی هەدەپەی ئەستەنبول بەردەوام بوو.

ز.ش