دکتور فەتحی مەحمود نوسەر و رۆژنامەنووسی رۆژنامەی ئەلئەهرامی میسری گۆتاری رۆژی ١٧ی ئەم مانگەی تەرخان کرد بۆ پرسی ئازادی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد.
دکتور فەتحی لە گۆتارەکەیدا باس لە تێکۆشان و خۆڕاگریی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و جەختیش دەکاتەوە کە لە مێژوودا لەگەڵ ئەوەی چەندین جار بەڵێنی بونیادنانی وڵاتێکی سەربەخۆ دراوە بە سەرۆک و سەرکردەکانی گەلی کورد، بەڵام هیچ کات ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون و گەلی کورد لە ئێستادا گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە لەسەر خاکەکەی خۆی، بێ وڵاتە.
دکتور فەتحی مەحمود لە بەردەوامی گۆتارەکەیدا دەڵێت، لە تورکیا بە دەیان جار هێرش و کۆمەڵکوژی و کوشتن و قڕکردن لە دژی گەلی کورد ئەنجام دراون و دەشلێت:"گەلی کورد لە دژی ئەو کۆمەڵکوژی و قڕکردن و رەشەکوژیانە، خۆی بە رێکخستن کردووە و ئامرازەکانی تێکۆشانیان خوڵقاندووە."
نووسەر دکتور فەتحی هەروەها تیشک دەخاتە سەر هەنگاوی بونیادنانی پەکەکە بە پێشەنگایەتی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و جەخت دەکاتەوە کە، ئۆجالان بە هاوکاری هێزە نێودەوڵەتیەکان لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ دەستگیر کرا و لەو کاتەوە تا ئێستا لە دوورگەی ئیمرالی لە ژێر هەڵومەرجێکی ناهەموار و سەختدایە.
لە گۆتارەکەیدا نووسەر دەڵێت:"ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد و کێشەکانی ناوچەکە پڕۆژەی جدی پێشکەش کردووە. پڕۆژەکانی لە ژێر ناوی پارێزنامەدا بڵاو کردووەتەوە. بە تایبەت لە چوارچێوەی پارێزنامەکەی بە ناوی مانیفستوی شارستانیی دیمۆکراتیکدا، رێگای چارەسەری و پڕۆژەی پێشکەش کردووە. ئاڕاستەکەی، لەسەر رێچکەی فیکری چەندین پێشکەوتنی بەدیهێناوە. لە چوارچێوەی پڕۆژە و پێشنیارەکانیدا بۆ چارەسەری لە جیاتی تێکۆشانی چەکداری، رێگای ئاشتی و دیمۆکراسی و دیالۆگی هەڵبژاردووە و مۆدێڵی چارەسەریی خستووەتەروو. بەڵام دەوڵەتی تورک بە دەستپێکردنی شەڕێک بۆ قڕکردنی کورد، وڵامی ئەم هەوڵانەی ئۆجالانی دایەوە بۆ چارەسەریی ئاشتیانە."
دکتور مەحمود راشیدەگەیێنێت، لەگەڵ سیاسەتی تورکیا بۆ پاکتاوی نەژادی، ئۆجالان کە ٢١ ساڵە لە دوورگەی ئیمرالیە، چەندین جار دەستی ئاشتی و چارەسەری و ئاگربەستی درێژ کردووە و دەڵێت:"بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بۆ ئازادیی ئۆجالان دەست بە کەمپینێکی گەورە بکرێت. رۆشنبیران، نووسەران، کەسانی ئەکادیمی، هونەرمەندان، کرێکاران و رەنجدەران لە سەرتاسەری جیهان، دەبێت بەشداری تێدا بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی نێودەوڵەتی یان کۆردیناسیۆنێک دروست بکرێت. هاوکات بۆ ئەوەی تاوانە نامرۆڤانەکانی رژێمی تورکیا ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێت، دەبێت بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت. دەبێت کاروخەباتێکی باش بکرت و سیستمی ئەردۆغان لەناو ببرێت.
ئۆجالان ئێستا وەکو نێلسۆن ماندێلایە کە لە ئەفریقا وەکو رێبەرێکی ئاشتی و ئازادی دەناسرێت و لە دژی رژێمی فاشیست و دیکتاتور لە باشوری ئەفریقا تێکۆشا، ئەویش هەم بۆ گەلی کورد و هەم بۆ گەلانی تری ژێردەستە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێبەرێکە کە مۆدێلی چارەسەریی دیمۆکراتیک و ئاشتیانە پێشکەش دەکات. ئۆجالان بەم شێوەیە دەناسرێت و پێشوازی لێدەکرێت. چونکە ماندێلا هێشتا لە زینداندا بوو کە هەوڵی چارەسەریی دیمۆکراتیک و ئاشتیانەی دەدا بۆ وڵاتەکە و هەر لە زیندانیشدابوو کە بوو بە رێبەری وڵاتەکەی. بۆ ئۆجالانیش کە بە هەمان شێوەیە، پێویستی بە کەمپینێکی نێودەوڵەتی هەیە."
ز.ش