ئەمریکا بەرنامە هەواڵگرییە شاراوەکەی لەگەڵ تورکیا راگرت
ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بەرنامە هەواڵگرییە شاراوەکەیان لەگەڵ تورکیا راگرتووە. ئەم بەرنامە شاراوەیە چەندین ساڵ لە دژی کورد بەکار هێنرا.
ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بەرنامە هەواڵگرییە شاراوەکەیان لەگەڵ تورکیا راگرتووە. ئەم بەرنامە شاراوەیە چەندین ساڵ لە دژی کورد بەکار هێنرا.
رویتەر لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بە لێدوانی چوار بەرپرسی ئەمریکا کردووە و رایدەگەیێنێت، بەرنامەی هاوکاریی هەواڵگریی شاراوەی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەیەکی نادیار، راگیراوە.
بە پێی هەواڵەکە، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەوان پێشوەختە تورکیایان لەم بڕیارە ئاگادار نەکردووەتەوە. بە هۆی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە دژی رۆژئاوا لە مانگی تشرینی یەکەم، ئەم بەرنامەیە راگیراوە.
ئەم بڕیارە بە واتای تێکچوونی پەیوەندییەکانی دوو دەوڵەتی ناتۆ دێت.
بە هۆی هەستیاریی بابەتەکە بەرپرسە ئەمریکییەکان نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت و هەواڵگریی دژی پەکەکەیان وەستاندووە. سوپای ئەمریکا بە فڕۆکەی درون کارە هەواڵگرییەکانی ئەنجام داوە.
یەکێک لەو بەرپرسانە رایگەیاندووە، درونە ئەمریکییەکان، لە ساڵی ٢٠١٧ لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا دەستی بە کۆکردنەوە زانیاری هەواڵگریی کردووە، بە تایبەتیش لە شاخەکانی باشوری کوردستان و نزیک لە سنووری تورکیا.
وتەبێژی پنتاگۆن وتوویەتی: "ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٧، پەکەکەی خستووەتە ناو "لیستی تیرۆرەوە". چەندین ساڵە ئێمە لەگەڵ تورکیا لەدژی پەکەکە تێدەکۆشین. بە هۆکاری سیاسی، هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆپڕاسیۆنەکانەوە بڵاو ناکەینەوە."
بە پێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، بەرپرسێکی تورکیا لە وەزارەتی پاراستنیش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەت کە ئەو بەرنامەیە راگیراوە.
ز.ش