ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا راگەیێندرا

ئەنجامنامەی شانزدەیەمین کۆنفڕانسی کورد-ی نێودەوڵەتیی لە پەرلەمانی ئەوروپا بڵاو کرایەوە.

دوای دوو رۆژ لە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە ٥ و ٦ی شوبات لە ژێر ناوی 'یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد' بەڕێوە چوو، دوای گۆتوبێژێکی تێروتەسەل، ئەنجامنامەی کۆنفڕانسەکە بڵاو کرایەوە.

کۆنفڕانسەکە کە بە سەرپەرەشتیی کۆمیسیۆنی وڵاتیبوونی یەکێتی ئەوروپا-تورکیا- EUTCCبەڕێوە چوو، لە لایەن هەر یەک لە فراکسیۆنی چەپ و چەپی باکور-سەوز، فراکسیۆنی سەوز، هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا و فراکسیۆنی هاوپەیمانی سۆسیالیست و دیمۆکرات کە دووەم گەورەترین فراکسیۆنە لە پەرلەمانی ئەوروپا، پشتیوانی لێکرا.

هاوکات چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانیش پشتیوانی کۆنفڕانسەکەیان کرد وەکو: دیسمۆند توگو خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ کە بە رەچەڵەک خەڵی ئەفریقای باشوورە، شیرین عەبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێران، جاگیر بیەنجا باڵیۆزی باڵای ئاشتی لە کۆنسەی ئەوروپا و سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤ-ی بیانجا، نوام چۆمسکی بیرمەند و زمانناسی جیهانی و لەیلا زانا خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤ و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە و چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانی.

لە ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و پەیوەندییەکانی تورکیا و کاریگەری کورد بۆ ئارامی و ئاشتی و بەم شیوەیە باسی لێوە کرا:" کورد لە رووی ئارامی، بەدیهێنانی ئاشتی، بابەتی دیمۆکراسی، ژینگەپارێزی، یەکسانی زایەندیدا ئەکتەرێکی کاریگەرە."

هاوکات ئەوەش بەبیر هێنرایەوە کە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە هەرێمی و رێنوێنییە گەردوونییەکانی کورد، لە ناوچەکە کە پڕە لە شەڕ و قەیران، بەرەپێشچوونی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، جەختیش کرایەوە کە پێویستە سەرەتا هاوکارییەکی بەهێزی ئەو هێزە دیمۆکراسیانە بکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازییەک ئاڕاستەی دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە ئەوروپییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا:

-پێویستە داگیرکەریی تورکیا لەسەر باکوری سوریا/روژئاوا وەکو پێشێلکردنی مافی نێودەوڵەتی تەماشا بکرێت، پێویستە سیاسەتەکانی پاکتاوی نەژادی کە لە ناوچەکە بەڕێوە بران، ئیدانە و شەرمەزار بکرێن و بانگەوازی ئەوە بکرێت کە تورکیا خۆی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.

-پێویستە بێ دوودڵی بانگ لە تورکیا بکرێت کە کۆتایی بە هێرشە ئاسمانی و داگیرکەرییەکانی بهێنێت لە هەرێمی کوردستانی عیراق کە بنپێکردنی یاساکانی نێودەوڵەتیە.

-پێویستە ئەندامانی هەدەپە و هەڵبژێردراوەکانی گەل ئازاد بکرێن و رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت و هاوسەرۆکانی شارەوانی کە لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە، بگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان و لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازییەک ئاڕاستەی تورکیا بکرێت.

-رێگا بەوە نەدرێت کە تورکیا بابەتی کۆچبەران و گروپە جیهادییەکان وەکو هەرەشە لەبەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکار بهێنێت.

-بۆ ئەوەی تورکیا ناچار بکرێت گۆشەگیری سەر عەبدولا ئوجالان بە پیی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، رێوشوێنی دیمۆلۆماسی، سیاسی و یاسایی بگیرێتە بەر. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە رێگەچارەی سیاسی، فشار لەسەر تورکیا دروست بکرێت و بە زووترین کات ئوجالان ئازاد بکرێت و سەر لە نوێ دەست بە دیالۆگ بکرێت.

-لە چوارچێوەی بابەتی، پەکەکە رێکخستنێکی تیرۆر نییە، پارچەیەکە لە شەڕی چەک، لەسەر بڕیاری دیوانی دادی ئەوروپا و دادگای باڵای بەلجیکا هەر چی رێگریی هەیە لەبەردەم کورد و پارتەکانیان، پێویستە لاببرێت و ئەم هەنگاوەش سوود بە چارەسەری بگەیێنێت.

ز.ش