ئەنجومەنی خۆسەریی شەنگال:هیچ بڕیارێک قبوڵ ناکەین لە دەرەوەی ئیرادەی شەنگال بدرێت

ئەنجومەنی خۆسەریی دیمۆکراتیکی شەنگال تیشکی خستە سەر گوتوبێژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی شەنگالەوە و رایگەیاند، ئەوان قوربانی زۆریان داوە، بۆیە هیچ بڕیارێک لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی شەنگال قبول ناکەن.

ماوەیەکە لە نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر بابەتی ئەمنی و بەڕێوەبەرایەتی شەنگال گوتوبێژ ئەنجام دەدرێت بە بێ ئەوەی بیروڕا و ئیرادەی گەلی شەنگال لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵ دەدەن لە ناوچەکە گۆڕانکاری نوێ ئەنجام بدەن.

ئەنجومەنی خۆسەریی دیمۆکراتیکی شەنگال لەم بارەیەوە راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، لە کاتی شەڕی داعشەوە تا ئێستا، ئەوان قوربانی گەورەیان داوە و بەم شێوەیەش گەلی شەنگال بووە بە خاوەنی ئیرادە و جەختیشی کردەوە، ئەوان بە بێ ئیرادەی گەلی شەنگال، هیچ بڕیارێک لە بارەی شەنگالەوە قبوڵ ناکەن.

لە راگەیێنراوەکەدا تیشک خرایە سەر کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کۆمەڵگای ئێزدی و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا، دوایین جار لە بەرواری ٣ی ئابی ٢٠١٤دا دوای ئەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، شەنگالی رادەست کرد و حکومەتی عێراقیش هیچ خاوەنداریەکی لە شەنگال نەکرد، داعش دەستی بە کۆمەڵکوژی کرد.

ئەنجونەکە راشیگەیاند، ئامانجی نەیاران، سەرکەوتوو نەبوو و لە ئەنجامی تێکۆشان و خۆڕاگریدا، کۆمەڵگای ئێزدی بوو بە هێز و ئیرادە و بە قوربانیدانێکی زۆر، رێگری لە دوژمن کرد و وتیشی، بەر لە ساڵی ٢٠١٤ ئیرادە و سیاسەتی پارتە سیاسیەکان بەسەر ئێزدیەکاندا دەسەپێنرا، بەلام کۆتایی بەو سەردەمە هاتووە، کۆمەڵگای ئێزدیشی وەکو پێشووتر نیە.

ئەنجومەنی خۆسەریی دیمۆکراتیکی شەنگال هاوکات تیشکی خستە سەر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی ناوچە جێناکۆکەکان و رایگەیاند، گۆتوبێژەکان چی دەبن باببن، بەڵام پڕۆژە و بیروبۆچوونەکانی سەر شەنگال بە بێ بیروڕا و ئیرادەی ئێزدیەکان ناگەن بە هیچ ئەنجامێک.

ئەنجومەنەکە راشیگەیاند، ئامانج و داواکاریی سەرەکی ئەوان ئەوەیە کە کۆمەڵگاکەیان بپارێزرێت و ببێت بە خاوەنی پێگەی خۆی و بەم شێوەیە دوا:"لە هەر بارودۆخێکدا ئەگەر بیروڕا و ئیرادەمان پشتگوێ بخرێت، ئەوا بڕیارەکان بێئەنجام دەمێننەوە و جێبەجێ ناکرێن."

لە کۆتاییشدا ئەنجومەنەکە جەختی کردەوە کە ئەوان دان بە هیچ بڕیارێکدا نانێن و جێبەجێی ناکەن، ئەگەر نەخرێنە ناو دانوستان و گوتوبێژەکانەوە و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی گۆتوبێژەکانی سەر مادەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان بگەن بە ئەنجان، دەبێت ئەوانیش وەکو لایەنێک جێی خۆیان لە دانیشتن و گوتوبێژەکاندا بگرن.

ز.ش