ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە: ئاکەپە و مەهەپە ترسیان لە گەنجان هەیە

ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە لەبارەی ٣٦ ئەندامی دەستبەسەر کراویان، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوەو رایگەیاند ئاکەپە و مەهەپە نەیانتوانی گەنجان بکێشنە ناو بواری مادەی هۆشبەر و دواکەوتویی و بەو هۆیەوەشەوە ترسیان لە هێزی گەنجام هەیە.

ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە لە ئەستەنبۆل، لەبارەی دەستگیرکردنی ٣٦ ئەندامیان لە ناوەندی هەدەپەی شاری ئەستەنبۆل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کردن و دەستبەسەرکردنەکەیان شەرمەزار کرد. بنەماڵەی گەنجانی دەستبەسەرکراو، پارێزەرەکانیان و دایکانی ئاشتی بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بوون.

گولای ئالابوگا ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە وەبیری هێنایەوە کە گوشارەکان لەدژی حزبەکەیان ڕۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت و ئەندامەکانیان بەهۆی ئەوەی لەدژی سیاسەتەکانی شەر بوون دەستبەسەر کراون و ئەندامەکانیان لەدژی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ، لە ١٠ی تشرینی دووهەمەوە لە چالاکی مانگرتن دان. ئالابوگا سەرنجی ڕاکێشایە سەر تێکۆشانی گەنجان و وتی: "بلۆکی ئاکەپە- مەهەپە بە گرتن و ئەشکەنجە دەیانەوێت ڕێگریی لە تێکۆشانی ئەنجومەنی گەنجان بکەن. بەڕێوەبردنی خەباتی گەنجان هیچ کات لەدژی گۆشارو هێرش و ئەشکەنجەکان  بێدەنگ نابن و لە بەرخۆدانی خۆیان بەدرەوام دەبن".

دواتر سوڵتان بۆزکورت ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی قسەی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە گەنجانی دەستبەسەر کراو ئازاد بکرێن و وتی: "ناتوانن بە گوشار و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە دان، دەنگی کورد کپ بکەن. دەبێت کۆتایی بە بەو زوڵمە بهێنرێت کە لە ڕۆڵەکانمان دەکرێت. هەزاران ساڵە کورد لەسەر ئەم خاکەن و داوای مافەکانیان دەکەن. جگە لەوە شتێکی ترمان ناوێت. ڕۆڵەکانمان هیچ تاوانێکیان نەکردووە. سەدان ڕۆڵەمان ئێستا لە گرتووخانەکاندان. ئێوە ناتوانن بەم شێوەیە کۆتایی بە گەلی کورد بهێنن".

هەروها بەدیعە ئوزگۆکچە ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتیش قسەی کردوو رایگەیاند لەم وڵاتە زۆر کەس ناحەقی و کاری نایاسایی ئەنجام دەدەم، بەڵام کەس نایانگرێت. ئێستا ڕۆڵەکانمان لە چالاکیی مانگرتندان. ئێمە بەدوای ڕۆلەکانمانەوەین. ڕۆڵەکانمان ئازاد بکەن.

زولەیخا گولوم پەرلەمانتەری هەدەپەی ئەستەنبۆڵ-یش وتی: "ماوەیەکی درێژە لەم وڵاتە مرۆڤ ناتوانێت باسی ماف و یاسا بکات. یاسا بووەتە کەرەستەی گوشاری دەسەڵات. دەسەڵات حەز بە چارەی هەر کەسێک نەکات، یاساکەی بۆ دەخاتەگەڕ و دەیگرێت. دەسەڵات دەیەوێت بەو ئۆپەراسیۆن و دەستەبەسەرکردنانە، گەنجان بێدەنگ بکات".