ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال پیرۆزبایى لە نادیە موراد کرد

ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال پیرۆزبایى لە نادیە موراد چالاکوانى کوردی ئێزدی و دکتۆر دێنس ماکویچی داکۆکیکار لە مافی ژنان لە کۆمای کۆنگۆی دیموکراتیک کرد، کە بە شایانى وەرگرتنی خەڵاتى ئاشتیى نۆبڵ ناسێنراون لە جیهاندا.

لە پەیامەکەى ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال دا هاتووە "ئێمە وەک ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال خەڵاتى ئاشتیى نۆبڵ لە نادیە موراد و هەموو گەلی ئێزدی پیرۆز دەکەین. کچێکى ئێزدی، کە بە زەحمەتى و ناڕەحەتى خۆی لە دەست چەتە دڕندەکان رزگارکرد، ئازار و ئەشکەنجەیەک کە بەرامبەر بەو خۆی و هەزاران کچی تری ئێزدی ئەنجامدرابوو، بۆ سەرتاسەری جیهان گێڕاییەوە و جیهانی لەو تاوانانە ئاگادار کردەوە".

لە پەیامەکەی ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال دا ئەوەش هاتووە، نادیە موراد بە بوێرییەکى گەورەوە ئەو ئەشکەنجانەى لەلایەن چەتەکانى داعشەوە بەرامبەری خۆی و ژنان ئەنجامدرابوون بۆ راى گشتی و هەموو مرۆڤایەتى ئاشکرا کرد. بەو هۆیەوە بە شایستەى ئەو خەڵاتەیان زانی و ئێمەش جارێکیتر پیرۆزبایى لە هەموو گەلی ئێزدی دەکەین.

لە کۆتایى پەیامەکەى ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال دا ئەوەش خراوەتەڕوو "ئەوە بەس نییە، چونکە هێشتا کۆمەڵگەى ئێزدی بە مافەکانى خۆی نەگەیشتووە و هەزاران ژن و کچی ئێزدی تا ئێستاش لە دەستی چەتەکاندان. ئێمە هیوادارین لە زووترین کاتدا چەوساندنەوەى سەر گەلی ئێزدی رابوەستێنرێت و خۆبەڕێوەبەریى شەنگال پەسەند و قبوڵ بکرێت".

ر.م