باخ و رەزە وشک کراوەکانى کوردستان!

بەهۆی سەپاندنى شەڕ و جەردەوانیى دەوڵەتى تورک بەسەر هاووڵاتییانى گوندەکاندا لە ساڵانى ١٩٩٠ کاندا هاووڵاتییان بۆ رەتکردنەوەى جەردەوانى بە ناچار گوندەکانیان چۆڵکرد و یەکێک لە زیانەکانى وشکبوونی باخ و رەزەکانى کوردستان بوو.

جۆگرافیاى کوردستان بە بەربوومە جۆراجۆر و دەوڵەمەندەکانى ناوبانگی هەیە، بەڵام بەهۆی سەپاندنى شەڕی دەوڵەتى تورک لە دژی خەڵکى کوردستان ئیتر بەروبووم و دەوڵەمەندیى وڵاتەکەمان وەک جاران نەماوە.

گوندی هیزووی ناوچەى حەسکێفی پارێزگاى ئێلح یەکێک لە گوندانەیە، کە بەهۆی چۆڵکردنى ناچارییەوە باخ و رەزەکانى، باخە هەنارەکانى و هەنجیرەکانى و چەندین جۆری تری داری میوەی وشکبوون.

هاووڵاتییانى گوندەکانى کوردستان بەهۆی رەتکردنەوەى سیاسەتى سەپاندنى شەڕ و جەردەوانیى دەوڵەتى تورک ناچار بوون گوندەکانیان چۆڵ بکەن و یەکێک لە زیانەکانى ئەو سیاسەتە وشکبوونی باخ و رەزەکانى کوردستانە.

هاووڵاتییەکى گوندی هیزوو رایگەیاند، هاووڵاتییانى گوندەکەیان یەکگرتوو و هاوپشتی یەکتربوون و کاتێک سیستمى جەردەوانى بەسەر گوندەکاندا سەپێنرا ژمارەیەکى زۆر گوند بە ناچار چۆڵکران و هاووڵاتییانى گوندی هیزووش بۆ رەتکردنى ئەوە سیاسەتە ناچار بوون گوندەکەیان چۆڵ بکەن.

راشیگەیاند "سەرباری ئەوەى چەندین گوندی ناوچەکەمان بە ناچاری چۆڵکران، بەڵام من بۆ خۆم هەر لە منداڵییەوە لێرەم و هەرگیز دەستبەرداری خاکى خۆمان نەبووم و سەرباری گوشاری زۆریش بۆ سەپاندنى جەردەوانى، هیچ یەک لە هاووڵاتییانى ناوچەکە جەردەوانییان قبوڵ نەکرد".

گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان

هاووڵاتییەکى تری ئەو گوندە، کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ناوەکەى بڵاوناکەینەوە وتى، هاووڵاتییانى گوندەکان بەهۆی گوشاری دەوڵەت بۆ سەپاندنى جەردەوانى ناچاربوون گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ئەوەش بووە هۆی ئەوە ئیتر کەس ئاگای باخ و رەزەکان نەما و بەهۆی ئاودێری نەکردنەوە زۆرێک لە باخ و رەزەکان وشک بوون و ئەوەشی کە ماوەتەوە بەربوومی زۆر کەمیکردووە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی "ئێمە لەم رەزەدا، کە ئێوە دەیبینین دەیان سەوەتە ترێمان کۆ دەکردووە و خۆشاو و دۆشاو و باسوقمان لێ دروست دەکردن، بەڵام ئێستا تەنها ناوی رەزە و هیچی تر. هەنجیرەکانمان، هەنارەکانمان و هەموو ئەو بەربوومانەى بژێویى ژیانى خۆمان پێ دابین دەکرد بەهۆی چۆڵکردنى ناچاریى گوندەکەمان و بەبێ خاوەنیى باخ و رەزەکانەوە وشکیان کرد".

هاووڵاتییەکى تری ئەو گوندە پێى راگەیاندین، بە ناچاری گوندەکەیان چۆڵکردووە و لەوبارەیەوە ئاماژەى بەوەکرد "ئێمە دەزانین ئێوە چ ناڕەحەتییەکی دەکێشن، بەڵام هەمووان دەیانەوێت هەر چۆنێک بووە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانى خۆیان و بێنەوە سەر باخ و رەزەکانى خۆیان. هەموو دار و رەزەکان وشک بوون، دەمانەوێت هەموویان شین بکەینەوە و وەک پێشتریان لێ بکەینەوە و دووبارە ئاوەدانى بۆ ناوچەکەمان بگەڕێینەوە".

ر.م