بارودۆخی ئەمنی لە کرمانشان و مەریوان و جوانڕۆ رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت

بە پێی زانیارییەکان لە ئەنجامی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە شاری مەریوان ٢ هاوڵاتی و لە کرمانشان ٢ هاوڵاتی و لە جوانڕۆش ٤ هاوڵاتی بە گولەی سەربازانی رژێمی ئێران کوژراون.

خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە لایەن رەژیمی ئێرانەوە، کە لە ١٥ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامە و رۆژبە رۆژیش بەرفراوانتر دەبێت. لە زیاتر لە ٣٥ شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو بڕیارەی رژێمی ئێران، هاوڵاتیان رژاونەتە ناو شەقامەکان و وڵامی هێرشە دڕندانەکانی رژێم دەدەنەوەو ناوەندە ئابورییەکانیان کردووەتە ئامانج.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە دوێنی کاتژمێر ١٢:٠٠وە لە شارەکانی کرمانشان و مەریوان و جوانرۆ هێڵی ئینتێرنێت بە تەواوەتی بچڕێراوە. هێزە داگیرکەرەکانی رژێمی ئیران دوێنی دەستڕێژی گولەیان بەناو جەماوەر دا کردبوو کە لە هەرسێ شارەکەوە کۆ ببونەوەو لە ئەنجامدا زیاتر لە ٨ هاوڵاتی کوژران. لە وڵامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی رژێمدا هاوڵاتیان هێرشیان کردە سەر ناوەندە ئابورییەکانی دەوڵەت و لە کرمانشان کەسێکی پلە بەرز کوژرا و لە مەریوان ٣ بانک و لە جوانڕۆش ٥ بانکی دەوڵەت سووتێنران.

بە پێی زانیارییەکان لە مەریوان ٢ کەس و لە کرمانشان ٢ کەس و لە جوانڕۆش ٤ کەس لە لایەن هێزەکانی رژێمەوە کوژراون. رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ٣ لەو کوژراوانە ئاشکرا کردووەو بەو پێیە یەکێکیان خەڵکی مەریوانەو ناوی عوسمان نادری و دوانی دیکەش خەڵکی جوانرۆن بەناوەکانی کاوە محمودی و هەمزە نەقدی. هەورها راگەیندنەکانی رژێمیش هەواڵی کوشتنی پلەبەرزێکی رژێمیان لە شاری کرمانشان ئاشکرا کرد.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند نەک تەنها کەسوکاری کوژراوان ناتوانن تەرمی کوژراوەکانیان وەرگرن، بەڵکو لە لایەن رژێمەوە هەڕەشەی ئەوەیان لێ کراوە کە نابێت زانیاری لەبارەی رووداوەکان بدرکێنن.

لە ئەنجامی دەستڕێژی گولەی سەربازانی رژێم بۆ ناو خۆپیشاندەرانی جوانرۆدا ٢٥ کەس بریندار بوون کە ژمارەیەکیان گواسراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کرمانشان. لەبارەی بارودۆخی سنەشەوە، بە پێی زانیارییەکان دوێنێ شەو ژمارەیەک هاوڵاتی بە گولەی سەربازانی رژێم بریندار بوون، بەڵام ژمارەیان تا ئێستا نەزانراوە.

ز.ش