باشاران: ئاکەپە تەندروستی گەل دەخاتە مەترسیەوە

پەرلەمانتاری هەدەپە-ی ئێلح ئایشە ئاجار باشاران ڕایگەیاند، جیهان لەدەژی ڤاێرۆس کۆرۆنا لە تێکۆشاندایە، بەڵام ئاکەپە لە کوردستان دژایەتی کورد دەکات.

حکومەتی ئاکەپە لە ژێر سێبەری ڕۆژەڤی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەستی بەسەر شارەوانیەکانی هەدەپە-دا گرت. پەرلەمانتاری هەدەپە ئایشە ئاجار باشاران دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی قەیوم و سیاسەتی دژە کورد ڕاگەیاند و وتی، "لەسەرتاسەری جیهان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیستا تێکۆشان بەرێوە دەچێت بەڵام ئاکەپە ئەو قۆناغە وەک دەرفەت دەبینێ و هێرش دەکاتە سەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد.

'دژایەتی کوردان بەردەوامە'

باشاران ئاماژەی بەوەدا کە جیهان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیەکانی لە سەر مرۆڤایەتی، لە شێوازی بەرگری جیاوازدان و تێکۆشان دەکەن و ئاماژەی بەوەدا، "بەڵام حکومەتی ئاکەپە بەدوای حسابی جیاوازەوەیە.  لەبەر ئەوە ئاکەپە دوێنی لە بەرەبەیاندا شارەوانیەکانی ئێـمەی لە ئێلح، فارقین، لیجە، ئەرخەنی و گێلی گەمارۆدا و دەستیان بەسەرداگرت. لە ڕۆژی دەستپێکی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئێمە دەڵێین مرۆڤایەتی لە ژێر مەترسیەكی گەورەدایە. ئێمە بە پێویستی دەزانین کە پشتیوانی یەکتر بکەین،  تەنیا بە پشتیوانی یەکتر دەتوانین بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا  سەربکەوین، بەڵام ئاکەپە بە پێچەوانەوە سیاسەتی دووژمنایەتی لە دژی کوردان بەردەوام دەکات. ئاکەپە بەو بریارە مرۆڤایەتی دەخاتە ناو مەترسیەکی گەورە و بە تەنیا بیر لەدەسەڵاتداری خۆی دەکاتەوە، جگە لە خۆی بیر لە هێچ کەسی تر ناکاتەوە.

کاتێک مژار کورد بێت...

باشاران ئەوەشی وت، ئاکەپە دەمێکە ئەم سیاسەتە لە دژی کوردنبەرێوە دەبات. ئەو شتە بە ڕوونی لە ١٥ی حوزەیران کاتی بومەلەرزەکەی خارپیتدا دیار بوو. کاتێک پرسەکە کورد بێت، ئاکەپە هەموو شتێک وەلاوە دەنێت و دەست بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دژە کورد دەکات،  ئەوەش  لەکاتێکدایە وەزیری تەندروستی فەخرەدین کۆجا ڕایگەیاند:"  ئێمە هەموو ئایدەلۆژیا و فکرێک بدەینە لاوە لەدژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەیەکەوە تێکۆشان بکەین و خۆمان بپارێزن"، بەداخەوە ئەوە لە تورکیا ئاستەمە پێک بێت، چونکە ئەردۆغان و وەزیرەکانی تەنیا بیر لە تەندروستی خۆیان دەکەنەوە و بیر لە تەندروستی کۆمەڵگا ناکەنەوە، ئێـمە ئیستا لە قۆناغێکی سەختدا دەژین،  پرسی تەواوی جیهان تەندروستی گەلەکانیانە، بەڵام بەداخەوە ئەمە لە وڵاتی ئێـمە ئەستەمە، ئەگەر ئێستا هەموو لایەک سیاسەت و بەرژەوندی خۆیانیان وەلاوە بنایە، ئەگەر ئیستا شارەوانیەکانی ئێمە دەستیان بەسەردا نەگیرابا و ئەگەر هەزاران کەس لەبەر بێروڕای سیاسی لە زیندان نەبوونایە ئەوە دەبوو، ئێران وەک دەوڵەتێکی توندڕەو دەناسرێت، بەڵام ئەو هەزاران گیراوی سیاسی ئازاد کرد، بەڵام تورکیا کاتێک پرسەکە دەبێتە کورد، دەسەڵاتداران شتێکی نوی ناخۆڵقێنن بەڵکو بە پێچەوانەوە هێڕشەکانیان بەردەوام دەکەن، ئاکەپە بە گوێرەی نەتەوەپەرستی سیاسەتی خۆێ بەرێوە دەبات، دوو ڕوویی ئاکەپە بە دامەزراندنی قەیوم بەشێوەیەکی نوێ خۆێ پێشاندا، ئەو هاوریانەمان کە دوێنی دەستگیرکراون هەموویان کێشەی تەندروستیان هەیە، هیچ کەس ناتوانی تێکۆشەرانی گەلەکەمان تاوانبار بکات، تاوانباری هەرە گەورە ئاکەپە بۆ خۆیەتی.

لە کوردستان ڕێوشوێنی پێوست ناگیرێتەبەر

باشاران لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا کە ئاکەپە لە کوردستان هێچ ڕێوشوێنێکی پێوستی بۆ بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا نەگرتۆتە بەر و وتی، "کاتیک ئێمە تەماشای کوردستان دەکەین هێچ ڕیوشینێک بۆ بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا نەگێراوەتەبەر، شارەوانی گەورەی ئامەد کە دەستی بەسەردا گیراوە هێچ خزمەتێک پێشکەش بە گەلی ئامەد ناکات. لە ڕۆژی یەکەم تا ڕۆژی ئەمرۆش هەموو جیهان دەیبینی خزمەتی شارەوانی ئێلح چۆن بە شێوازیکی نیشتیمانیانە خزمەتی دەکرد، تورکیا بیر لەژیانی کوردان ناکاتەوە، ئەو کەسانەی لە ڕۆژێکی وا سەختدا شارەوانیەکانی گەل داگیر بکات بە هێچ شێوەیەک بیر لە تەندروستی گەل ناکاتەوە، با حکومەت باش بزانێت ئەمرۆ ئەگەر حکومەت ڕێوشوینی پێوست لە کوردستان نەگرێتەبەر لە کوردستان ڤایرۆس بڵاو ببێتەوە ئەوە سبەی هەموو تورکیا دەگرێتەوە، بەوە شێوازە ئاکەپە دووژمنایەتی لە نێوان گەلاندا دروست دەکات. ئەمرۆ لە نەخۆشخانەکان دەمامک و دەستکێش نادەنە کارمەندانی تەندروستی، فکر و ئایدۆلۆژیایەکی ئەوندە چەپەڵیان هەیە ڕێز لە کارمەندانی تەندروستیش ناگرن."

ف.ق