باشاران: دەبێت لە دژی هێرشەکان کورد یەکبگرێت

عایشە ئاجار باشاران پەرلەمانتاری هەدەپە سەرنجی خستەسەر زۆربوونی هێرشەکان لە دژی دەستکەوتەکانى گەلی کورد و وتى، دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە یەکبگرێت.

عایشە ئاجار باشاران پەرلەمانتاری ئێلحی هەدەپە لەبارەى سیاسەتى شەڕخوازانەى حکومەتى ئاکەپەوە رایگەیاند، لە هەموو شوێنێکى ئەم جیهاندا هێرش دەکرێتە سەر دەستکەوتەکانى گەلی کورد. بۆیە دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە یەکبگرێت.

 

"لە دژی کوردان پیلانگێڕییەکى نوێ لە ئارادایە"

باشاران رایگەیاند، ماوەی ١٦ ساڵە ئاکەپە لە دەسەڵاتدایە و دەیەوێت بە سیاسەتى شەڕخوازانە و سیاسەتی سڕینەوە گەلی کورد ملکەچی خۆی بکات. لە ساڵی ٢٠٠٢ دا ئاکەپە بە ئیدعای چارەسەرکردنى کێشەى کورد، بە دیموکراسیکردنى تورکیا و هێنانى ئارامى بۆ تورکیا دەسەڵاتى گرتە دەست، بەڵام بە داخەوە ماوەی ١٦ ساڵە ئاکەپە تورکیاى بەرەو قەیرانى گەورەتر و قورستر بردووە.

باشاران راشیگەیاند "ئاکەپە ڤێرژنى نوێى نەژادپەرستى و رەگەزپەرستییە. حکومەتى ئاکەپە لەم سێ ساڵەى دوایدا راستیى خۆی بە تەواوی ئاشکراکرد. لە کۆبوونەوەى ساڵی ٢٠١٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشى نەتەوەیى (مەگەکە - MGK)دا پلانى سڕینەوە، کۆمەڵکوژکردن و ملکەچکردن بە بزووتنەوەى کوردی خستەبواری جێبەجێکردنەوە. سیاسەتى شەڕخوازانەى ئاکەپە بە پیلانگێڕییەکى نوێى نێودەوڵەتى لە دژی کوردان زیاتر چڕبووەتەوە. ئامانجی سەرەکیى ئەو سیاسەتە شەڕاگێزانەیە سڕینەوەى گەلی کوردە".

"کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست مۆدێلێکى نوێ دەئافرێنێت"

باشاران ئەوەشى خستەڕوو "هێرشەکان لە دژی گەلی کورد تەنها لە کوردستان ئەنجام نادرێن، بەڵکو لە هەر شوێنێک کورد بوونی هەبێت لەوێ هێرش دەکرێتە سەر کوردان. هێرش دەکرێتە سەر دەستکەوتەکانى کوردان، چونکە کورد دەیەوێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا مۆدێلێکى نوێ بئافرێنێت، بەڵام دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەیانەوێت رێگا لە خوڵقاندنى ئەو مۆدێلە بگرن. گەلی کورد نزیکەى ٥٠ ساڵ پێش ئێستا لە نەبوونەوە بوونی خوڵقاند و ئێستا لەسەرتاسەرى دونیادا بووەتە ئاکتۆرێکى سەرەکی. گەلی لە دژی هێزە داگیرکەرەکان لە تێکۆشانێکى نێونەتەوەیدایە. کاتێک ئێمە سەیری سیاسەتەکانى دژ بە کورد بۆ نمونە سەیری سیاسەتى داگیرکردنى عەفرین، پلانەکانى ئیدلب، منبج، باب، داگیرکردنى کەرکوک و هێرشەکانى ئێران بۆ سەر کورد دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت سیاسەتى سڕینەوەى سەد ساڵی رابردوو بۆ خۆیان نوێ دەکەنەوە و ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکەن. دەیانەوێت بەو سیاسەتانە کورد بێ ئیرادە بکەن و دەستکەوتەکانى لەناو ببەن".

"دەبێت کورد لە دژی هێرشەکان یەکبگرێت"

باشاران جێگیربوونى سەربازانى تورکی لە باشووری کوردستان بە هەنگاوێک بۆ داگیرکردنى هەموو باشووری کوردستان لێکدایەوە و لەوبارەیەوە وتى "ماوەیەک لەوە پێش هێزەکانى تورکیا لە گوندەکانى ژێر دەسەڵاتى پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە - PDK) خۆیان جێگیرکرد. گوایە تورکیا وتویەتى 'ئێمە بۆ قازانجی ئێوە هاتووین بۆ ئێرە و جێگیربووین'. ئەوە قسەیەکى گاڵتەجاڕانە و نوکتەیە. ئەوەش یەکێکە لە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانى دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە لە دژی کوردان.

ئێمە ناڵێین، باشوور پەیوەندیى لەگەڵ تورکیادا نەبێت. هەموو حکومەتەکان دەتوانن پەیوەندى لەگەڵ گەلانى دراوسێی خۆیان دا بەهێز بکەن، بەڵام نابێت ئەو سیاسەتە لە دژی دەستکەوتەکانى کوردان بێت. دەبێت کورد لە دژی هەموو سیاسەتەکانى دژ بە کوردان یەکبگرێت و لە دژی هێرشەکان بەوەستێتەوە".

ر.م