بایندر: تورکیاش گۆشەگیر کراوە

کەسکین بایندر هاوسەرۆکی دەبەپە رایگەیاند، گۆشەگیری بەسەر تەواوی تورکیادا دەسەپێنرێت. راشیگەیاند، دەبێت هەموو کەس لە دژی ئەوە تێکۆشێت.

کەمپەینە ٣ قۆناغییەکەی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا بە زنجیرە چالاکییەکانی 'زنجیری مرۆیی' لە چەندین شاردا کۆتایی پێهات. کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکى هەرێمەکان (دەبەپە) یەکێک لەو کەسانە بوو، کە چالاکانە بەشداری کەمپەینەکە بوو.

بایندر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت، رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بە سیاسەتە چەپەڵ و تایبەتەکانیان لە دژی بەها بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لە کۆمەڵگە نزیک دەبنەوە. بایندر وتیشی "لە دژی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە، ئێمە هەوڵماندا بانگەوازی تێکۆشانی هەمەلایەنە لەم کات و سەردەمەدا بڵاوبکەینەوە و ئەوەشمان کرد. لەم کاتەدا کەمپینەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ حیزبەکان، سەندیکاکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و گەل ئەنجامدا و ئەوە پشتڕاست بوویەوە، بزووتنەوەى سیاسیی کورد گرنگترین و سەرەکیترین هێزە بۆ تێکشکاندنی هەلومەرجی ئێستای فاشیزم لە تورکیا. ئەوەش بەرپرسیاریی ئێمە زیاتر دەکات".   

'ئێمە وتبومان گۆشەگیریی پەرەدەسەنێت'

بایندر ئەوەى بەبیرهێنایەوە، کە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد سیاسەتی گۆشەگیرکردن بە شێوەى بەرفروان و بەپێ بەرنامە و سیستماتیک بەڕێوەدەچێت و وتی "ئێمە لە سەرەتاوە وتبومان، کە گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان بە ناو هەموو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە و بەسەر تەواوی کۆمەڵگەیدا دەسەپێنن. رژێمی ئاکەپە – مەهەپە کارەکتەری دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەماى ئە گۆشەگیرییە دروستکردووە، بۆیە ئەو دەسەڵاتە هاوکات گۆشەگیری بەسەر هەموو هێزەکاندا و بەسەر هەموو کەسەکاندا لە تورکیا دەسەپێنێت. بۆیە بابەتی کۆتایهێنان بە گۆشەگیری نەک تەنها بابەتێکى تێکۆشانی رێکخراوەکان و گەلی کورد نییە، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگەى تورکیا لە دژی ئەو گۆشەگیرییە بوەستنەوە. ئێمە پێویستیی ئەوە وەستانەوەیەمان لە چاوپێکەوتنەکاندا بۆ هەمووان خستووەتەڕوو".

'قەیرانی ئابووری بە شەڕ دەشارنەوە'

بایندر سەرنجی خستەسەر قەیرانی ئابووری و سیاسی و وتی، بناغەى ئەو قەیرانانە کێشەى کوردە و ئەوەشی وت "دەیانەوێت بە سیاسەتی شەڕ قەیرانە ئابووریەکە بشارنەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و هێزە دیموکراسییەکان، کە ماوەیەکى دوور و درێژ کەوتنە داوی ئەو سیاسەتەوە، دەبێت ئیدی ئەو سەپاندن و بەڕێوەبردنەوە بوەستێنن. ئێمە ئەوە بە روونی و ئاشکرا بە رای گشتی لە تورکیا دەڵێین؛ ئەگەر سیاسەتی دیموکراتیکی کورد لاواز بکرێت، فاشیزم لە تورکیا بەهێزتر و هەمیشەی دەبێت. بۆیە تێکۆشان لە دژی فاشیزم دەبێت شانبەشانی بزووتنەوەى سیاسیی کورد بجوڵێتەوە".

ژ.ت