– ئامەد
رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجامی پیلانگێرییەکى نێونەتەوەى لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ دا رفێنرا و رادەستى دەوڵەتى تورک کرا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە ٢١ ساڵ ئۆجالان لە ژێر هەلومەرجی گۆشەگیریی قورسدایە. هەرچەند جاروبار و لەبەر هۆکاری جیاجیا رێگا بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان درابێت، بەڵام دەوڵەتى تورک هەموو مافە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی پێشێلکردووە و گۆشەگیرییەکى قورسی بەسەر ئیمراڵیدا سەپاندووە. ئۆجالان لە مافە بنەڕەتی و سەرەکییەکانى بێبەشکراوە.
کەسکین بایندر هاوسەرۆکى حیزبی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لەبارەى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد شیکاریى گرنگی خستەڕوو و لەبارەى ئاگرکەوتنەوە لە ئیمراڵی وتى، پارێزەرانى بەڕێز ئۆجالان دەبێت بە خێرایى بچنە ئیمراڵی و راستییەکان بۆ گەلی کورد و رای گشتی بخرێنەڕوو.
'گۆشەگیری ئەنجامی بڕیاری سیاسییە'
بایندر رایگەیاند، گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و راشیگەیاند "گۆشەگیرکردنى ئۆجالان بە هێنانی سیستمى سەرۆکایەتی قوڵترکرایەوە. گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان ماوەى ٢١ ساڵە بە بەردەوامی درێژەى هەیە. لە ئیمراڵی سیستمێک دامەزرێنراوە و ئیمراڵی بە تایبەتى بەرێوەدەبردرێت. چەندین ساڵە چاوپێکەوتن و پەیوەندیى تەلەفونیى لەگەڵ ئاستەنگ دەکرێت. لە ئەنجامی چالاکیى مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگایەتى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە، کە ئەو مانگرتنە بەسەرتاسەری دونیادا بڵاوبوویەوە، پارێزەران دواى ٨ ساڵ توانییان چاویان بە بەڕێز ئۆجالان بکەوێت. گۆشەگیری هیچ لایەنیکى حقوقی و یاسایی نییە. ئەو گۆشەگیرییە ئەنجامی بڕیاری سیاسییە. پێشگرتن لە چاوپێکەوتن و دیدارەکان هیچ لایەنێکى حقوقی و یاساییى نییە".
'ئاشتیى کۆمەڵگە بەڕێز بەڕێز ئۆجالانە'
بایندر ئەوەى راگەیاند، ئۆجالان هەموو کاتێک خواستویەتى لە رێگاى دیموکراتیک و ئاشتییەووە کێشەى کورد چارەسەر بکات و وتی "لە ساڵی ١٩٩٣دا تاوەکو ئێستا بەڕێزە ئۆجالان زیاتر لە ١٢ جار ئاگربەستی راگەیاندووە. کاتێک حکومەتى تورک لە ناو خۆیدا بە بنبەست دەگات و بێچارە دەبێت گۆشەگیری سوک دەکات و رێگا بە چاوپێکەوتن دەدات. هەروەها سەردانى بەرێز ئۆجالان دەکەن. لە هیچ کات و سەردەمێکدا بڕوا و چاوەڕوانیى کۆمەڵگەى تورکیا لە حکومەت نەبووە و هەموو کات ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چاوی لە وتەیەکى بەرێز ئۆجالان بووە. لە ساڵی ٢٠١٣ – ٢٠١٥ دا بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆمەڵگەى تورکیا هەناسەیەکى بە بەردا هاتەوە و ئارامیى بە خۆییەوە بینی. بەڕێز ئۆجالان بناغەى ئافراندنی ئاشتیی کۆمەڵگەیە. بەرێز ئۆجالان هەموو کات و ساتێکدا بیری کردووەتەوە و خۆڵقکاریی کردووە و بۆ داهاتوو و ئاشتیی وڵات دەستی بە لێوردبوونەوەیەکى قوڵ کردووە. سیستمی دەوڵەت تاوەکو ئێستا خۆی لەسەر لەناوبردین ئاشتی و دیموکراسی بونیاتناوە. هەموو کات شەڕی پێشخستووە و خواستویەتى لە دیموکراسی و حقوق و مافەکان دووربکەوێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی شەڕ و قەیرانەکانی وڵات کۆتاییان پێ بێت، بەڕێز ئۆجالان هەموو کات لە لێوردبوونەوە و ئافراندایە".
'تەنها ئۆجالان دەتوانێت ئەم ئاگرە بکوژێنێتەوە'
بایندر رایگەیاند، لە دواى ئەوەی پرۆسەى چارەسەری لەلایەن حکومەتەوە تێکدرا، سیاسەتی شەڕی ئاکەپە بە خێرایی کەوتە جوڵە و ئەوەشی وت "دواى ئەوەى سەرۆک کۆمار ئەردۆغان مێزی چارەسەریى هەڵگەڕاندەوە و لە تورکیا و کوردستان سیاسەتى شەڕ کەوتەکار. هەزاران هەڤاڵی سیاسەتمەدارمان دەستگیرکران و زیندانیکران، سەدان کەس کوژران. بەڕێز ئۆجالان لە سەرەتاى ٢٠١٣دا رایگەیاندبوو 'ئەگەر کێشەى کورد چارەسەر نەبێت، ئەوا شەڕێکى گەورە و قوڵ دەستپێدەکات' هەموو ئەو دووربینییەى بەڕێز ئۆجالانیان یەک بە یەک دەردەکەوێت. کاتیکیش سەیری ئەم بەڕێوەبردنە دەکەین ئەوە دەبینین، هەرێمەکە بووەتە شوێنى ئاگر. بۆ ئەوەى ئەو ئاگر بکوژێتەوە دەبێت دەستوبرد چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدرێت. بەرێز ئۆجالان خاوەن فیکر، فەلسەفە و زانست و ئاگاهییە. لە دەرەوەى بەڕێز ئۆجالان هیچ کەس ناتوانێت ئەو ئاگرە بکوژێنێتەوە. بەڕێز ئۆجالان لە هەموو بەرگرییەکانى خۆیدا و لە هەموو چاوپێکەوتنەکانیدا سەرنجی دەخاتە سەر رێگاکانى چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان نەخشەرێ ئامادە دەکات، بەڵام هیچ موخاتەبێک کە بتوانێت لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دانیشێت بوونی نییە. دەوڵەت ئەو عەقڵەى نییە، کە بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".
'گۆشەگیری بووەتە سیاسەتى دەوڵەت'
بایندر ئاماژەى بەوەکرد، گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان بووەتە سیاسەتى دەوڵەت و ئەوەشی وت "حکومەت دەیەوێت بە گۆشەگیری بەردەوامی بە دەسەڵاتى خۆی بدات. هەموو کۆمەڵگە و تاکەکانى کۆمەڵگە لە ژێر گۆشەگیریدا راگیراون. لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا دەکرێت ژیانێکى نوێ بونیات بنرێت، فیکر و رامانى بەرێز ئۆجالان لە رۆژئاوا گەشە دەکات و دەڕوێت. فیکری ئۆجالان مۆدێلێکى ژیانی نوێ و ئەڵتەرناتیڤە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئەو سیستمەدا شەڕ راگەیاندراوە و دەیانەوێت ئەو سیستمە بخنکێنن. پێداگیری لەسەر گۆشەگیری پێداگرییە لەسەر شەڕ. بەڕێز لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پارێزەرەکانیدا وتبووی 'من دەتوانم لە هەفتەیەکەدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم'، بەڵام دەسەڵات بەرامبەر بانگی ئاشتی لە باکوور دەستکەوتەکانى کوردی دەستبەسەر کرد و خواستی بە هێرشکردن خاکی رۆژئاوا داگیر بکات و گۆشەگیریی رەها درێژە پێ بدات. تەنها بە بەرخودان ئەو گۆشەگیرییە تێکدەشکێنرێت".
'دەبێت بە خێرایى پارێزەرەکان بڕۆن بۆ ئیمراڵی'
بایندر کاردانەوەى بەرامبەر کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی نیشاندا و لە کۆتایى قسەکانیدا وتی "دەبێت بە خێرایى پارێزەرانى بەرێز ئۆجالان بچنە ئیمراڵی و راستییەکە بۆ گەلی کورد و رای گشتی بخەنەڕوو. گەلی کورد هیچ بڕوایەکى بە لێدوان و راگەیاندراوەکانى وەزیرانى دەوڵەت نییە. دەبێت ئێمە راستیى ئاگرکەوتنەوەکە لە رێگەى پارێزەرانەوە بۆ دەربکەوێت. تەندروستیى بەڕێز ئۆجالان بۆ کوردان و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆر گرنگە و ئێمەش گومانمان لەو دۆخە هەیە. دەبێت حکومەت بەپێی رۆڵ و پێگەى بەڕێز ئۆجالان بجوڵێتەوە و بە خێرایى پارێزەران بچن بۆ ئیمراڵی".
ژ.ت