بایک: دەبێت نەورۆزى ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی هەڵوێست لە دژی دەوڵەتى تورک –بەشی دووەم و کۆتایی-

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە "بەرنامەى تایبەت"ی ستێرک تیڤی دا شیکاریی بۆ نەورۆزی ٢٠٢٠ و سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتى تورک لە کوردستان کرد.

لە دوابەشی چاوپێکەوتنی دووهەمی جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە "بەرنامەى تایبەت"ی ستێرک تیڤی دا شیکاریی بۆ نەورۆزی ٢٠٢٠ و سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتى تورک لە کوردستان کرد و جەختیشی کردەوە کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەسەروبەندی لەناوچوون دایە و ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز هەبێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە دەکەوێت.

- شیرۆڤەکانی ئێوە لەگەڵ سەلماندن و پێشنیارەکانی رێبەر عەبدولا ئۆجالان یەکتر تەواو دەکەن. پێشووتر وتبووی، 'رێکەوتنی دیمۆکراسی' بۆ باکور، تورکیا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێشنیار دەکەم. لە دوایین شیرۆڤەکانیدا وتبووی، 'ئێوە قاچی سێهەمن. بە تێکۆشانی خۆتان، خۆتان راڤە بکەن، خۆتان بەهێز بکەن و ببن بە قاچی سێهەم. ئایا لە باکور و تورکیا و لە لای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئەم پەیامەی رێبەر عەبدولا ئۆجالان بە چی شێوازێک پێشوازی لێ دەکرێت و چۆن لێی تێدەگەن؟

بایک: واتا لە تورکیا ئۆپۆزیسیۆن هەیە، بەڵام لاوازە. ناتوانێت ئەرکەکەی جێبەجێ بکات. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەسەروبەندی لەناوچوون دایە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز هەبێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە دەکەوێت. رێگای دیمۆکراسی لە تورکیا بەرو پێشەوە دەڕوات. سیستمێکی دیمۆکراسی پەرە دەسەنێت. ئەو سیاسەتەی لە دژی کورد و هێزە دیمۆکراسییەکان بەڕێوە دەبرێت، کۆتایی پێدێت. بەڵام ئۆپۆزیسیۆن ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. بۆیە ئاکەپە-مەهەپە سوود لەمە وەردەگرن و خۆیان بە پێیوە دەهێڵنەوە. هەر کاتێکیش رووبەرووی سەختی و ناڕاحەتی دەبنەوە، وەک چۆن ئەلمانیا و ئەمریکا دەبنە هاوکار، ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیاش بە تایبەت جەهەپە هەمان شت دەکات. دەبێت بە قاچێکی ئەوان و لەسەڵاتدا دەمێننەوە.  

بۆیە لە تورکیا هێزی بنچینەیی دیمۆکراسی لە هەدەپەدا پێش دەکەوێت. لە راستیدا ئەو هێزە، هێزی بنچینەیی دیمۆکراسی و ئۆپۆزیسیۆنە. بۆیە رێبەر ئاپۆ دەڵێت،'مێز لەسەر دوو قاچ ناوەستێت'، پێویستە قاچێکی دیکەش هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر سێ قاچ بوەستێت. قاچی سێیەمیش هێزی دیمۆکراسی هەدەپە و ئەو هێزانەن کە لەگەڵ هەدەپە بوونەتە یەک. هەدەپەش رێکەوتنێکە، چەندین هێز تێیدا جێدەگرن. بەڵام ئەوەی گرنگە بپرسین ئەوەیە بڵێن ئایا ئەو رێکەوتنە بەسە یان نە؟ پێویستە خۆی بەرفراوانتر بکات. عەلەوی هەن، چەندین گەلی دیکە هەن. ئایینی دیکە هەن، ژنان هەن، گەنجان هەن، کەسانی رەنجدەر هەن. رۆشنبیر هەن، واتە زۆر هێز هەن لە دژی فاشیزم. چەندین هێز هەن کە دیمۆکراسی و ئازادی بە بنچینە وەردەگرن. پێویستە هەدەپە هەموو ئەمانە بەهێز بکات. ئەو رێکەوتنەی ئێستا هەیە بەرتەسکە، دەبێت بەرفراوان بکرێت. ئەو کات داواکارییەکانی گەلانی تورکیا جێبەجێ بەدی دێن. ئەمە راستترینیانە، ئەوەی رێبەر ئاپۆش پێشنیاری بۆ دەکاتە ئەوەیە. واتە شۆڕشیش بە بێ یەکڕیزی و رێکەوتن نابێت. تەنها رێگایەک کە مرۆڤ بتوانێت لە دژی فاشیزم بوەستێتەوە ریکەوتنە، مرۆڤ دەتوانێت پەرە بە دیمۆکراسی بدات، شۆڕش بەرەو پێشەوە بەرێت. ئەمە ئەرکی سەرشانی هەموو کەسیکە.       

-دەیانەوێت بە رێبازەکانی شەڕی تایبەت و دەروونی کۆمەڵگا بچەوسێننەوە، بە تایبەتیش لە باکور و تورکیا دەڵێن، 'هەزاران ئۆپڕاسیۆنمان ئەنجامداوە و بە هەزاران گەریلاش کوژراون'. بەڵام ئەم هەواڵانە رۆژنە بە درۆ دەخرێنەوە. دوایین جاریش وتبوویان لە عەین عیسا ٣٤ شەڕڤانی هەپەگە کوژراون. نووسەر و رۆشنبیران دەڵێن لە راستیدا دەیانەوێت بەم هەواڵانە هەڵوەشاندنەوەی خۆیان بشارنەوە. ئێوە ئەم بابەتە چۆن شیرۆڤە دەکە؟

بایک:دەولەتی تورک، لە راستیدا لەسەر بنچینەی شەڕی تایبەت بونیاد نراوە. ئەگەر شەڕی تایبەت نەمێنێت، ئەم دەوڵەتە ناتوانێت بەردەوام بێت. بەردەوام دوژمن بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، دوژمنیشی نەبێت دەیدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕی تایبەت بەڕیوە بەرێت و کۆمەڵگای لاواز و بێ مۆڕالی بکات و تەسلیمیان بکات و بەردەوامی بە هەبوونی خۆی بدات. لە ئێستا دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە شەڕی تایبەتیان بەگوڕتر کردووە. تورکیا ئەو ئەزموونانەی وەری گرتوون، لە شەڕی تایبەتەوە بووە و شەڕی دەروونیشی بۆ زیاد کردووە. هەم شەڕی تایبەت، هەم شەڕی دەروونی بە یەکەوە بەڕێوەی دەبات. ئامانجیشی لەو شەڕە ئەوەیە کە سەر لە کۆمەڵگا بشێوێنێت و راستی و ناڕاستییەکان لەیەک جودا نەکاتەوە و بتوانێت بە درۆ هەڵیان بخەڵەتێنێت.

چی دەزگای راگەیاندنی بینراو و بیستراو و نووسراوی تورکیا هەیە کۆنتڕۆلی کردووە. لە ناوەندێکەوە شەڕی دەروونی بەڕیوە دەبات و بڵاوی دەکاتەوە، دواتر هەموو تەلەفیزیۆن، رۆژنامە و رادیۆکان بڵاوی دەکەنەوە. واتە وایان کردووە کەس ناتوانێت تەنها بیریش بکاتەوە. وایان کردووە کەسێک ناتوانێت تەنانەت رەخنەیەکی بچوکیش بگرێت. ئەوەی دەشیکات بە خائین ناوی دەبرێت. دەڵێن، ئێوە لە دژی ئیمەن، لە دژی تورکیان. ئێوە پیاوی هەندێک هێزن کە دەیانەوێت تورکیا تێک بدەن. وادەکەن بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بێدەنگ بمێنێتەوە. تاوانباریان دەکەن و تۆمەتیان بۆ دروست دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بدەن بە دەسەڵاتەکەیان.

پێشووتر دەیانوت،'راگەیاندنی محمدچیک ' (محمدچیک بە واتای سەربازی تورک دێت). ئەو راگەیاندنە هەموو رۆژ دەیانوت؛'ئەوەندە ئەندامی پەکەکەمان کوشت، کۆتاییمان پێهێنا، ئەمساڵ کۆتاییان پێدەهێنین'. بەرنامەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بەرێوە برد. بەم شێوەیە ویستیان گەلی کورد و بە گشتی گەلی تورکیا هەڵخەڵەتێنن. بەر لە تێکۆشان بگرن و کۆتایی پێبهێنن. بەڵام هەر چەند بەردەوام بوون لەسەر ئەو بەرنامەیە، هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا. ئێستاش راگەیاندنی (حەوز) ی نزیک لە ئاکەپە هاتووەتە ئاراوە. ئەو بەرنامەیەی پێشووتر راگەیاندنی محمدچیک بەڕیوەی دەبرد، ئێستا ئەوان بەڕێوەی دەبەن و تا لە دەستیشیان دێت بە شێوەیەکی بەهێزتر بەڕێوەی دەبەن. هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاو دەکەنەوە. دەڵێن، 'کۆتاییمان بە پەکەکە هێنا'. ئەمەش ئاشکرای دەکات کە سەر لەبەریان درۆن. دەڵێن، 'هێندەمان لە رۆژئاوا و هێندەشمان لە قەندیل کوشت.' ئەمانە هیچی راست نین.

بەمە دەیانەوێت مۆڕاڵی شەڕڤانان تێک بشکێنن، دەیانەوێت مۆڕاڵی گەلی کورد تێک بدەن. دەیانەوێت لە تورکیاش مۆڕاڵ بدەن بە ئەوانەی لەگەڵیاندان کە رۆژ بە رۆژ بێمۆڕاڵ دەبن. زۆربەی ئەوانەی پێشتر دەنگیان دەدا بە ئاکەپە-مەهەپە وازیان لێهێناون. ئیدی بڕوایان پێناکەن. بۆچی؟ بە هۆی ئەوەی ئەوان بابەتی ئایین زۆر خراب بەکار دەهێنن. وەکو چۆن لە کوردستان مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بابەتی ئایینیش بە هەمان شێوە بەکار دەهێنن. واتە ئاکەپە دوژمنایەتییەکەی قوڵتر کردەوە. بۆیە ئەوانەی پێشتر لەگەڵ ئاکەپەدا بوو، ئێستا دەڵین، پڕۆژەکەمان 'ئیسلامی سیاسی' تێک چووە. کێ لەناوی برد؟ خودی ئەردۆغان لەناوی برد. ئەویش بە ریکەوتن لەگەڵ مەهەپە. ئێستا لە کوردستان شەڕێکی قێزەوەن بەڕێوە دەبرێت. دەیانەوێت هەموو کەسێکیش بڕوایان پێبکات. ئەوانەشی کە بڕوایان پێناکەن، دەیانگرن و راپێچی زیندانەکانیان دەکەن. یان دەڵێن، دەبێت تورکیا بەجێ بهێڵی. سیاسەتێکی بەم شێوەیە لە دژی کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن. بۆچی؟ چونکە زۆر بێهێز بوون. ئاخر بێهێزبوون هەمیشە دروستکردنی فشار زیاد دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. فاشیست و دیکتاتورەکان هەمیشە لە دژی گەلان، لە دژی دیمۆکراسی و ئازادی، سیاسەتی فشاریان هەڵبژاردووە. چونکە تەنها بەم رێگایە دەتوانن کۆمەڵگا بێکاریگەر بکەن و خۆیان لەسەر پێ بهێڵێتەوە. ئەم فشارانە نەمێنن دەکەون. ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین، فاشیستەکان هیچ کات فشارەکانیان کەم نەکردووەتەوە. دیکتاتۆرەکانیش بە هەمان شێوە. بگرە بە پێچەوانەوە بە بەردەوامی فشارەکانیان زیاد کردووە. رۆژ بە رۆژ ویستوویانە ترس زیاد بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە، ئەمەش کۆتایی پێهێناون. لە ئێستادا لە تورکیاش ئاکەپە-مەهەپە هەمان شت دەکەن. بەم سیاسەتەیان کۆتایی بە خۆیان دەهێنن. دژایەتیکردنی کورد و دیمۆکراسی رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە، لە بەر هەمەش رۆژ بە رۆژ زیاتر ناویان دەزڕێت، ئیدی کەس باوەڕیان پێناکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنیان.

-دەوترێت بەم دواییە لە ناو گەل بە تایبەت لە باکوری کوردستان و بە دیاریکراویش لە بۆتان، دەوڵەت دەستی بە سیاسەتی قێزەوەنی هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی ئەخڵاق کردووە و بەم شێوەیە رووبەرووی گەل دەبێتەوە. ئەمەش بەشێکی دیاری رژێمی قڕکەرە. لەم بارەیەوە پەیامتان چییە بۆ گەلی بۆتان و گەل دەبێت چۆن رووبەرووی ئەم سیاسەتە ببێتەوە؟

بایک: ئێستا دەسەڵاتی فاشیست و ئەو دەسەڵاتەی داگیرکاری و قڕکردن بە بنچینە وەردەگرێت، هەمیشە سیاسەتی تێکدانی ئەخڵاق دەگرێە بەر. چونکە کۆمەڵگاکان بە ئەخڵاقەوە لەسەر پێدەمێننەوە. کاتێک بتەوێت کۆمەڵگایەک یان هێزێک کە لە دژی تۆیە لە ناوی بەریت و بتوانیت بەردەوامی بدەی بە دەسەڵاتەکەت، رێگای تێکدانی ئەخڵاق دەگریتە بەر و کاتێک ئەخڵاقیش خراب بوو، هەموو شتێک خراب دەبیت. ئەگەر ئێستا ئاکەپە-مەهەپە لە سەرتاسەری کوردستان بە تایبەتیش لە چەند ناوچەیەکی وەکو بۆتان کە دەیانەوێت ئەخڵاق تێک بدەن، هۆکارەکەی ئەوەیە دەیانەوێت کورد لە ناو بەرن و بە ناوی کورد و کوردستان شتیک نەمێنێتەوە. بۆیە دەست بۆ پرسی ئەخڵاق دەبەن. چونکە ئەوەی کۆمەڵگا بە یەکەوە دەهێڵێتەوە و لەسەر پێ دەیهێڵیتەوە و دەهێڵێت بژیت، ئەخڵاقە. ئەوان ئەمە باش دەزانن، بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەخڵاق بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگای کوردی هەڵوەشێننەوە و کاریگەری لەسەر دروست بکەن و لەناوی بەرن. با بزانین دەوڵەتی تورک چیدەڵێت؟ دەڵێت:'فرۆکەمان هەیە، کەشفمان هەیە، هاوکارمان هەیە، جاسووسمان هەیە، پۆلیسمان هەیە، جەندرمەمان هەیە و ٢٤ کاتژمێر پەکەکە و گەریلا لە ژێر کۆنترۆلی ئێمەدان، لە هەر شوێنێک چی دەبێت و چی روو دەدات لە ژێر کۆنترۆڵی ئیمەدایە.'

باشە، کەوایە لە کوردستان مادەی بێهۆشکەر لە هەر شوێنێک دەفرۆشرێت، ئەمەش زۆربەی پۆلیس دەیکات. هەنێکیشی جاسووسەکان دەیفرۆشن، هەندێکیشیان چەتەکان، هەندێکی ئەفسەرەکان. لەبەر چاوی هەموو کەسێک دەیفرۆشن، بۆچی ئەوان ناگرن؟ مادەی بێهۆشکەر لە ناو گەنجانی کورددا بڵاو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن گەنجانی کورد خراب بکەن. پەرە بە لەشفرۆشی و جاسووسی دەدەن. ئەمانە هەمووی خودی دەوڵەت پەرەی پێدەدات. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتە. چونکە دەیەوێت کورد لە ناو بەرێت، کاتێک ئەخڵاقی نەهێشت دەتوانێت کۆتایی بە کورد بهێنیت. ئەخڵاقیش بە لەشفرۆشی، مادەی بێهۆشکەر و جاسووسی لەناو دەچێت. گەنجان هان دەدەن بۆ ئەمە. لە سێرت هەندێک لەشفرۆشی دروست بوو، لەگەڵیشیدا ناڕەزایی و رەخنە گەورە بوون. ئەگەر هەڵە نەبم پارێزگاری ئەوێ وتبووی،'لە جیاتی ئەوەی گەنجان بچنە ناو گەریلا، با فحوش (کاری بێئەخڵاقی) بکەن باشترە'. ئەمە قسەی پارێزگارێکی تورکیا یە. ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە.

پێویستە گەلەکەمان ئەوە باش بزانێت کە دەوڵەتی تورک فحوش، جاسووسی، دزی و مادەی بێهۆشکەر بە زانابوون پەرەی پێدەدات بۆ ئەوی کۆمەلگای کوردی لەناو بەرێت. کاتێک ئەمە لە گەنجانەوە دەستی پێکرد، ئیدی دەتوانرێت کۆمەڵگای کوردی تێک ببرێت. گەنجان هان دەدەن بۆ ناو ئەم بازنەیە. بۆ ئەم مەبەستە برسیبوون لە کوردستان پەرەی پێدەدەن، ئابوری لەناو دەبەن و تاڵانی دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەو برسیبوونە راکێشن بۆ ناو سیاسەتەکەیان و مەجبووری خۆیانی بکەن، کۆمەڵگا کە نەتوانێت لە رووی ئابورییەوە خۆی بەخێو بکات مەجبووری ئەوان دەبێت. ئەم سیاسەتە بەرێوە دەبن. بۆتان ناوەندی خۆڕاگری و راپەڕینە. ئەو شوێنەی نرخ و پیرۆزییەکانی گەلی کوردی تێیدا بونیاد نرا، بۆتان بە بنچینە وەردەگرن. واتە لە بۆتان دەیانەوێت کۆمەڵگایەک لەناو بەرن. چونکە بۆتان سیمبولی خۆڕاگری گەلی کورد و گەریلا و شوێنی بونیادنانی نرخە پیرۆزەکانە.

خۆڕاگری و راپەرینەکان زۆربەی لەو ناوچەیە دروست بوون. لەبەر ئەو راپەرینانەش کۆمەڵگا هۆشیار بووە، نوێ بوویەوە، زانا بوو و گۆڕانکاری تێدا دروست بوو. دەیانەوێت ئەم تۆڵەیە لە گەلی بۆتان بسەننەوە. دەیانەوێت لە کەسایەتی بۆتاندا تۆڵە لە گشت گەلی کورد بسەننەوە. بۆیە پێویستە گەلەکەمان خاوەنداری لە رۆڵەکانی، لە خۆی، خانەوادە و دراوسێکانی و کەس و کاری بکات. خاوەنداری لە گوندەکەی لە کۆڵانەکانی بکات. ئەگەر بتوانن خۆیان باش بە رێکخستن بکەن و خۆیان و منداڵەکانیان، خانەوادەکانیان رابهێنن لە سەر زمانی کوردی و لەسەر پیرۆزییەکان و کلتور و راستی کۆمەڵگای کوردی خۆیان بەرێکخستن بکەن، دەوڵەت ناتوانێت سیاسەت بکات. لە گوندێک خۆی بەڕێکخستن بکات، دەوڵەت چۆن دەتوانێت سیاسەتی خۆی تێیدا جێبەجێ بکات. یان لە شارێک، کۆڵانێک ئەگەر گەل بە باشی خۆی بەریکخستن بکات، لەو کۆڵانە فحوش و مادەی بێهۆشکەر چۆن دەتوانێت پەرە بسەنێت.

ناتوانن. ئەگەر خۆمان نەمانەوێت دەوڵەت لەناومان بەرێت، دەبێت خاوەنداری لە خۆمان بکەین. رێبەر ئاپۆ بۆیە وتی،'خۆبوون'، واتە خاوەنداری کردن لە خۆت و لە هەموو شتێکی خۆت. لە دژی سیاسەتی داگیرکاری بوەستنەوە. ئەمە ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکی کوردە. ئەگەر ئەم هەڵوێستە بنوێنن، خۆیان بەرێکخستن بکەن و بەم شێوەیە تێکۆشان بکەن، دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت کۆمەڵگای کوردی لەناو بەرێت. ئەو کاتە ئەوان مەجبووری کۆمەڵگای کوردی دەبن، ئەو کات دەڵێن وەرن با کێشەکان چارەسەر بکەین. بۆ نموونە هەندێک لە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن،' پێشتر دەمانوت کوردستانمان لەدەستدا، چۆن بتوانین هەمووی لەدەست نەدەین، بۆیە هەندێک چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا.'

ئێستا هەندێک کۆنترۆڵی خۆمان کردووە، پێویست ناکات چاوپیکەوتن ئەنجام بدەین. بەم شێوەیە دەیانەوێت نزیک ببنەوە. بۆچی چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن، هۆکارەکەی چییە؟ بۆ ئەوە نییە کە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەیە کوردستان لەدەست نەدەن. واتە بە تاکتیک دەجوڵێنەوە. دەبێت گەلەکەمان لەم رووەوە هۆشیار بێت. لەم چوارچێوەیە دا جارێکی دیکە جەژنی نەورۆز لە گەلەکەمان و گشت مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەم. هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ز.ش