بایک: هەڤاڵ هەڵمەت خاوەنی تایبەتمەندیی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو

بایک رایگەیاند، هەڤاڵ هەڵمەت خاوەنی تایبەتمەندیی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو. بۆ ئەوە کەسایەتییەکى گەریلا بوو. دەیزانی چۆن نزیک ببێتەوە، چۆن ئێشی گەل لە مێشک و رووی خۆیدا بژییەنێت، بۆ ئەوەش هەموو کات بە رێزەوە پەروەردەکردنی گەلی بۆ خۆی کردبووە ئامانج.

بایک رایگەیاند، هەڤاڵ هەڵمەت خاوەنی تایبەتمەندیی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو. بۆ ئەوە کەسایەتییەکى گەریلا بوو. دەیزانی چۆن نزیک ببێتەوە، چۆن ئێشی گەل لە مێشک و رووی خۆیدا بژییەنێت، بۆ ئەوەش هەموو کات بە رێزەوە پەروەردەکردنی گەلی بۆ خۆی کردبووە ئامانج.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەرێوەبەری کەجەکە لە یەکەمین ساڵیادی شەهادەتی دیار غەریب دا باسی لە تێکۆشانەکەی، کەسایەتی و فیداکارییەکانى کرد. بایک سەرنجی خستەسەر تێکۆشانی گەریلاکانى باشووری کوردستان و هەروەها شەهیدبوونیان بە دەستی نۆکەر و هاوکارانی دوژمن.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادی شەهادەتی دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت)ەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوز قسەى کرد و لە پەیامەکەی جەمیل بایک بۆ یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بەمشێوەیەى خوارەوە لە رۆژ نیوزدا بڵاوکراوەتەوە:

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە یەکەمین ساڵیادی شەهید دیار غەریبدا دەڵێت "ئەوانەی لە باشور سیاسەت دەکەن، زهنییەت و سیاسەتی هەڤاڵ هەڵمەتیان بە مەترسیی بۆخۆیان دەبینی، بۆیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڤاڵ هەڵمەتیان شەهید کرد"، هەروەها باس لەوە دەکات، کە ڕێبەر ئۆجالان ئومێدی زۆری بە شەهید هەبووە و بایەخێکی تایبەتی پێداوە.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دیار غەریب ناسراو بە "هەڤاڵ هەڵمەت"، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ساڵێک بەر لە ئێستا و لە ٥-٧-٢٠١٩ لە هێرشێکی ئاسمانیی دەوڵەتی تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوو.

هاوسەرۆکی کەجەکە لە دەستپێکی قسەکانیدا باس لە تێکۆشانی گەلی کورد دەکات لە باشوری کوردستان و دەڵێت: گەلەکەمان لە باشوری کوردستان چەندین ساڵ تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییان کرد، لەو تێکۆشانەدا ئازاری زۆریان چەشت و باجی زۆریشیان دا، بەڵام هەرچەند ئازاری گەورەشیان چەشت، ئەو داواکارییانەی لە پارتەکانی باشور هەیانبوو بەدینەهات، چونکە کێشەی گەورە لە زیهنییەت و سیاسەتەکانیاندا هەبوو، لەبەر ئەوەش داخوازیی و هیوا و ئامانجەکانی گەلەکەمان بەدینەهات، لە زیهنییەت و سیاسەتی باشوردا هیچکات ئەو پارچەبوونە نەسڕایەوە، کە داگیرکەرانی کوردستان دروستیان کردووە، ئەو پارچەبوونەیان درێژە پێدا، لەکاتێکدا دەبوو لەدژی ئەو پارچەبوونە بووەستانایەتەوە، ئەوکاتە دەیانتوانی پارچەبوون بسڕنەوە و جوڵانەوەیەکی نەتەوەیی پێشبخەن، لەبەر ئەوەی ئەو پارچەبوونەی کە لە کۆمەڵگە و کەسایەتیی تاکەکاندا دروستببوو نەیانسڕییەوە، یەکێتیی نەتەوەیی لە باشوری کوردستان پێشنەکەوت.

ئاماژەش بە فراوانبوونی هزری ڕێبەری گەلی کورد دەکات بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان و دەڵێت: ئەو هێڵەی کە ڕێبەر ئاپۆ دایمەزراند، نەک تەنها لەدژی داگیرکاریی قڕکەران بوو، لەهەمان کاتدا لەدژی کۆنەپارێزیی، خیانەت و تەسلیمییەتی کوردیش بوو، ئەو هێڵە تەنها باکوری کوردستانی بەبنەما وەرنەدەگرت، بەڵکو هەموو کوردستانی بەبنەما وەردەگرت، نەتەوەییبوونیی کورد و تێگەیشتنی نەتەوەیی و یەکێتیی نەتەوەیی بەبنەما وەردەگرت، هەمیشە هێزی خۆی و هێزی گەلی بەبنەما دەگرت، بۆیە کاریگەریی ئەو تێکۆشانە تەنها لەسەر باکوری کوردستان نەبوو، بەڵکو لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کاریگەریی هەبوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی کەجەکە باس لە کاریگەربوونی گەنجانی باشوری کوردستان دەکات بە فکری ڕێبەر ئاپۆ و دەڵێت: هەڤاڵ دکتۆر سیروان لە ئەوروپاوە کاریگەر دەبێت بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، بینی کە گۆڕانکارییەکانی بنەڕەتیی لە کوردستاندا دەکات، بینی کە هێڵێ ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی و دیموکراسییەکی بەهێز پێشدەخات، کە خواستی گەلی کوردستانیش بوو، بۆیە ژیانی ئەوروپای جێهێشت و ڕووی لە کوردستان کرد، هاتە لای ڕێبەر ئاپۆ و خواستی کە هێڵێ ڕێبەر ئاپۆ بەقوڵیی تێبگات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو هێڵە لە باشوری کوردستان پێشبخات، دوای پەروەردە گەڕایەوە بۆ باشور و دەستی بە خەبات کرد.

جەمیل بایک، باسیش لە فشارەکانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان دەکات دژ بەو کەسانەی کە ئاوێتەی بیری ئاپۆچێتیی دەبوون لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا و دەڵێت: ئەو خەباتەی کە د.سیروان ئەنجامی دەدا، هەم لەسەر کۆمەڵگەی باشور و بەتایبەت لەسەر گەنجان کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد، چونکە زیهنییەت و سیاسەتێکی نوێ پێشدەخرا، بۆیەش هەم دەسەڵاتی باشور و هەم سیستمی ئیمپریالیستیش ترسیان لەو پێشکەوتنانە هەبوو کە بەدیدەهات، ویستیان بەر بەوە بگرن، چونکە بینییان کە گۆڕانکاریی گەورە دروست دەبێت و خزمەت بە بەرژەوەندیی ئەوان ناکات، بۆیە بڕیاریاندا بەری پێ بگرن، بۆ ئەوەشی بەری پێ بگرن دەستیان بە کوشتن کرد، سەرەتا هەڤاڵ ڕەئوف ئاکرەییان شەهیدکرد، پاشان عەلی شەعبانیان لە ئامێدی شەهید کرد، پاشان سادق عومەریان لە زاخۆ شەهید کرد، پاشان عومەر ئاغای سورچییان شەهید کرد، پاشتریش د.سیروانیان شەهیدکرد، بەو کوشتنانە پەیامێکیان بە گەنجانی باشور دەدا، ئەویش ئەوەبوو کە هەرکەسێک لەسەر ‌هێڵێ ڕێبەر ئاپۆ خەبات بکات، ئەوان ناهێڵن لە باشور بژی، دەیانویست هەموو کەسێک بترسێنن بۆ ئەوەی کەس لەسەر ئەو هێڵە تێکۆشان نەکات، بەڵام وەک ئەوەی ئەوان دەیانویست کاریگەریی دروست نەکرد، هەردەچوو زیاتر گەنجانی باشور دەیانویست ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، چونکە تێگەشتن کە ئەو هێڵە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی باشور بێت.

هەروەها دەشڵێت: بۆ ئەوەش گروپێک گەنج ڕوویان لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتیی کرد لە شام، ئەوکات منیش لەوێ بووم، لەناو ئەو گروپەدا هەڤاڵ هەڵمەت هەبوو، ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی بەهێز لەسەر ئەو گروپە ڕادەوەستا، چونکە بە ناوی باشوری کوردستانەوە هاتبوون، دەیانویست ئەو زهنییەت و سیاسەتەی دکتۆر سیروان و ئەوان لە باشور پێشیان خست زیاتری بەرەو پێشەوەی ببەن، بۆیە دەیانویست ڕاستیینەی ڕێبەر ئاپۆ بەقوڵیی تێبگەن، کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆیان لەسەر هەبوو، بەڵام دەیانویست لە نزیکەوە ژیانی ڕێبەر ئاپۆ ببینن و شێوازی هەڵسوکەوت و خەباتەکەی ببینن، ڕێبەر ئاپۆش دەیویست باش ئەوان پێش بخات، بۆیەش هەمیشە گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، هەم دەیویست لێیان تێبگات و لایەنە لاوازەکانیان نەهێڵێت و لایەنە بەهێزەکانیان بەهێزتر بکات.

هەر لە قسەکانیدا، جەمیل بایک باس لە سەرەتای بەشداربوونی هەڤاڵ هەڵمەت دەکات و دەڵێت: هەڤاڵ هەڵمەت یەکێکبوو لەوانەی باش لە ڕاستینەی ڕێبەر ئاپۆ تێگەیشتبوو، بۆیە لە هەوڵدابوو بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایانە سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە، کە بتوانێت کەسایەتییەکی وەک کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆ لەخۆیدا دروست بکات، بۆ ئەوەی بە شێوازی هەڵسوکەوت و تەرزی ڕێبەر ئاپۆوە لە باشور خەبات بکات، زۆر خۆی نزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرد، ڕێبەر ئاپۆش دەیبینیی کە پێشکەوتنی گەورە لە هەڤاڵ هەڵمەتدا دروست دەبێت، بۆیە زیاتر گرنگیی پێدەدا، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕاستینەی بزووتنەوە لە هەموو لایەکەوە بەباشیی پەی پێ ببات، بۆ ئەوەی کە گەڕایەوە باشور بتوانێت هێڵی ئازادیی و دیموکراسیی بە بەهێزیی بەڕێوەببات، بۆیەش هەڤاڵ هەڵمەت زهنییەت و کەسایەتییەکی زۆر گەورەی لەخۆیدا بونیادنا.

هاوسەرۆکی کەجەکە باس لە گەڕانەوەی هەڤاڵ هەڵمەت بۆ باشوری کوردستان دەکات لە کۆتایی نەوەدەکاندا و دەڵێت: دواتر هەڤاڵ هەڵمەت و ئەو گروپەی لەگەڵیدا هاتبوون بۆلای سەرۆک، گەڕانەوە باشوری کوردستان و دەستیان بە خەبات کرد، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای زهنییەتێکی نوێ سیاسەتێکی نوێ لە باشور پێشبخەن، چونکە پێویستیی باشور بەوە هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایە پارت'یان دامەزراند، بەشداریکردن و پەروەردەکردنی ئەوانەی بەشداردەبوون بەبنەما وەریان دەگرت، کە چۆن لە سیاسەت و زهنییەتی باشوردا گۆڕانکارییەکی دیموکراتیی دروست بکەن، کۆمەڵگە و کەسایەتییەکی نوێ بەرهەم بهێنن.

جەمیل بایک، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە ڕۆڵی هەڤاڵ هەڵمەت دەکات لە ئاشناکردنی ڕووی ڕاستیی دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد و دەڵێت: ئەگەر لەناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستاندا دوژمنایەتیی دەوڵەتی تورک بۆ گەل ڕوونبووەتەوە، ئەوە ڕۆڵێکی گەورەی هەڤاڵ هەڵمەتی تێدایە، هەڤاڵ هەڵمەت هەمیشە هەوڵیدا دوژمنی بنەڕەتیی گەلی کورد بە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان بناسێنێت کە دەوڵەتی تورکە، چونکە هەتا ئەوکاتە تەنها عێراق وەک دوژمن دەبیندرا، لەکاتێدا دەوڵەتی تورک دوژمنی هەرە گەورەیە، ئەمڕۆ ئەو ڕوانگەیەی لەناو کۆمەڵگەدا پێشدەکەوێت ڕۆڵی هەڤاڵ هەڵمەتی تێدایە.

باسیش لە هەوڵی هەڤاڵ هەڵمەت دەکات بۆ پێکهێنانی یەکێتیی و یەکڕیزیی گەلی کورد و دەڵێت: هەوڵیدا سیاسەتی باشور بۆ گەلی باشور ڕوونبکاتەوە، کە کوردستان تەنها باشور نییە، بەڵکو کوردستان گەورەیە، ئەمڕۆ ئەو پێشکەوتنەی لەبواری یەکێتیی نەتەوەییەوە لە باشور هەیە، ڕۆڵی گەورەی هەڤاڵ هەڵمەتی تێدا هەیە، ئەو هەستی بەوە دەکرد کە یەکێک لە ئازارە گەورەکانی گەلی کورد پارچەبوونە، چونکە داگیرکەران کوردستانیان پارچە پارچە کرد، کۆمەڵگە و کەسایەتییان پارچە پارچە کردووە، ئەگەر ئەو پارچە پارچەبوونە کاڵ نەکەینەوە، هیچکات ئازادیی و دیموکراسیی لە باشوری کوردستان بەدینایەت، هەڤاڵ هەڵمەت زۆر بەهێزانە لەدژی سیاسەتی پارچەکردن خەباتی کرد، جگەلەوەش بەتووندی دژی تەسلیمییەت و نۆکەرایەتیی دەوەستایەوە.

هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە چۆن هەڤاڵ هەڵمەت تایبەتمەندییەکانی ڕێبەری گەلی کوردی لە کەسایەتیی و تێکۆشانی خۆیدا بەرجەستە کردووە و دەڵێت: هەڤاڵ هەڵمەت نزیکایەتیی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ زۆر بەهێز بوو، چونکە تێگەشتبوو لەوەی ئەو ڕێبەرێتییە بەدیدەهێنێت دەبێتە وەڵام بۆ کێشەکان، بەدەر لەوە ڕێکخستن و پارت و سەرکردەکانی دیکە ناتوانن کێشەی گەلی کورد چارەسەر بکەن، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ هیچکات سنووری بۆخۆی نەدەکێشا، هەڤاڵ هەڵمەتیش هەمیشە هەوڵیدەدا زۆر زیاتر پێشکەوتن لەخۆیدا بنیادبنێت، بۆ ئەوەش هەمیشە لێکۆڵینەوەی لە مێژووی گەلی کورد و کەلتووری کوردیی دەکرد، چونکە بینیبووی کە ڕێبەر ئاپۆ لەبواری مێژوودا زۆر شارەزایە، بۆیە لە خەباتی باشوری کوردستاندا تایبەتمەندییەکانی ڕێبەر ئاپۆی بۆخۆی بەبنەما وەرگرتبوو، شارەزاییەکانیشی کردبووە پەرتووک، ئێستا خەڵکی باشور و گەنجانی باشور بەرهەمەکانی دەبینن و دەیخوێننەوە.

هەروەها دەشڵێت: تایبەتمەندیی هەڤاڵ هەڵمەت تایبەتمەندیی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو، لەو تایبەتمەندییانەدا خۆی بونیادنابوو، لەبەر ئەوە کەسایەتییەکی جەماوەریی بوو، چۆن نزیکی گەل ببێتەوە و لە ئێش و ئازارەکانیان تێبگات، بۆیەش هەمیشە لە نزیکایەتییکردنی لەگەڵ گەلدا ڕێزداریی گەلی بەبنەما دەگرت، هەمیشە پەروەردەکردنی گەلی بەبنەما دەگرت، پێش ئەوەشی شەهید ببێت چووە باشور گەلێک کۆبوونەوەی لەناو خەڵكدا ئەنجامدا، ئەو ڕۆژەشی شەهیدبوو لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکاندا کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو.

لەبارەی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتیشەوە، هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت: دەستی سیخوڕ لە شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتدا هەیە، ئەوانە لەگەڵ میتی تورک پێکەوە کار دەکەن، بەیەکەوەش ئەو کۆمەڵکوژییەی هەڤاڵ هەڵمەتیان ئەنجامدا، چونکە کەسایەتییەکی گەورەبوو و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی بوو، ڕۆڵێکی مەزنی بۆ هەموو کوردستان دەگێڕا، ئەوانەی لە باشور سیاسەت دەکەن، ئەو زهنییەت و سیاسەتەی هەڤاڵ هەڵمەتیان بە مەترسیی بۆخۆیان دەبینی، کە لە تەواوی کوردستان و باشوری کوردستان بەتایبەت کاری لەسەر دەکرد، لەبەر ئەوەش وەک چۆن پێشتر گەلێک وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕیان شەهیدکرد، هەڤاڵ هەڵمەتیشیان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا شەهید کرد.

جەمیل بایک دەشڵێت کە هەڤاڵ هەڵمەت گوزارشتی لە ‌هێڵی شەهید دکتۆر سیروان و ڤیان سۆران دەکرد و دەڵێت: هەڤاڵ هەڵمەت گوزارشتی لەو هێڵە دەکرد، کە دکتۆر سیروان و ڤیان سۆران (ڤیان جاف) لە باشوری کوردستان بۆخۆیان بە بنەما وەریان دەگرت، ئەو هێڵە ‌هێڵی ئازادیی و دیموکراسیی بوو، ئەو هێڵە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستان پێشی دەخست، هەڤاڵ هەڵمەت گوزارشتی لەو هێڵە و لەو شەهیدانە دەکرد، هەڤاڵ هەڵمەت ئەو وڵاتپارێزییەی باشور بە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بەهێز بکات، کە بتوانێت ئەو ئازارانەی کە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان چەشتوویانە و ئەو باجانەی داویانە، بیگەیەننە ئامانج.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە درێژەدان بە هێڵی هەڤاڵ هەڵمەت لە کوردستان بەگشتیی و باشوری کورستان بەتایبەت بە "قەرزی سەرشانیان" دادەنێت و دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەڤاڵ هەڵمەت گوزارشتی هەم لە ڕاستیینەی ڕێبەر ئاپۆ و هەم لە ڕاستیینەی تەواوی شەهیدانی کوردستان دەکرد، لەو تێکۆشانەشدا شەهید کرا، ئێمە وەک هەڤاڵانی هەڤاڵ هەڵمەت، ئەو هێڵەی کە  هەڤاڵ هەڵمەت لە کوردستان بەگشتیی و بەتایبەت لە باشور کاری لەسەر دەکرد، درێژەی پێ دەدەین، ئەوە بۆ ئێمە قەرزێکە و دەبێت گەلەکەمان باش بزانێت کە ئێمە ئەو قەرزە دەدەینەوە، ئەو بەڵێنەی کە داومانە بە هەموو شەهیدان بەجێی دەهێنین.

ژ.ت