برجا بەلەک ١٧١ ساڵە لە کورد قەدەغە کراوە

برجا بەلەک (بورج و قەڵاى بەلەک) دواى شەڕی ١٨٤٧ لە نێوان ئیمپراتۆریاى عوسمانى و میرایەتیى بۆتان، لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستى بەسەردا گیرا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە ١٧١ ساڵ، ئەو قەڵایە لە کورد قەدەغە کراوە.

قەڵای دێرینى بەلەک تەمەنی بۆ ٤ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەو قەڵایە ماوەى ١٦٠ ساڵ کرا بە ناوچەى سەربازی. لە ساڵی ١٩٩٥ تاوەکو ٢٠١٠ کرا بە عەمباری چەک و تەقەمەنیى سوپاى تورکیا. برجا بەلەک، کە ناوەندى میرایەتیى بۆتان-ە لە ئێستادا بەرەو داڕوخان دەڕوات.

برجا بەلەک بۆ گەلی کورد وەک بەهایەکى سیاسی، مێژوویى و رۆشنبیرییە. ناوەندى بەڕێوەبەریى میرایەتیى کورد بوو لە بۆتان بە پێشەنگایەتیى میر بەدرخان.

مێژووەکەى بۆ ٤ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. مەزەندە دەکرێت لەلایەن ئیمپراتۆریى گوتی-یەوە لەگەڵ قەڵا و سوورەکانى تری ناوچەى جزیردا دروستکرابێت. ئەو قەڵا دێرینە ٣٦٥ ژوور لە خۆ دەگرێت و بەهۆی بیناسازییە تایبەتەکەیەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. شوێنى بەڕێوەبەرانى حکومەت و دەسەڵاتداران، بڕیارگە و ناوەندى دەسەڵات، مزگەوت، زیندان و دەرسخانە (خوێندنگە)شى تیایدایە.

تاڵانکردنى میرایەتیى بۆتان

دواى شەڕی ساڵی ١٨٤٧ لە نێوان ئیمپراتۆریاى عوسمانى و میرایەتیى بۆتان دا، برجا بەلەک بۆ ماوەى ١٦٣ ساڵ کرا بە بارەگاى سەربازی. ئەو شوێنە بە بەردەوامى لە ژێر کۆنترۆڵى سەربازەکاندا بووە و لە گەل قەدەغە کرابوو. برجا بەلەک ناوەندى کار و بەڕێوەبەریى میرایەتیى بۆتان بوو. بەشێکى برجا بەلەک شوێنى مانەوەى مەم قارەمانى چیرۆکى ناوداری کورد، مەم و زین، بوو. لەبەر ئەوەش ئەو بەشەى برجا بەلەک پێى دەوترێت 'زیندانى مەم و زین'. ئەو زیندانە وەک جبخانە و عەمبار و دیوارە مێژووییەکانیشی بۆ شوێنى مانەوەى سەربازانى سوپاى تورک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە ناو گەلی جزیر و رێکخراوەکانى کۆمەڵى شارستانیدا ناڕەزایەتیى گەورەى لێکەوتەوە.

بەرخۆدانى خۆبەڕێوەبەری و قەیوم

لە جزیر و لە کاتى راگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ بۆ ماوەى ٧٩ رۆژ، کە بەرخۆدانى خۆبەڕێوەبەرى راگەیاندرا، هێزەکانى دەوڵەت بە چڕی برجا بەلەک-یان بۆردومانکرد. بۆردومانەکە زیانێکى زۆر گەورەى بە برجا بەلەک گەیاند. دواى ئەوەى قەدەغەکارییەکە کۆتایى پێهات، قەیوم لە شوێنى هاوسەرۆک شارەوانیى جزیر دانرا. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی گوێنەدانی قەیومەوە ئەو شوێنانەى برجا بەلەک کە زیانیان پێگەیشتبوو چاک نەکراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە برجا بەلەک مەترسیى رووخانى لەسەرە.

برجا بەلەک بورجی کوردستانە

برجا بەلەک دوایین جار وەک دیاریى جەلادەت بەدرخان تۆمارکرا. دواى ئەوەش بووە دیاری و وەک میرات بۆ سینەم خانى کچى مایەوە. سینەم خان لەبارەى برجا بەلەکەوە وتبووی "برجا بەلەک هی من نییە. ئەوە شوێنێکى مێژووییە. هی گەلی کورد و کوردستانە. دەمەوێت ئەو میراتەم ببێتە مۆزەخانەیەک". بەڵام تاوەکو ئەمدواییانە و ١٥ ساڵی رابردوو ، وەک عەمبار و جبخانەى سەربازى بەکاردەهێنرا. برجا بەلەک لە جزیرى شرنەخ دەکەوێتە سەر لێوارى رووبارى دیجلە. سەربارى ئەوەى لەلایەن وەزارتى رۆشنبیرى و گەشتیارییەوە وەک یەکەمین شوێنەوارى مێژوویی و شوێنێکى پارێزراو تۆمار کراوە، بەڵام لە ئێستادا مەترسیى رووخان و لە ناوچوونى لەسەرە.

 نیشانەى شەڕی چەپەڵی سەپێنراو بەسەر کوردستاندا

برجا بەلەک  مەترسیى داڕمانى لەسەرە، ئەو مەترسییەش نیشانەیەکى ئەو شەڕە چەپەڵەى دەوڵەتى تورکیایە کە بەسەر کوردستاندا سەپاندوێتی. هاووڵاتییانى جزیر کە برجا بەلەک بەو شێوەیە دەبینین دەڵێن "چەندین ساڵ وەک بنکە و بارەگاى سەربازی بەکاریان هێنا. مەڕمەڕ و بیهارتۆنیان بەسەر شوێنە مێژووییەکاندا هەڵچنی. باشە سەرباز کارى بەسەر شوێنى میژووییەوە چییە؟ دەوڵەت دەزانێت برجا بەلەک بۆ کورد و کوردستان زۆر گرنگ و هێژایە، بۆیە هەوڵ دەدات لەناوى ببات. ئەگەر ئەو کارەیان دوژمنایەتى نییە ئەى چییە؟".

ر.م