برینێکی ساڕێژنەبووی ٩٠ ساڵە؛ کۆمەڵکوژیی زیلان

کۆمەڵکوژیی زیلان ٩٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕی. ئەو کۆمەڵکوژییە لە ساڵی ١٩٣٠ لە دۆڵی زیلان لە ناوچەى ئەردیش لە پارێزگای وان ئەنجامدرا. سەرباری تێپەڕینی ئەو ماوە دوور و درێژەش، بەڵام هێشتا برین و ئازارەکانی بەردەوامە و ساڕێژ نەبووە.

لە دۆڵی زیلان لە ناوچەى ئەردیش لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان لە ١٣ی تەممووزی ١٩٣٠دا ٥٠ هەزار کورد لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە کۆمەڵکوژکران. لەو کۆمەڵکوژییەدا ژنان، منداڵان، بەتەمەنەکان، گەنجان و هەزاران مرۆڤ کوژران. سەرباری ئەوەى ٩٠ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا برینەکەى ساڕێژ نەبووە و توڕەیی لە دژی بکوژان و ئەنجامدەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە زۆر گەورەیە.

دەیان هەزار مرۆڤ لە دۆڵی زیلان دا کوژران و بەشێوەى بە کۆمەڵ لە شوێنی جیاجیای دۆڵەکەدا بەبێ بەجێھێشتنی شوێنەوار لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان کران بە ژێر گڵەوە. تاوەکو ئێستاش شوێنی گۆڕەکانیان دیار نییە.

٤٤ گوند سوتێنران و کاولکران

گوندەکانی هەجی کەس، حەسەن ئابدال، دۆلوجا، شاه بازاڕ، دۆگانجی، تەندورەک، چاکربەی، یلانلیک، هارهوس، بابا زەنگ، کۆمور، شۆر، شۆرک، مورشید، مەسجیدلی، کاراکیلیس، کوندوک، زۆراڤا، ئاریونیت، حەلاج کۆی، کۆش کۆپرو، کوروچەم، مولک، کیلیسە، گۆسک، پاراتاشی خواروو، پاراتاشی سەروو، بینەسی، بونیزی، پەلەخولی، کەرخ، سۆگوتلو، مگارە، کاردۆغان، کەللە، هۆستەکار، سوڤارکۆی، کزل کیلیسە، زیارەت، هیراشەن، کۆمیک، شەیتانئاڤا، بیرهان و کۆچ کۆپوری خوار، کە هەموویان دەکاتە ٤٤ گوند سوتێنران، کاول و تاڵانکران.

زیاتر لە ٥٠ هەزار مرۆڤ کوژران

دەوڵەتى دواى ئەوەى گوندەکانى سوتاند هەزاران کەسی بە کۆمەڵ لە رێگەى دەستڕێژی گولـلەوە کوشت و تەرمەکانى خستنە ناو ئاگر. ئەوانەى بە زیندوویی دەرچوون دووریان خستنەوە بۆ شارە تورکەکان.  دەستیان گرت بەسەر ئاژەڵ و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی گوندەکاندا. ئەو هاووڵاتییانەى کە لە ژێر تەرمەکاندا بە زیندووی رزگاریان بوو بوو، هەڵھاتن یان ناچار بوون ماوەیەکى زۆر دوور و درێژ بە قاچاخ بژین. دەوڵەتى تورک ژمارەى ئەو کەسانەى لە دۆڵی زیلان دا کۆمەڵکوژکراون بە ١٥ هەزار کەس راگەیاندووە، بەڵام شایەتحاڵەکانى ئەو سەردەمە و سەرچاوەکانی تر جگە لە سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک باس لە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە ٥٠ هەزار مرۆڤ دەکەن.

"گوندەکان بە تەواوی خاپوورکران، یاخیبووەکان لە ناوبران"

رۆژی ١٦ی تەممووزی ١٩٣٠ رۆژنامەى جمهوریەت، رۆژنامەی فەرمیی دەوڵەت لەبارەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانەوە بڵاویکردەوە "ئەو گوندانەى لە دەورووبەری چیای ئاگری پێشوازییان لە یاخیبووەکان دەکرد بە تەواوەتی خاپوورکران و سوتێنران و گوندییەکان گواسترانەوە بۆ ئەردیش. ژمارەی ئەو یاخیبووانەى لە ئۆپراسیۆنی زیلان دا لە ناوبران زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بوون. تەنها لە بەردەم مەفرەزەیەکدا هەزار کەس کوژران. ٥ یاخیبوو، کە لە دۆڵەکەدا گیریان خواردبوو خۆیان رادەستکرد. شەڕ لەوی بەشێوەیەکى گەورە و فراوان بەڕێوەچوو و دۆڵی زیلان لیپاولیپ پڕ کرابوو لە تەرم".

سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتى دەوڵەتى تورک عیسمەت ئینۆنو لە ٣١ی ئابی ١٩٣٠ دا بە رۆژنامەى میللیەتی ئەو کاتی راگەیاندبوو "لە وڵاتدا تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە، کە داوای مافە ئیتنیکی و نەژادییەکانى خۆی بکات. هیچ کەسێکی تر ئەو مافەى نییە. ئەوانەى بە پڕوپاگەندەی بێ بنەما فریودراون و رێگایان لێ تێکچووە، تورکە رۆژهەڵاتییەکانن".

گۆڕە بە کۆمەڵەکان کران بە ژێر ئاوی بەنداوەکەوە

دەوڵەتی تورک دواى ئەوەى لە دۆڵی زیلان کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا، ناوچەکەی بە تەواوەتی لە مرۆڤ چۆڵکرد و دواى ئەوە دەستی بە تاڵانکردنی سروشتی ناوچەکە کرد. دۆڵی زیلان دارستانێکى چڕی هەبوو و هەزاران جۆر ئاژەڵ و باڵندەی تیادا دەژیا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە کرایە ئامانج و دارە کۆن و پیرەکان، کە تەمەنیان سەدان ساڵ دەبوو لەگەڵ هەموو دارەکانی تردا بڕانەوە. ژمارەیەکى زۆر لە گاکێوی، کەڵەکوێ و چەندین جۆر ئاژەڵی تر لە ناوچەیەدا لەلایەن دەوڵەتەوە کوژران و لە ناو بران.

دەوڵەتى تورک دەیان هەزار مرۆڤی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کرد بە ژێر گڵەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٨ دا بەنداوی کۆچ کۆپروی لە دۆڵی زیلان دروستکرد و بەشێکى زۆی لە گۆڕە کۆمەڵەکانی کرد بە ژێر ئاوەوە. دەوڵەتى تورک، کە لە زیلان دەستی بەسەر خاکی کورداندا گرتبوو لە ساڵی ١٩٨٠دا تورکە قڕقیزەکانی تیادا نیشتەجێ کرد و سیاسەتی بە تورککردنی ناوچەکەى بەڕێوەبرد و لەو تورکە قڕقیزانەش جەردەوانی لە دژی کورد دروستکرد.

ئێش و توڕەیی بەردەوامە

کەسێک لە دۆڵی زیلان، کە بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە نایەوێت ناوەکەى بڵاوبکر ێتەوە رایگەیاند، دۆڵی زیلان سەرباری ئەوەى کە ٩٠ ساڵە بەسەر کۆمەڵکوژییەکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ژان و ئازارەکەى بەردەوامە و هەروها توڕەیی لە دژی دەوڵەت بەردەوامیی هەیە.

راشیگەیاند "ساڵی ١٩٣٠ لە کۆمەڵکوژیی زیلاندا، باپیری من و زۆرێکی تر لە خزمانم کوژران. وەک هەزاران کەسی تر، کە کوژراون، باپیرم و خزمەکانم گۆڕیان نییە. ئەوەى لە زیلان روویداوە تەنها کوشتنی بە کۆمەڵ نەبوو، بەڵکو سڕینەوە بوو، چونکە کوردیان بە تەواوەتی لەو ناوچەیەدا سڕییەوە. تاوەکو ئێمە لەسەر ئەو خاکە بین، ئێمە ئازارەکەى لە بیر ناکەین. ئێمە بە دڵنیایەوە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەین".

ژ.ت