بناری قەندیل؛ بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ و حاڵمان وێران بووە

لە بەردەوامی گەڕانمان بە گوندەکانی بناری قەندیل هاووڵاتییانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە دەکرد، ژیانیان نەماوە بە دەست فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە و تەنانەت ناتوانن کار و پیشەی خۆشیان بەڕێوە ببەن بە هۆی مەترسی بۆردومان کردنیانەوە.

ڕۆژانە ئێمە سەردانی گوندەکانمان دەکرد، زۆربەی کاتەکان ئێمە لە ژێر دارەکان خۆمان حەشار دەدا بۆ ئەوەی نەکەوینە بەرچاوی فڕۆکەی چاودێریی دەوڵەتی تورکیا، چونکە خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیل ئێمەیان ئاگادار کردەوە، کە ئەگەر فڕۆکەکان بزانن بۆ کاری ڕاگەیاندن هاتون ئێوە دەکەنە ئامانج و بۆردومانتان دەکەن. ئێمەش بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی ناوچەکە ببینین، پێویست بوو ماوەیەک و هەندێک جار ڕاوەستین تاکو فڕۆکەکانی تورکیا لەو ناوچەیە دەرباز دەبوو. ئەمەش لە پێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە و سەلامەتی گیانی تیمی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بوو.

نیاز ڕەسوڵ گەنجێکی گوندی ماونان لە بناری قەندیل ئاماژەی بەوەکرد، چەند ساڵێکە بە هۆی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە تەنانەت ناتوانن لە ناو گوندەکەشدا بە ئارەزوی خۆمان هاتووچۆ بکەین، تورکیا بە بیانوی پەکەکە ئێمە بۆردومان دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا خەڵکی گوندیش دەکاتە ئامانج، چونکە لە کۆتاییدا تورکیا ئامانجی ئەوەیە کوردێک لەناو بدات.

هەروەها وتیشی: "ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێڕاق، دەوڵەتانی ئەوروپا دەکەین بە دەنگ داواکاریەکانمانەوە بێن و ڕێگە چارەیەک بۆ بۆردومانەکانی دەوڵەتی دابنێن لەم ناوچەیە. ئێمە بە هۆی مەترسیی بۆردومانەکانەوە ناتوانین کاری ڕۆژانەمان بکەین و ڕەز و باخەکانمان ئاوەدان بکەینەوە".

ناوچەی باڵەیان ماوەی ٥ بۆ ٦ ساڵە بە چڕی بۆردومان دەکرێت، کاتێک بەسەر ڕێگای نێوان گوندەکان تێدەپەڕیت بە ئاشکرا دیمەنی ئەو خانوە ڕوخاوانە دەبینیت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی کردوون، جگە لەوەش بە هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی سوتێنراون و زیانیان بەرکەوتوە.

کارزان سلێمان قادر دانیشتوی گوندی سەرکانە و دەڵێت، پیشتر ژیان ئاسایی بووە، بەڵام لە ئیستادا بە هۆی ئەو بۆردومانانە ژیان لێرە سەخت بووە، چونکە ئێمە هەمیشە لە ژێر ڕەحمی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاین.

کارزان دەربارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا باسی لە یەکێک لە بۆردومانەکان کرد و ڕایگەیاند: "لە شەوی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی ماڵی مەحمودی مام برایمیان کرد و تیایدا چوار کەسی مەدەنی شەهید بوون، بەداخەوە تاکو ئێستا هیچ قەرەبویەکیش نەکراونەتەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوان بەو بیانوە کە گوایە بنکە و بارەگای پەکەکە لەم ناوچەیە بوونی هەیە قەرەبومان ناکەنەوە، بەڵام ئەو قسەیە هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و تەنها بیانوە".

دەربارەی بوونی بنکە و بارەگای پەکەکە لە گوندەکە کارزان ئەوەی ڕونکردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک بنکە و بارەگای پەکەکە لێرەدا بوونی نییە و بەداخەوە کە کەیسەکەیان بەلاڕێدا بردووە، هەروەها وتیشی:" ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانیان سەردانی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کردووە و پێیانمان ڕاگەیاندوە کە ناکرێت ئێمە بە هۆی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بین و ئێوەش ناوی لێ بنێن کە گوایە بە تەقینەوە گیانیان لە دەست داوە، چونکە ئەوەش زیاتر ئازارمان دەدات و برینەکانی ئێمەی قوڵتر کردووەتەوە".

هاوڵاتییەک کە دانیشتوی گوندی بوکریسکانە بە ناوی حەسەن ڕەسوڵ نێگەرانیی خۆی لەبەرامبەر بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە بە شەو ڕۆژ ژیانمان نەماوە من خۆم لە گوندی لێوژێ بووم کاتژمێر ١٢ی شەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی ئاژەڵەکانمیان کرد و زیاتر لە ٣٤ سەر ئاژەڵم لەو بۆردومانەدا تیاچون. لە زۆربەی گوندەکان دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبێل، خانو، ڕەز و باخ و خەڵکی گوندەکانیش دەکاتە ئامانج و بۆردومانیان دەکات".

لەم ڕاپۆرتەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا زانیاریی زیاتر لەبارەی شەهیدکردنی ئەو چوار گەنجەی گوندی سەرکانی سەر بە باڵەیان بخوێنەرەوە.

ژ.ت

راپۆرتە پەیوەندیدارەکان و زنجیرە راپۆرتەکانی بناری قەندیل

بناری قەندیل؛ "تاکو ئێستا ٦ ئامۆزام بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون"

****

بناری قەندیل؛ "داوای قەرەبو ناکەینەوە تەنها داوا دەکەین حکومەتی هەرێم کەیسەکانمان نەگۆڕێت"

****

بناری قەندیل؛ حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دان بە بۆردومانەکانی تورکیادا نانێت

****

کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!