بناری قەندیل؛ "تاکو ئێستا ٦ ئامۆزام بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون"

هاووڵاتییانی بناری قەندیل باس لەوە دەکەن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەیان بەرپرسی لەسەر کوشتنی هاووڵاتییەکی تورک لە هەولێر هاتنە دەنگ، بەڵام لەسەر شەهیدکردنی دەیان هاووڵاتیی بناری قەندیل لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کەسێک هەڵوێستی نەبوو.

ئەمڕۆ ئێمە لە گوندی زارگەلین کە سەر بە بناری قەندیلە، لە ساڵی ٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەم گوندەدا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. لەو کۆمەڵکوژییەدا ٨ هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و ١٧ هاووڵاتیی تری مەدەنیش بریندار بوون کە سەرجەمیان دانیشتوی بناری قەندیل بوون. تاکو ئێستایش ئەم گوندە بەردەوام لە ژێر مەترسیی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادایە، لە کاتێکدا تاکو ئێستا برینەکانی ئەو بۆردومانە لەسەر جەستەیان سارێژ نەبووە.

محەمەد ساڵح ڕەسوڵ خەڵکی گوندی بۆکریسکانە و خانەوادەی شەهیدە و دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکان دەڵێت: "بە گشتی ئێمە لێرە ٨ شەهید و ١٧ بریندارمان هەبوو، وەک خانەوادەی ئێمە ٥ شەهید و ١٢ بریندارمان هەبوو، بێ ئەخلاقی دەوڵەتی تورکیا لەوەدا بوو لە پاش بەدەمەوە هاتنی بریندارەکان و شەهیدەکان دووبارە ئەم شوێنەی بۆردومان کردەوە. بە ئێستاشەوە ژیان زۆر زەحمەت بووە لەم ناوچەیە چونکە هەمو ڕۆژێک فڕۆکە هەیە و بۆردومانی ناوچەکانمان دەکات".

دەربارەی راپۆرتی شەهیدەکان لە پزیشکی دادوەری سۆران محەمەد ڕەسوڵ وتی، لە راپۆرتی پزیشکیی ئەو شەهیدانەدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بەوە نەکراوە، کە بە فڕۆکەی جەنگیی تورکیا شەهید بوون، بەڵکو هەر کەسە و سیناریۆیەکیان بۆ ڕێکخستوە و نووسیویانە یەک بە قەزای ئۆتۆمبێل و یەک بە تەقینەوە و بۆ هەر کەسەوە شتێکیان نووسیوە.

هەروەها وتیشی: "ئێمە ڕەخنەی زۆرمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە ناکرێت بەو شێوەیە دەستکاریی شەهیدبوونی هاووڵاتییان بکات، ئەمە یەکەم کارەساتمان نییە، بەڵکو ٥ کەسی دیکەمان لە کورتەک لە ناو یەک ئۆتۆمبێل و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە شەهید بوون. بەداخەوە نە کەس لێپێچینەوە دەکات و نە لایەنێکیش سنوور بۆ بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا دادەنێت. ئێمە لەم ناوچەیە هەمیشە لە ترسدا دەژین، ناتوانین زەرعات بکەین و ڕەز و باخ ئاوەدان بکەینەوە، ناتوانین ئاژەڵداری بکەین لە ترسی ئەوەی، کە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانمان دەکات".

لە بەردەوامی گەڕانمان بە دوای قوربانیانی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا چاومان بە هاووڵاتییەک بە ناوی محەمەد ئەمین خدر کەوت، کە خۆی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە برینداربووە و هەروەها کوڕێکی و دوو ئامۆزا و دایکی بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بوون.

 محەمەد ئەمین دەربارەی ئەو بۆردومانانەی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکە ئەوەی ڕاگەیاند: "ئێرە ماڵی باوکم بوو، لە ٨ی ١ی ٢٠١٥ دەوڵەتی تورکیا بێ ڕەحمانە بۆردومانی کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک تەنها گوندی زارگەلی بۆردومان کردووە، بەڵکو تەواوی گوندەکانی بناری قەندیل وەکوو باڵەیان، کورتەک، سورە دێ، بڕە دێ، ئاشبوڵکە و بۆڵێی بۆردومان کردووە و بە دەیان خەڵکی سڤیل و مەدەنیی کردووەتە ئامانج. دەوڵەتی تورکیا ئامانجی تەنها پەکەکە نییە لە بناری قەندیل ئەو خەڵکی سڤیل و کاسبکاریش دەکاتە ئامانج".

محەمەد ئەمین دەربارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەیان جار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانیان  کردووە و پێیان ڕاگەیاندون، کە دەوڵەتی تورکیا لەم ناوچەیە خەڵکی سڤیل شەهید دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم لە ئاست بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بێ هەڵوێستە.

 هەروەها راشیگەیاند: "ڕەوشمان زۆر خراپە ئێمە ناتوانین باخچەیەک خزمەت بکەین، چونکە ڕژێمی تورکیا بۆردومانی دەکات و هەموی دەسوتێنێ، ژیانمان زۆر ئەستەم بووە لەم ناوچەیە. ئێمە ڕەخنەمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرس و لایەنی پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا کۆدەبێتەوە، بەڵام ڕێز لەوە ناگرێت کە کوڕەکەی من پێشمەرگەی ئەوان بوو شەهید بوو و هیچ حیسابێکیان بۆ نەکردین. تورکێک لە هەولێر کوژرا هەمو بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هاتنە دەنگ، بەڵام لەسەر دەیان شەهیدی بناری قەندیل کەس نایەتە دەنگ، ئەی ئێمە خوێنمان نییە، ئێمە مافمان نییە؟".

عائیشە نەبی خدر دانیشتوی گوندی بۆکریسکانە و بنەماڵەکەی خاوەن چەندین شەهیدە، کە بە هۆی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بوون. سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان شەو و ڕۆژیان نەماوە بەدەست فڕۆکە جەنگییەکانەوە و وتی، شوانەکانمان جوتیارەکانمان کاتێک بۆ کاروباری ڕۆژانە دەچن بۆ چیاکان هیچ گرینتییەکمان نییە کە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ئامێزی کەسوکاریان.

 هەروەها وتیشی: "ئێمە لێرە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناکەین، شەوان دەنوین کاتێک دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان دێت هەمو منداڵەکانمان لەخەو هەڵدەستن و هاوار دەکەن. فڕۆکەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تاکو ئێستا هەموو ناوچەکانی بناری قەندیل بۆردومان دەکات. بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ٦ ئامۆزام شەهید بوون، ٣ ئامۆزای هاوژینەکەم و کچێکی دایە ئامینە شەهید بووە، ماڵ و حاڵیان هەموی بەسەریاندا ڕوخاند بە جۆرێک دوای مانگێک قۆڵی کەسێک لە شەهیدەکانیان دۆزییەوە. تاکو ئێستایش هیچ لایەنێک و حکومەتێک لەسەر ئێمە هەڵوێستی نەبوە".

ژ.ت

راپۆرتی پەیوەندیدار

بناری قەندیل؛ "داوای قەرەبو ناکەینەوە تەنها داوا دەکەین حکومەتی هەرێم کەیسەکانمان نەگۆڕێت"

****

بناری قەندیل؛ بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ و حاڵمان وێران بووە

***

بناری قەندیل؛ حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دان بە بۆردومانەکانی تورکیادا نانێت

****

کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!