بناری قەندیل؛ "٢٤ کاتژمێر فڕۆکەی تورکیا بەسەر سەرمانەوە دەسوڕێنەوە"

هاووڵاتییانی بناری قەندیل باس لەوە دەکەن، کە ٢٤ کاتژمێر و بە بەردەوامی فڕۆکەی تورکیا بەسەر سەریانەوە دەسوڕێتەوە. هاووڵاتییەکیش دەڵێت: "فڕۆکەی تورکیا ساڵی پار ١٠ موشەکی لە باخەکەی مندا، هەمو دار و درەختەکانم لە بنەوە هەڵتەکین و باخەکەم وێران بوو".

هاووڵاتییانی بناری قەندیل باس لەوە دەکەن، کە ٢٤ کاتژمێر و بە بەردەوامی فڕۆکەی تورکیا بەسەر سەریانەوە دەسوڕێتەوە. هاووڵاتییەکیش دەڵێت: "فڕۆکەی تورکیا ساڵی پار ١٠ موشەکی لە باخەکەی مندا، هەمو دار و درەختەکانم لە بنەوە هەڵتەکین و باخەکەم وێران بوو. من سەیرم پێدێت لەسەر ئەم بارودۆخەى ئێمە هیچ لایەنێک هەڵوێستی نییە".

لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی گوندەکانی بناری قەندیل، ئەمڕۆ ئێمە لە گوندی سورە دێین، کە سەر بە بناری قەندیلە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بەردەوامی بەسەر ئاسمانی ئەم ناوچەیەوە دەسوڕێنەوە و بۆردومانی ناوچەکە دەکەن.

هەر لە سەرەتای چونە ناو گوندەکەوە، خەڵکی ناوچەکە ئێمەیان ئاگادار کردەوە کە زۆر وریا بین و بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ نەمێنینەوە،  چونکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانتان دەکات.

سەرەتای چونە ناو دێیەکە دیمەنی ئاسەواری ئەو شوێنانە بە ئاشکرا دەبینیت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی کردوون، تەنانەت کاریگەری لەسەر دەرونی خەڵکی ناوچەکەش دروستکردووە و بە شێوەیەکی سەیر تەماشای تیمی ئاژانسەکەمانیان دەکرد.

لە دەستپێکی گوندەکەدا کەسێکمان ناسی بە ناوی ئەحمەد عەبدوڵا کە لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ماڵەکەی کەوتوە. لە بارەی بۆردومانەکەوە ئەحمەد عەبدوڵا ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا ٩ مووشەکی لە نزیک ماڵەکەی من دا، زەرەر و زیانێکی زۆری بە ئێمە و ماڵی ئامۆزاکەم و براکانم گەیاند. تاکو ئێستا هیچ قەرەبویەکیش نەکراوینەتەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، تیمێک هاتن ناوی ئێمەیان تۆمارکرد، بەڵام تاکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە".

لە بارەی کاریگەریی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر کار و پیشەیان ئەحمەد عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانن باخەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، نەک تەنها باخەکانیان، بەڵکو تەنانەت خەڵکی گوندەکەش لە ئێستادا ناتوانن لێرە بژین بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە.

هەروەها وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا تەنها گوندی ئێمەی وێران نەکردوە، بەڵکو ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ گوندی لە نزیک بادینان وێران کردووە، تورکیا کوردستانی وێران کرد. لە سەردەمی سەدام حوسێن دەوڵەتی تورکیا سەگێکی لەسەر سنوور کوشت، لە تۆڵەی ئەو سەگەدا سەدام حوسێن چەندین عەسکەری تورکی کوشت، ئێمەش هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژ دەکرێین، بەڵام کەسێک نییە خاوەنداریمان لێ بکات".

    | زۆرتر بخوێنەوە ...
    ♦ "تاکو ئێستا ٦ ئامۆزام بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون"
    ♦ "بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ و حاڵمان وێران بووە"
    ♦ "حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دان بە بۆردومانەکانی تورکیادا نانێت"
    ♦ کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!
    ♦ "داوای قەرەبو ناکەینەوە تەنها داوا دەکەین حکومەتی هەرێم کەیسەکانمان نەگۆڕێت"

حەسەن ئیبراهیم کە دانیشتوی هەمان گوندە و ساڵی پار بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ڕەز و باخەکەی بە تەواوی سوتاوە و وەک خۆی باسی لێوە دەکات باخەکەی دار گوێزی تیا بووە تەمەنی شەست ساڵ بووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بێ بەزەییانە هەموی لەناو برد. دەربارەی بۆردومانەکانیش بە ئێمەی ڕاگەیاند: "فڕۆکەی تورکیا ساڵی پار ١٠ موشەکی لە باخەکەی مندا، هەمو دار و درەختەکانم لە بنەوە هەڵتەکین و باخەکەم وێران بوو، من سەیرم پێدێت لەسەر ئەم بارودۆخەى ئێمە هیچ لایەنێک هەڵوێستی نییە".

هەروەها وتیشی:" لەبەر فڕۆکەی تورکیا ژیانمان نەماوە لێرە، تەنانەت لەم دەقەیەش، کە قسەی تیا دەکەین فڕۆکە جەنگییەکان دەسوڕێنەوە لەسەر سەرمان، سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرن و پاشان فڕۆکەی جەنگی لە ناکاو دێت و بۆردومانمان دەکات. فڕۆکەکان کاریگەرییان لەسەر دەرونیشمان دروستکردووە بە جۆرێک خەڵکمان هەیە لەناو گوند هەر گوێی لە دەنگی فڕۆکە بێت یەکسەر دەبورێتەوە".

حاجی حەسەن و هاوژینەکەی یەک لەو خێزانانەن، کە ناتوانن باخەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، چونکە مەترسیی بۆردومانیان لەسەرە، وەک خۆیان دەڵێن، ئەوەی لە بناری قەندیلە هیچ ئومێدێکی نییە کە کاتژمێرێکی دیکە بژیت، کەسیش پلانی سبەینێی نییە بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە.

 حاجی حەسەن دەڵێت:" نزیکی شەش بۆ حەت ساڵە دەوڵەتی تورکیا بە چڕی ئەم ناوچەیە بۆردومان دەکات، لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەتی تورکیا زیانی پێمان گەیاندووە. تورکیا مەبەستی لە پەکەکە نییە کاتێ بۆردومان دەکات، چونکە هەمو خەڵکی ئەم ناوچەیە زەرەر مەد بوونە لەو بۆردومانانە و تەنانەت چەندین خەڵکی گوندەکەشی کردوەتە ئامانج. ٢٤ کاتژمێر فڕۆکە لەسەر سەرمانە و هیچ حەوانەوەیەکمان نەماوە بە دەستی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیاوە".

ژ.ت