بنەماڵەی شەهید ئارام کەرکوکی: شانازی دەکەین کە خاوەن شەهیدین

ئەمڕۆ لەشاری کەرکوک یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید محەمەد نەزار ناسراو بە ئارام کەرکوکی بەڕێوەچوو،بنەماڵەی شەهیدیش دەلێن: شانازی بە شەهید بوونی ئارام دەکەین.

شەهید محەمەد نەزار ناسراو بە ئارام کەرکوکی ، لە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە لەبەرخۆدانێکی قارەمان و شکۆمەندانە دژی داگیرکەری دەوڵەتی فاشستی تورک و چەتەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوو، دوێنێش لە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی پیرۆزی شەهید محەمەد نەزار ناسراو بە ئارام کەرکوکی لە گۆڕستانی تۆپزاوا لە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا، ئەمڕۆش لە شاری کەرکوک یەکەم ڕۆژی پرسەکەی بەڕێوەچوو لە گوندی تۆبزاوا لە باشوری شاری کەرکوک.

دەربارەی بەشدار بوونی شەهید ئارام کەرکوکی لە بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان، مامۆستا یوسف عومەر مامی شەهید ئارام بەناوی بنەماڵەی شەهیدەوە بە ئاژانسی هەوالی فوراتی (ANF )ڕاگەیاند: "لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆر و کۆمەڵکوژیەی دەوڵەتی فاشستی تورک دژی گەڵەکەمان ئەنجامی دەدا لە رۆژئاوای کوردستان شەهید ئارام کەرکوکی بریاریدا بەشداری بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان بێت دژی دەوڵەتی فاشستی تورک."

هەروەها مامۆستا یوسف عومەر ڕایگەیاند: "شەهید ئارام کەرکوکی ماوەی ساڵێک و سێ مانگە لە رۆژئاوای کوردستان لە هەموو سەنگەرەکانی بەرخۆدان بەشداربووە، دواجار لە ٢٠ی ئۆکتۆبەر شەهید بوو، ئێمە وەکو بنەماڵە و کەس وکاری شەهید  ئارام کەرکوکی، مایەی سەربەرزیە بۆ بنەماڵە و عەشیرەتەکەمان عەشیرەتی شوان کە خاوەن شەهیدێکی وەکو شەهید ئارام کەرکوکی-ین و شانازی بە شەهیدەکەمانەوە دەکەین."