بڕیاری گرتنی کشاناک و تونجەل درێژ کرایەوە

دانیشتنی دادگایی هەر یەک لە گولتان کشاناک و سەباحەت تونجەل بەڕێوە چوو. لە دانیشتنی دادگاییەکەدا، بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی گرتنی هەر یەک لە گولتان کشانانک و سەباحەت تونجەل درا و دادگاییەکە دوا خرا.

دانیشتنی دادگایی هەر یەک لە گولتان کشاناک هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد و سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی پێشووی دەبەپە بەڕیوە چوو. دانیشتنی دادگاییەکە لە پێنجەمین دادگای سزا قورسەکانی مەلەتی بەڕێوە چوو.

کشاناک و تونجەل بە ریگای سیستمی دەنگ و رەنگ لە گرتووخانەی کۆجا عەلییەوە بەشداری دانیشتنی دادگاییەکە بوون.

تونجەل لە چوارچێوەی مافی قسەکردندا، پیرۆزبایی ٨ی ئازاری کرد و وتی:"تا ئەو رۆژەی ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگاش ناگات بە ئازادی. یەکێک لە هۆکارەکانی جێگیرکردنی قەیومەکان لە پۆستی شارەوانییەکان، قبوڵنەکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتیە. ژنان وەکو هەڕەشە دەبینن و بە تایبەت ژنانی کورد دەبن ئامانجی پەلەمارەکانیان."

دواتر گولتان کشاناک قسەی کرد و ئەویش پیرۆزبایی ٨ی ئازاری کرد و داوای لە لیژنەی دادوەرانی دادگاکە کرد کە خۆی راستەوخۆ بەشداری لە دانیشتنی داهاتووی دادگاییەکە بکات.

لیژنەی دادگاش بڕیاریدا تونجەل و کشاناک دەستبەسەر بمێننەوە و دانیشتنی دادگاییەکەش دواخرا بۆ ١٣ی مانگی نیسان.

ز.ش