بۆ ئەوەی PKK لە میسر بە فەرمی بناسرێت داوایەک پێشکێشی دادگای ئەو وڵاتە کرا
لە چوارچێوەی داوایەکی یاساییدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئابوریی نێوان میسر و تورکیا، هاوکات داوای ناسینی پارتی کرێکارانی کوردستان- PKKلە وڵاتی میسر کرا.
لە چوارچێوەی داوایەکی یاساییدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئابوریی نێوان میسر و تورکیا، هاوکات داوای ناسینی پارتی کرێکارانی کوردستان- PKKلە وڵاتی میسر کرا.
لە وڵاتی میسر کەسێک بە ناوی مەجید ئەلکوردی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی ئابۆریی نێوان میسر و تورکیا، لە قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە داوایەکی یاسایی لە دادگا تۆمار کرد.
ئەلکوردی لە چوارچێوەی تۆمارکردنی ئەو داوایەدا، بە شێوەیەکی نووسراو رایگەیاندووە:" بە هۆی ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو پەیمانەدا تەنها تورکیا لە رووی ئابورییەوە سوودێکی گەورە لێ دەبینێت، هاوکات کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئابوری میسر دروست کردووە. تورکیا ئەو پارەیەی لە میسر دەستی دەکەوێت، دەیدات بە چەک و تەقەمەنی و هاوکاری گروپە تیرۆریستەکان دەکات. بۆیە داوا دەکرێت میسر ئەو پەیمانە ئابۆرییەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی هەڵوەشێنێتەوە."
لە داوا یاساییەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، ئەردۆغان جگە لەوەی لە دژی عەرەب شەڕ دەکات، هەروەها دژایەتی گەلی کوردیش دەکات. بۆیە لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان کورد و وڵاتی میسر پەیوەندییەکی دێرینە و دەوڵەتی میسر هەمیشە یارمەتیی کوردی داوە.
ئەلکوردی لە داواکەیدا باس لەوەش دەکات کە لە بەلجیکاش بڕیار درابوو کە پەکەکە پارتێکی تیرۆرست نییە، بەڵکو بۆ بەدەستخستنی مافە رەواکانی دەجەنگێت.
هەروەها داوای ئەوەش لە دەوڵەتی میسر کراوە کە وەک بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا بکات و وەک خۆی قبوڵی بکات، پێویستە لە دادگا بڕیاری ئەوە بدرێت کە بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دابنرێت و نووسینگەیەکی تایبەتیش بۆ پەکەکە بکرێتەوە.
لەم چوارپێوەیەدا دادگا ئەو داوایەی قبوڵ کردووە و بڕیاری داوە لە ١٠ی مانگی شوباتی ئەمساڵ دانیشتنی تایبەت بەم داوایە بەڕێوە بچێت.
ز.ش