بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر ١٠ هەزار واژۆ لە باشووری کوردستان کۆکرایەوە

رێکخراوی ژیانەوەى گەنجان لەبارەی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە باشووری کوردستان کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان رێکخست و رایانگەیاند، لە هەڵمەتەکەیاندا تاوەکو ئێستا نزیکەى ١٠ هەزار واژۆیان کۆکردووتەوە.

 رێکخراوی ژیانەوەى گەنجان لە پارکی نالی لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان لەبارەى کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە خاکی باشووری کوردستان رێکخست. رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەى ١٠ هەزار واژۆیان کۆکردووەتەوە و پەرلەمانتاران و ئەندامانی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.

راگەیاندراوەکە لەلایەن هاوڕێ مەلیک خوێندرایەوە و هاوڕێ رایگەیاند،  ئامانجیان لە کۆکردنەوەى واژۆکان بۆ ئەوەیە پەیامی گەلەکەمان لە دژی داگیرکەری بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بگەیەنین. ئێمە دەمانەوەێت ئەوان ئاگادار بکەینەوە، کە گەلەکەمان بە هیچ شێوەیەک داگیرکەریی دەوڵەتى تورک قبوڵ ناکات. پێویستە لە ماوەیەکى زۆر کەمدا گوێ لە داواکانی گەلەکەمان بگیرێت. بڕیاری دەرکردنی سوپای تورک بدەن و سەروەریی خاکەکەمان بپارێزن.

هاوڕێ داوا لە هەموان کرد بەشداری کەمپەینەکە ببن و وتی، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە داوا لە هەموو کەس و لایەنە وڵاتپارێزەکان دەکەین، خاوەنداری لەم هەڵمەتە بکەن. پشتگیریی خۆیان بخەنەڕوو تاوەکو ئێمە بتوانین پێکەوە گوشارێکى جەماوەری بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر دروست بکەین. بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و عێراق، رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنیش بەشدارییان لە کەمپەینەکەدا کردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەى ١٠ هەزار واژۆمان کۆکردوەتەوە.

کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە خاکی باشووری کوردستان ماوەى چەند رۆژێکە لەلایەن گەنجانی وڵاتپارێزەوە لە بناری قەندیلەوە دەستیپێکردووە و رۆژ لە دواى رۆژ سنووری هەڵمەتى کۆکردنەوەى واژۆکان زیاتر دەکەن تاوەکو هەموو چین و توێژ و هاووڵاتییانی کوردستان بەشداریی تیادا بکەن.

ژ.ت