بۆ پاراستنی هونەری مەقام بێژی لە کەرکوک خولێکی مەقام بێژی کرایەوە

لە شاری کەرکوک بۆ پاراستنی هونەری مەقام بێژی لە نەمان، ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بێژی خولێکی کردەوە بۆ فێربوونی مەقام.

ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بێژی بە هاوکاریی سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک هەستا بە کردنەوەی خولێکی سێ مانگی بۆ هەموو نەتەوەکانی شاری کەرکوک بۆ فێربوونی مەقام بێژی. لە خولەکەدا زیاد لە ٢٠ کەس بەشدار بوون لە کورد و عەرەب و تورکمان، ئەم خولە بۆ فێربوونی مەقام بێژیە کە شاری کەرکوک بە پایتەختی مەقام ناسراوە، بە کردنەوەی ئەمجۆرە خولانە هەوڵدەردرێت کە پاریزگاری لە هونەری مەقامبێژی بکرێت.

نورەدین جاف سەرۆکی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، دەربارەی مێژووی مەقام بێژی لەشاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "مێژووی مەقام بێژی لە شاری کەرکوک و ناوچەی گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵانی ١٧٠٠کان و زۆر دوور تریش، لە ساڵانی ١٨٠٠کان لەناوچەکانی لەیلان و هەفتەغاری سەر بە کەرکوک زۆر مەقام بێژی تێدا بووە، کە مەلا وەلی یەکێک بووە لە مەقام بێژە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. هەروەها لە ساڵانی ١٩٠٠کان مامۆستا عەلی مەردان پەیدابوو و پاشان سەڵاح داودە و حوسێن عەلی پەیدابوون، بۆیە دەتوانین بڵێین مێژووی مەقام بێژی لە کەرکوک زۆر کۆنە وە دەتوانین بڵێین کەرکوک پایتەختی مەقام بێژیە."

هەروەها نورەدین جاف دەربارەی ئامانجی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام و کردنەوەی ئەم خولە ڕایگەیاند: "ئێمە وەکو ناوەندی عەلی مەردان بە هاوکاریی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک بە ئەرکی خۆمانمان زانی کە ئەم خولە بکەینەوە بۆ ئەوەی پەرە بەو مەقامە ڕەسەنانەی کورد بدەین و پیانپارێزین، چونکە ئەم مەقامە ڕەسەنە کوردیەکان نەوە بە نەوە گواستراوەتەوە بۆمان ئێمەش ئەرکی سەر شانمانە کە ئەم نەوانە فێری ئەو هونەرە ڕەسەنە بکەین تا بتوانن ئەوانیش بیگوازنەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان."

لە کۆتایدا نورەدین جاف وتی: "ئەم خولە ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت و زیاد لە ٢٠ قوتابی بەشدارن. هیوادارین ئەم قوتابیانە سوود لەم زانیارییانە وەرگرن تا ببنە مامۆستای مەقام بێژی بۆ ئەوەی نەوەکانی دوای خۆیان بەشیوازێکی ئەکادیمی فێربکەن."

ژ.ت